دوای ئه‌وه‌ی هاووڵاتییه‌ك له هه‌ولێر به جلوبه‌رگی ژنانه‌وه سواڵی ده‌كرد، له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه گیرا و ڕووبه‌ڕووی یاسا كرایه‌وه.
ئه‌مڕۆ سێشه‌م شه‌شی نیسان، ڕائید هۆگر عه‌زیز گوته‌بێژی پۆلیسی هه‌ولێر، به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، "به‌شی پۆلیسی نه‌هێشتنی تاوان، نووسینگه‌ی ڕۆژهه‌ڵات، دوای چاودێرییه‌كی وردی كه‌سێك كه به جلوبه‌رگی ژنانه‌وه ده‌رۆزه‌ی ده‌كرد، توانییان ناسنامه‌كه‌ی ئاشكرا بكه‌ن به ناوی (ش.ع.ب) و ده‌ستگیری بكه‌ن، ئه‌و پیاو بوو و خۆی كردبووه ژن و ده‌رۆزه‌ی به سێ له خوشكه‌زاكانی ده‌كرد."
گوته‌بێژی پۆلیسی هه‌ولێر ئاماژه‌ی كرد، "تۆمه‌تباری ئاماژه‌پێكراو، ددانی نا به تاوانه‌كه‌یدا كه ماوه‌یه‌كه ئه‌م كاره له‌سه‌ر پردی په‌ڕینه‌وه‌ی پیاده‌ی نزیك بازاڕی له‌نگه ده‌كات، سێ خوشكه‌زایشی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته به‌كار هێناون".
ڕائید هۆگر عه‌زیز گوتی، ئه‌و پیاوه‌ی به جلوبه‌رگی ژنانه‌وه سواڵی ده‌كرد له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه گیرا، به بڕیاری دادوه‌ر و به‌پێی ماده‌ی 90 له یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوه.
له پارێزگای هه‌ولێر ئه‌و ڕووداوانه‌ی پێوه‌ندییان به توندوتیژیی خێزانی و فێڵكردنه‌وه هه‌یه، تاوانباران ناتوانن له ده‌ست پۆلیسی شاره‌كه خۆیان حه‌شار بده‌ن، به زووترین كات له‌لایه‌ن ده‌زگا ته‌ناهییه‌كانه‌وه ڕووبه‌ڕووی دادگا و یاسا ده‌كرێنه‌وه.