یەكەم كۆبوونەوەی ڤیەنا لەبارەی رێككەوتنی ئەتۆمی ئێران كۆتایی هات

:: PM:09:26:06/04/2021 ‌

ئەمڕۆ سێشەم كۆبوونەوەی ڤیەنا سەبارەت بە رێككەوتنی ئەتۆمی ئێران بە سەرپەرشتیی یەكێتی ئەوروپا، لەنێوان ئێران وڵاتانی (چوار كۆ یەك)، بەڕێوە چوو، لە چوارچێوەی هەوڵێكی نێودەوڵەتی بۆ زیندووكردنەوەی رێككەوتنەكە و گەڕاندنەوەی هەریەك لە واشنتن و تاران بۆ پابەندییەكانیان. 

كۆبوونەوەكە بێ ئەمەریكا و لەنێوان ئێران و رووسیا و چین و فڕەنسا و بەریتانیا و ئەڵمانیا بەڕێوە چوو و ئەمەریكا تەنیا دیپلۆماتكارێكی بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ وڵاتانی بەشدار لە رێككەوتنەكە جگە لە ئێران رەوانە كردبوو، عەباس عێراقچی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی گفتوگۆكانەوە گوتی، گفتوگۆكانی ئەمڕۆی ڤیەنا بنیاتنەر بوون، بەڵام پێشنیازی لابردنی بلۆككردنی لەسەر ملیارێك دۆلاری ئێرانی بەرانبەر بە كەمكردنەوەی رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم رەت كرایەوە.
هەوڵی زیندووكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمی دەستی پێ كرد
ئەو بەرپرسە كە سەرۆكایەتی شاندی وڵاتەكەی لە كۆبوونەوەكانی ڤیەنا دەكات گوتی، گفتوگۆكانی ئەمڕۆ باش بوو و گەڕی داهاتوو هەر لە ڤیەنا و رۆژی هەینی دەبێت، بەڵام گفتوگۆ لەسەر ئاستی شارەزایان پێش هەینی ئەنجام دەدرێت، بۆ باسكردنی بابەتی لابردنی سزاكانی ئەمەریكا و ئەو رێوشوێنانەی ئەگەری هەیە ئێران وەریان بگرێت. 

عێراقچی دووپاتی كردەوە، ئێران پێشنیازی لابردنی بلۆككردن لەسەر ملیارێك دۆلار لە پارەكانی لەبەرانبەر كەمكردنەوەی رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم بە رێژەی 20% رەت دەكاتەوە.

 لەوكاتەی بەرپرسێكی ئەوروپی بە "رۆیتەرز"ی راگەیاند، كە ئەمەریكا و ئێران و وڵاتانی تر كە واژوویان لەسەر رێككەوتنی ئەتۆمی ئێران كردووە، دەیانەوێ لە ماوەی دوو مانگدا رێككەوتنەكە زیندوو بكەنەوە، بۆیە شاندی هەردوو وڵات ئامادە دەبن، بەڵام لەیەك ژووردا كۆ نابنەوە، میخایل ئۆلیانۆڤ، نوێنەری رووسیا لە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان گوتی، گفتوگۆكانی سەرەتایی بۆ رزگاركردنی رێككەوتنی ئەتۆمی ئێران، كە ئەمڕۆ سێشەم دەستی پێ كرد بەرهەمدار بوو، زیندووكردنەوەی رێككەوتنەكە بەپەلە نابێت و پێویستی بە كاتە، گرنگترین شت ئەوەیە هەوڵی گەیشتن بەو ئامانجە دەستی پێ كرد. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل