هۆكار سەرئێشەی منداڵ چییە و چۆن دەیپارێزی؟

:: PM:04:48:05/04/2021 ‌

زۆرجار وا سەیری سەرئێشە دەكرێت نیشانەیەكە بۆ حاڵەتێكی نائاسایی نەخۆشی یان كاتی كە دوای ماوەیەك نامێنێت، بەڵام پێویستە بزانرێ كە سەرئێشتە لە منداڵانیش لە تەمەنی جیاوازدا تووشی دێنەوە، رەنگە نەتوانن یان نەزانن چۆن باسی ئازارەكەی بكەن، بۆیە پێویستە گەورەكان چاودێریان بكەن لە حاڵەتی هەستكردنیان بە ئازار.

بەپێی ئامارەكان یەكێك لە پێنج منداڵ تا تەمەنی رواڵیدا و لە كاتی خوێندن ئەگەری تووشبوونیان بە سەرئێشە هەیە، دیاترین جۆری سەرئێشە لە منداڵ سەرئێشەی رارایی و نیگەرانییە، هەروەها 5%ی منداڵان بەدەستی شەقیقەوە دەناڵێنن، لەوانە لە تەمەنی چوار ساڵیدا، باشترین چارەسەریش ئەوەیە منداڵەكە ببەیتە لای پزیشكی شارەزا بۆ دڵنیابوونەوە لە هۆكاری سەرئێشەكە.
سەرئێشەكە زیاتر لە 12 سەعات بەردەوام بوو سەردانی پزیشك بكە
چەند هۆكارێك بۆ سەرئێشەی منداڵ هەیە، لەوانە ماندووبوون و رارایی دەروونی و كێشە لە بینین، بۆیە پێویستە پشكنین بۆ چاوەكانی بكەیت، هەروەها چەند نەخۆشی و هەوكردنێك وەك سەرمابردوویی و ئینفلەوەنزا و هەوكردنی گوێ و كەڵێنەكانی لووت، بەركەوتنی گورز بە سەر و مێشك، نیگەرانی و رارایی و خەمۆكی و لەدەستدانی یەكێك لە باوان یان گواستنەوە بۆ شوێنێكی نوێ، هۆكاری بۆماوەیی وەك شەقیقە، چەند جۆرێك خواردن و خواردنەوە و بوونی كێشە لە مێشك وەك گرێ یان خوێنبەربوون، كەم خواردنەوەی ئاو و شلەمەنی و خۆراك، زۆر چوونە بەر تیشكی خۆر و هەوكردن و كلۆربوونی ددان و هەوكردنی گوێچكەی ناوەند و كەڵێنی لووت. 

بۆ پاراستنی منداڵەكەت لە سەرئێشە هەوڵ بدە شێوازێكی تەندروستی ژیانی بۆ دابین بكەیت، وەك كاتی گونجاو بۆ نوستن و وەرزشكردن و خواردن و خواردنەوەی تەندروست و خواردنەوەی بڕی گونجاوی ئاو و دووركەوتنەوە لە كافایین، هەورەها دووركەوتنەوە لەو شتانەی منداڵ تووشی رارایی دەكات و نەهێشتنی هۆكاری خەمۆكی، بەڵام ئەگەر سەرئێشەكە زیاتر لە 12 سەعات بەردەوام بوو، پێویستە سەردانی پزیشك بكەیت، بەتایبەتی ئەگەر ئەو نیشانانەیشی هەبوو، لەدەستدانی هەستی بینین، رشانەوە لاوازیی ماسولكە و تا و رەقبوونی مل و هەر شتێك شەوانە لەخەو هەڵی بستێنێت، ئاواری پشتی سەر.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل