نایەڵن شنگال ئاسایی ببێتەوە.. لە سایەی پەكەكەدا برینی ئێزیدییەكان سارێژ نابێت

:: PM:07:55:06/04/2021 ‌

لە دوای 2003وە دەستی دەرەكی بوونێكی بەهێزی لە عێراق هەیە و زۆرجار لە پرسە چارەنووسسازەكاندا بڕیارەكە دوا سات لە دەرەوەی سنوورەكان هاتووە، ساڵی رابردوو هەوڵێك درا بۆ كۆتاهێنان بە نەهامەتی كوردانی ئێزیدی لە رێگەی ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچەكانیان، ئەویش لە چوارچێوەی رێككەوتنێكی مێژوویی هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق، ئەوجارە پەكەكە بووەتە بەربەست.
 
شێخ موزاحم ئەحمەد حوێت، گەتەبێژ یەناوی هۆزە عەرەبییەكانی ناوچە كێشەلەسەرەكان بە "وشە"ی گوت، وا سەیری رێككەوتنی ئاساییكردنەوەی شنگال دەكەین لە لێواری رووخانە، ئەوەیش بەهۆی جێبەجێنەكردنی، حكوومەتی عێراقیش بیر لە دۆخی ژیانی خەڵكی شنگال و ئاوارە و راگوازراوەكانیان ناكاتەوە.
پەكەكە لەلایەن لایەنێكی بەهێزتر لە حكوومەتی عێراقی عێراق پاڵپشتی دەكرێت
زیاتر گوتی، تا میلیشیا نایاساییەكان لەوێ هەبن و دەسەڵات و هێزی خۆیان بسەپێنن و بڕیارەكانی حكوومەت بۆ چۆڵكردنی بارەگاكانیان لە شنگال و پابەندبوونیان بە رێككەوتنەكان رەت بكەنەوە، دۆخەكە ئاسایی نابێتەوە، ئەوانە بەڵگەی روونن كە ئەو میلیشیایانە لەلایەن لایەنێكی بەهێزتر لە حكوومەتی عێراقی عێراق پاڵپشتی دەكرێن، كە ئێران پاڵپشتیان دەكات.

خەریكە جێبەجێنەكردنی رێككەوتنی شنگال دەبێتە كارەساتێكی تر بۆ ئێزیدییەكان، كە ژمارەیەكی زۆریان لە ئاوارەییدا لە كەمپەكان ژیان بەسەر دەبەن، جیا لەو نەهامەتییەی بەدەستی داعش لە 2014 بەسەریان هات، كە تا ئێستە برینەكەیان بەهۆی مانەوەی چارەنووسی ژمارەیەكیان بە نادیاری، سارێژ نەبووە، ئەوان تووشی نائومێدییەكی گەورە دەبنەوە، بەڵام ئەوجارەیان ئەوەی ستەمیان لێ دەكات داعش نییە، بەڵكو گرووپێكی هاونەتەوە و زمانی خۆیانە، ئەوان بوونەتە داردەستی دەرەوە و بۆ بەرژەوەندی و جێبەجێكردنی ئەجیندایەكی دەرەكی، رێگرن لە سارێژبوونی برینی بەشێكی هاونەتەوەی خۆیان.

دوای راگەیاندنی رێككەوتنی شنگال و بەڵێنەكانی حكوومەتی عێراق و هاندانی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان بۆ جێبەجێكردنی، ئێزیدییەكان هیوایەكی زۆریان لا دروست بوو بۆ گەڕانەوە و بەشێكیان گەڕانەوە، بەڵام بەربەست دروستكردن بۆ جێبەجێكردنی بڕگەكانی رێككەوتنەكە لەلایەن پەكەكە و میلیشیا شیعەكانەوە، ئەوانی نائومێد كرد و ئەگەری دووبارە گەڕانەوەیان بۆ كەمپەكان و بەردەوامیی نەهامەتییەكانیان هەیە، ئەو گوتەبێژە دەڵێت، ئێران پاڵپشتی پەكەكە دەكات، ئێمە لە رێگای رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانەوە، لەوانەیش نەتەوە یەكگرتووەكان، كە لایەنی سێیەمە لە رێككەوتنەكە، داوامان كردووە رۆڵیان لە جێبەجێكردنیدا هەبێت.

لەماوەی رابردوو بەشێك لە خەڵكی ناوچە كێشەلەسەرەكان داوایان كرد كە بەهاوشێوەی رێككەوتنی شنگال بۆ ناوچەكانی ئەوانیش رێككەوتن ساز بكرێت، حوێت لەوبارەوە روونی كردەوە، ئەو بابەتە لە كەركووك و خانەقین و دیالەیە، لەو شوێنانە رێككەوتن بكرێت، سەركەوتووە و خزمەت بە هەمووان دەكات، چونكە ئەو ناوچانە زیانیان بەر كەوت و خەڵكەكەی ئاوارە بوون، ئەمڕۆیش كە داوای دەكەن، ژیان و ئاسایشیان بۆ دەگەڕێنێتەوە، بەڵام بە هاوشێوەی شنگال پەكەكە لەوێ بوونی نییە و چارەسەر دەبێت، هەرچی شنگالە بابەتەكە سەختە. 

"ئەگەر كێشەی ئەو ئاوارانە چارەسەر نەكرێت، كوا مافی مرۆڤ و رۆڵی ئەو رێكخراوانە چییە؟، ئاخۆ رێككەوتنەكە تەنیا حوبری سەر كاغەزە، وەك پەكەكە و میلیشیاكان وای دادەنێن"، گوتەبێژی هۆزە عەرەبییەكانی ناوچە كێشەلەسەرەكان وای گوت.

دوای ئەوەی سوپا و حكوومەتی عێراق تا سەرەتای ئەم مانگەیان بۆ چەكدارانی پەكەكە دیاری كرد، بۆ چۆڵكردنی سەنتەری شنگال بەمەبەستی جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئاساییكردنەوەی ناوچەكە، ئەوان چوونەدەرەوەیان رەت كردەوە، بۆیە نیگەرانی لەلایەن خەڵكی ناوچەكە زیاتر بووە، بەوەی چارەنووسی شارەكە و ناوچەكە و ئەوان چی دەبێت؟، سەرچاوە تەناهییەكان ئاماژە دەكەن كە تا ئێستە هەموو گرووپە چەكدارەكان لەناو شنگالن و رەتی دەكەنەوە بچنە دەرەوە.

بەپێی بەیاننامەیەكی خۆبەڕێوەبەری دیموكراتی شنگال سەر بە پەكەكە، ئەوان لە شارەكە ناچنە دەرەوە و ئەو وادەی لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە بۆ چۆڵكردنی شارەكە بۆیان دیاری كرابوو، لەسەر داوای توركیا بووە، هەر لەو بارەوە مەحما خەلیل، قایمقامی شنگال لەبارەی دۆخی ئێستەی شارەكە دەڵێت، دۆخی تەناهیی شنگال زۆر خراپە و گرووپە چەكدارەكان رەتی دەكەنەوە چۆڵی بكەن و وەڵامی سوپای عێراق بدەنەوە.

روونی كردەوە، رێككەوتنی شنگال جێبەجێ نەكراوە و گرووپەكانی سەر بە پەكەكە تا ئێستە لەناو شنگال تەراتێن دەكەن و كۆنترۆڵی دۆخی تەناهی و بڕیاری ئیداری دەكەن، ئەوان گەڕانەوەی دەسەڵاتی شەرعی رەت دەكەنەوە، ئێستە زۆر لە ماڵباتەكان لە سەنتەری شارەكە دەچنە دەرەوە و دووبارە روو لە هەرێمی كوردستان دەكەنەوە، چونكە لە پەرەسەندنی خراپی تەناهی دەترسن، بەتایبەتی كاتێك پەكەكە و گرووپەكانی دەیانەوێ خەڵكی ناوچەكە وەك قەلغانی مرۆیی بەكاربێنن. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل