بەر لە گفتوگۆی ستراتیجی قائانی سەردانی عێراقی كردووە

:: PM:06:42:06/04/2021 ‌

بڕیارە سبەی چوارشەم سێیەم گەڕی گفتوگۆی ستراتیجی لەنێوان عێراق و ئەمەریكا بەڕێوە بچێت، یەكێك لەو بابەتانەی ئێران و هێزە شیعەكان دەیانەوێ بیەخەنە بەرباس، چوونەدەرەوەی هێزەكانی ئەمەریكایە لە عێراق، بەپێی سەرچاوەكان ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران سەردانی عێراقی كردووە و چاوی بە ژمارەیەك كەسایەتی باڵای سیاسی و میلیشیاكان كەوتووە.

سەرچاوەیەكی سیاسی ئاماژەی كردووە كە قائانی گەیشتووەتە عێراق بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ سەرانی میلیشیاكان و ژمارەیەكی سەرانی سیاسی، لەوكاتەی ئەو سەردانە سێیەم سەردانی قائانییە بۆ عێراق دوای دەست بەكاربوونی لە پۆستەكەی دوای كوژرانی قاسم سلێمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودس، كە پێشتر لە مانگی ئابی رابردوو چاوی بە مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران و چەند كەسایەتییەكی سەر بە ئێران كەوتبوو، سەردانی دووەمیشی لە تشرینی دووەمی 2020 ئەنجام دابوو.
سەردانەكە دوو رۆژی خایاندووە و بەكۆتا هاتووە
پێشتر و لە دووەم سەردانی قائانی بۆ عێراق، غەزەنفەر بتێخ، سەركردە لە هاوپەیمانی فەتح گوتی، سەردانی قائانی لەسەر داوای حكوومەتی عێراق بووە و فەرمییە، چونكە دوای رووداوەكەی فڕۆكەخانەی بەغدا، دەسەڵاتداران دووپاتی دەكەنەوە كە سەردانی كەسایەتییەكانی ئێران بۆ عێراق راگەیەندراو و فەرمی بێت، مەبەستی سەردانەكەی قائانی گفتوگۆكردنە لەبارەی بوونی سەربازی ئەمەریكا لە عێراق و زانینی هەڵوێستی عێراق و ئاگەداربوون لە دوایین پەرەسەندنی لێكۆڵینەوەكان لەبارەی كوشتنی قاسم سلێمانی.

دوای ئەوەی قائانی ئەمڕۆ سێشەم سەردانەكەی بۆ عێراق بەكۆتا هێنا كە دوو رۆژی خایاندووە، وەك كەناڵی تەلەڤزیۆنی "عالەم"ی ئێرانی باسی كردووە، كەناڵەكە ئاشكرای كرد كە قائانی لە عێراق چاوی بە ژمارەیەك بەرپرسی باڵای عێراق و سەرانی حزب و هێزە سیاسییەكان كەوتووە، ئاماژەی كرد، لەو دیدارانە باسی پەرەسەندنی پێوەندییەكانی هەردوو وڵات و پرسەكانی ناوچەكە كراوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل