جیاوازی نێوان نیشانەكانی كۆرۆنا و هەستیاری و وەرگرتنی ڤاكسین

:: PM:06:02:05/04/2021 ‌

تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا چەند نیشانەیەكی خۆی هەیە كە جیای دەكاتەوە لە حاڵەتەكانی تر وەك هەستاریی وەرزی كە زۆر كەس پێوەی دەناڵێنن، هەروەها وەرگرتنی ژەمی ڤاكسین، كە ئەوەیش تا ماوەیەك نیشانە لەسەر مرۆڤ دروست دەكات، ئێستە پەتای كۆرۆنا و هەستیاری و نیشانەی وەرگرتنی ڤاكسین تێكهەڵكێشن، بەڵام چۆن لە یەكتریان جیا دەكەیتەوە؟
نیشانەكانی وەرگرتنی ڤاكسین دوای 24 بۆ 36 سەعات نامێنێت
رەنگە جیاكردنەوەی ئەوانە تۆزێك سەخت بێت، تۆڕی هەواڵی "فۆكس نیوز"ی ئەمەریكی لە جۆن وایت، پزیشكی ناوداری گواستەوە كە هەندێك جیاوازیی سەرەكی لەنێوانیاندا هەیە، ئەو پزیشكە كە بەرپرسێكی باڵایە لە ماڵپەڕی چاودێری تەندروستی "WebMD"، دەڵێت، زۆرجار هەستیاری تا دروست ناكات، بەڵام وا دەكات مرۆڤ هەست بە خوران و هەوكردن لە چەند ناوچەیەكی لەشی بكات، بۆیە ئەوە جیاوازی سەرەكییە لەنێوان هەستیاری و تووشبوون بە كۆرۆنا كە تا نیشانەیەكی سەرەكیەتی.

زیاتر گوتی، زۆرجار پەتای ڤایرۆسی تووشی لەرز و تات دەكات و زۆر شەكەت و ماندووت دەكات، لەوكاتەی هەستیاری نابێتە هۆی ماندووبوون و شەكەتی زۆر، هەستیاری تووشی هەناسەتەنگی و سكچوونت ناكات، لەوكاتەی ئەوانە نیشانەی كۆرۆنان.

لای خۆیەوە سەنتەری ئەمەریكی بۆ كۆنترۆڵكردنی نەخۆشییە پەتاییەكان و خۆپاراستن لێی ئاشكرای كرد كە چەند جیاوازییەك لەنێوان هەستیاری و تووشبوون بە كۆرۆنا هەیە، رەنگە هەردووكیان كۆكە و هەناسەتەنگی و ماندووبوون و سەرئێشە و هەوكردنی قورگ و سوورهەڵگەڕانی و هاتنەخوارەوەی ئاوی لووت دروست بكەن، بەڵام لە حاڵەتی كۆرۆنا لەرز و تا و ئازاری ماسولكە و لەدەستدانی هەردوو هەستی چێژ و بۆنكردن و هێڵنج و سكچوون زیاتر باوە.

هەرچی نیشانەكانی دوای وەرگرتنی ڤاكسینە، وایت دەڵێت، لە نیشانەكانی ئازار لە قۆڵ و ماندووبوون و هەندێكجاریش سەرئێشە، بابەتەكە پێوەستە بە كاتەوە، ئەو نیشانانەی دوای وەرگرتنی ڤاكسین دوای چوار سەعات دەردەكەون و دوای 24 بۆ 36 سەعات نامێنن، لەوكاتەی لە هەستیاری و تووشبوون بە كۆرۆنادا لەو ماوە زیاتر دەمێننەوە، بۆیە ئەوانەی گومانیان هەیە دەتوانن پشكنینی ئاشكراكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا بكەن و دڵنیا ببنەوە.     
 


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل