هەزار و 800 سزادراو لە گرتووخانەیەك هەڵاتن

:: PM:12:10:06/04/2021 ‌
لە گرتووخانەیەكی نایجریا، هەزار و 800 كەس لە سزادراوان كە حوكمی كورتخایەن و درێژخایەنیان هەبووە، توانیان خۆیان رزگار بكەن و هەڵاتنەكەش بە هاوكاری گرووپێكی چەكداری جوداخواز بووە.

گرووپێكی چەكدار پێشتر هاوئاهەنگییان لەگەڵ بەشێك لە سزادراوان هەبووە، لە كاتێكی دیاریكراودا هێرش دەكەنە سەر گرتووخانەكە و بە تەقاندنەوەی دەرگای سەرەكیی گرتووخانەكە، دەتوانن سەرجەم سزادراوان رزگار بكەن.

تەنیا شەش كەس دوای هەڵاتن خۆیان رادەستی پۆلیسی وڵاتەكە كردووەتەوە


لە هەموو ئەو سزادراوانە كە ژمارەیان هەزار و 800 كەس بووە، تەنیا شەش كەس دوای هەڵاتن خۆیان رادەستی پۆلیسی وڵاتەكە كردووەتەوە، 35 كەسی تریش هەر لە گرتووخانەكە مابوون و لەگەڵ هەڵاتووەكان نەبوون.

بە گوتەی  پۆلیسی نایجریا، گرووپی جوداخوازی بیافرا دەستی لەو هێرشەدا هەبووە، بەڵام گرووپەكە ئەم تۆمەتەی رەت كردووەتەوە. 

فەرمانگەی گرتووخانەكانی نایجریاش ئاماژەی داوە، بە گشتی هەزار و 844 كەس لە گرتووخانەكە هەڵاتوون  و پۆلیس دەستی بە لێكۆڵینەوە كردووە و لە هەوڵی ئەوەدایە، بتوانێ دووبارە ئەوانە بگرێتەوە كە هەڵاتوون.

ئەو گرووپەی هێرشەكەی كردووە، چەكی قورسیان پێ بووە

بەگوێرەی بی بی سی، ئەو گرووپەی هێرشەكەی كردووە، چەكی قورسیان پێ بووە و بە پاس و پیكاب  هەڵیانكوتاوەتە سەر گرتووخانەكەوە.

محەمەد بوهاری سەرۆك كۆماری نایجریا ئەو هەنگاوەی بە كارێكی تیرۆریستی هەژمار كردووە . ئەو داوای هەرچی زوو گرتنی ئەو كەسانەی كردووە كە هەڵاتوون.



وشە - سلێمان تاشان