رێككەوتنی ئەتۆمی.. ئەمەریكا چاوەڕوانی سەرۆكی داهاتووی ئێران دەكات

:: PM:04:52:06/04/2021 ‌

بڕیارە ئەمڕۆ سێشەم لە ڤیەنا كۆبوونەوەیەكی ئێران و وڵاتانی بەشدار لە گفتوگۆكانی رێككەوتنی ئەتۆمی ئێران جگە لە ئەمەریكا بەڕێوە بچێت، رۆژنامەیەك باسی ئەوە دەكات كە چارەنووسی رێككەوتنەكە چاوەڕوانی سەرۆكی نوێی ئێران دەكات، كە لەماوەی ئەمساڵدا دێتە هەڵبژاردن.

لەوەتەی جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمەریكا لە 20ی كانوونی دووەمی رابردووە دەسەڵاتی لە كۆشكی سپی وەرگرت، تا ئێستە ئەوەی لە دۆسیەی ئێران هەیە دوو ئاراستەیە، یەكەم گفتوگۆی ناراستەوخۆ بۆ رێخۆشكردن بۆ گفتوگۆی ئاشكرای هەردوو وڵات، دووەم هەوڵی بەهێزكردنی كارتی دەستی هەریەكەیان و لێدوانی بەرپرسانیان و هەڵسوكەوتی نەیار و گوشار بۆ یەكتر، لەوانە ئەمەریكا مەرجی ئێران قبووڵ ناكا و سزاكانیش لانابات، ئێرانیش پیتاندنی یۆرانیۆم زیاد دەكا و دەیەوێ ئەمەریكا هەموو سزاكانی لەسەر لابدات بۆ گەڕانەوە بۆ پابەندییەكانی بە رێككەوتنەكە.
گفتوگۆی ناراستەوخۆ لەگەڵ ئێران لە ئایاری داهاتوو كۆتایی دێت
ئەمەریكا پێشبینی دەكات گفتوگۆی سەرەتایی و ناراستەوخۆی لەگەڵ ئێران تا كۆتایی مانگی ئایاری داهاتوو كۆتایی بێت، رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"، ئاماژەی كرد، ئەمەریكا چاوەڕوانی سەرۆكی نوێی ئێرانە بۆ گەڕانەوەی بۆ ناو رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ تاران لە ئەیلوولی داهاتوو، واشنتن پێشبینی دەكات گفتوگۆی ناراستەوخۆی لەگەڵ ئێران لە كۆتایی ئایاری داهاتوو بەكۆتابێت.

رۆژنامەكە ئاماژە دەكات، پێشێلكردنی ئێران بۆ پابەندییەكانی بۆ رۆژئاوا بەپێی رێككەوتنی ئەتۆمی، بەتایبەتی لەبارەی بەرهەمهێنانی یۆرانیۆم كە دەچێتە پێكهاتەی چەكی ئەتۆمییەوە، گومان و پرسیار لەبارەی سووربوونی تاران دروست دەكات، كە بەبەردەوام دووپات لەوە دەكاتەوە هەوڵی دروستكردنی چەكی ئەتۆمی نادات.

رۆژنامەكە روونی كردەوە، لەوەتەی ئەمەریكا لە رێككەوتنی ئەتۆمی كشاوەتەوە، دەسەڵاتدارانی ئێران ئەمبارێكیان لە یۆرانیۆمی ئاست نزمی پوختكراو كۆ كردووەتەوە، كە بڕەكەی دەگاتە دوو هەزار و 968 كیلۆگرام، واتە 14 جار زیاتر لە بڕی رێگەپێدراو بە پێی رێككەوتنی ئەتۆمی، وەك راپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە شوباتی رابردوو باسی كردووە.

لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ڤیەنا كە وڵاتانی واژووكار لەسەر رێككەوتنی ئەتۆمی لەوانەیش ئەمەریكا، تاوتوێی گەڕانەوەی واشنتن بۆ ناو رێككەوتنەكە دەكەن، هەروەها پاشەكشەكردنی تاران لە هەنگاوەكانی كە پێشێلی پابەندبوونی بە رێككەوتنەكە دەكات، جگە لە لابردنی سزاكان لەسەری، نید برایس، گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا دوێنێ گوتی، قەبارەی كێشەكانی بەردەممان كەم ناكەینەوە، ئەوە رۆژەكانی یەكەمە و پێشبینی ناكەین بەو خێراییە كێشەكان چارەسەر بن و پێشبینی دەكەین گفتوگۆكان سەخت بن.

لای خۆیەوە سەعید خەتیب زادە، گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتبووی، لە كۆبوونەوەی لیژنەی رێككەوتنی ئەتۆمی لە ڤیەنا، تاران لیستێك بەو سزایانە پێشكەیش دەكات كە پێویستە لەسەر ئێران لابدرێن، ئێمە پێشنیازی كاركردنمان هەنگاو بەرانبەر بە هەنگاو نەكردوو،ە وەك ئەوەی واشنتن دەیەوێت، بەڵكو دەمانەوێ هەموو سزاكان لابدرێن، هاوكات هەر گفتوگۆیەكی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریكا رەت دەكەینەوە. 

لەگەڵ دەست پێكردنی كۆبوونەوەكانی ڤیەنا لەنێوان شاندی رۆژئاوا، كە تاوتوێی گەڕانەوەی واشنتن و تاران بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی دەكەن، بەر لەوەی دوای ئەوە نوێنەرانی، بەریتانیا و فڕەنسا و رووسیا و چین و ئەڵمانیا، لەگەڵ ئێران كۆببنەوە و باسی مەرجی گەڕانەوەی بۆ ناو رێككەوتنەكە دەكەن، حكوومەتی ئێران رای گەیاند كە لەبارەی ئەنجامی كۆبوونەوەكە گەشبین و رەشبینیش نییە، كاتێك عەلی رەبیعی، گوتەبێژی حكوومەت بە رۆژنامەوانانی راگەیاند، ئێران گەشبین و رەشبین نییە لەبارەی ئەنجامی گفتوگۆكان، بەڵام باوەڕی بەوە هەیە لەسەر رێڕەوێكی راستە بۆ زیندووكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمی 2015.  

روونی كردەوە، ئەگەر ئەمەریكا سەلماندی كە ویست و رژدی و راستگۆیی هەیە، رەنگە ئەوانە ئاماژەی ئەرێنی بن بۆ داهاتوویەكی باشتر بۆ رێككەوتنەكە و جێبەجێكردنی، ئەمڕۆ هەنگاوی نوێ لەسەر رێگای زیندووكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمی دەبینین، دووپاتی كردەوە، هیچ بژارەیەكی تر نییە جگە لە زیندووكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمی و گەڕانەوەی لایەنەكان بۆ پابەندییەكانیان، بۆیە باوەڕمان بەوە هەیە سزا تاكلایەنەكان لادەچن و پێشێلكاریی رێككەوتنە نێودەوڵەتییەكان نامێنن.  

لای خۆیەوە نەبیلە مسرلی، گوتەبێژ بەناوی یەكێتی ئەوروپا پابەندیی یەكێتییەكەی بە گەڕاندنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمی بۆ رێڕەوی راستی خۆی راگەیاند، ئەو لە بروكسڵەوە گوتی، كۆبوونەوەی ڤیەنا ئەو سزایانە دیاری دەكات كە لەسەر تاران لادەبرێت، هەروەها ئەو پابەندیانەی پێویستە پێوەیان پابەند بێتەوە.

چاودێران پێیان وایە ئەوەی پرسی دەست پێكردنەوەی گفتوگۆكانی لەبارەی رێككەوتنی ئەتۆمی ئێران گەرم كردووە، چەند هۆكارێكن، ئەگینا ئەمەریكا ئاماد نییە و رەنگە جۆ بایدن نەتوانێت بەو ئاسانییە هەموو سزاكانی سەر ئێران لابدات و لەبەرژەوەندیشی دا نییە، لەلایەك بایدن بەڵێنی گەڕانەوەی بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی داوە و دەبێت پێوەی پابەند بێت، لەلایەكی تر بۆ ئەوەی ئێران پابەندییەكانی بە سنوورداركردنی پیتاندی یۆرانیۆم دەست پێ بكاتەوە و چاودێری ئاژانسی وزەی ئەتۆمی بكەوێتەوە سەر وێستەگانی، پێویستە گفتوگۆكان دەست پێ بكەنەوە.

چەندان هۆكاری تر هەن وا دەخوازن ئەمەریكا هەوڵی گۆڕینی رێككەوتنەكە بدات بۆ شێوەیەك كە هاوپەیمانەكان لە ناوچەكە، بەتایبەتی ئیسرائیل و سعوودیە رازی بكات و ترسی ئەوان بڕەوێنێتەوە، لەوانە بەستنەوەی لابردنی سزاكان بە چارەسەركردنی كێشەی یەمەن بۆ سعوودیە و نەهێشتنی بوونی سەربازیی ئێران لە سووریا و لاوازكردنی لە عێراق بۆ دڵنیاكردنەوەی ئیسرائیل، بۆیە هەموو ئەوانە ئاماژەن بۆ ئەگەری دوورودرێژیی گفتوگۆكان، بابەتەكەیش پێوەستە بە ئیدارەدانی دۆخەكە و بینین زیاترین سوود لێی. 
   


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل