ئەحمەدی مەلا نووسەر و شاعیری کورد، شیعری 30 ژنە شاعیری کوردی وەرگێڕایە سەر زمانی فڕەنسی و بڵاوی کردەوە.
Poèmes kurdes au féminin ناونیشانی کتێبە شیعرییەکەیە بە مانای "شیعری ژنانی کورد" دێت، لە شیعری 30 ژنە شاعیر پێک هاتووە و لەلایەن ئەحمەدی مەلا وەرگێڕدراون و کۆکراونەتەوە.
ئەحمەدی مەلا نووسەر و شاعیر و وەرگێڕی کورد، سەبارەت بەم کتێبە بە "وشە"ی گوت: ئەم هەڵمەتە ئەدەبییە وەکو هێڵی هاوتەریب لەپاڵ کچانی رۆژئاڤا هاتووەتە پێشەوە کە بە دڵ و گیان بەرگرییان لە خاک و ئاوی خۆیان کرد.
پێشەکیی ئەم کتێبە لەلایەن نیکۆل بارییەر نووسراوە، هەروەها ژێرار شالیان گەورە نووسەری فڕەنسی دوا لاپەڕەی ڕازاندووەتەوە.
ئەحمەدی مەلا گوتی: زاری هونەرمەند دیزانی بەرگەکەی کێشاوە و لە زنجیرە کتێبی "میللەتان، کەلتوور و ئەدەبی رۆژهەڵات" بڵاو بووەتەوە کە نەزەند بەگیخانی بەڕێوەی دەبات.