به گشتی ماوه‌ی چوار مانگه ڤاكسینه‌كانی دژ به كۆرۆنا دۆزراونه‌ته‌وه و له زۆربه‌ی وڵاته پێشكه‌وتووه‌كان پرۆسه‌كه به خێرایی ده‌ستی پێكرد، هه‌رچه‌نده چین دوای به‌شێك له وڵاتان دوو جۆره ڤاكسینی دۆزییه‌وه، به‌ڵام له ماوه‌ی كه‌متر له سێ مانگ توانیویه‌تی 560 ملیۆن هاووڵاتی وڵاته‌كه‌ی بكوتێت، ئه‌مه‌یش جارێكی تر هه‌مووانی تووشی شۆك كردووه‌ته‌وه.
په‌تای ڤایرۆسی كۆرۆنا زیاتر له 133 ملیۆن هاووڵاتی له سه‌رتاسه‌ری جیهان تووشی بوون و نزیكه‌ی سێ ملیۆن كه‌س گیانیان له ده‌ستدا و 107 ملیۆنیش چاكبوونه‌ته‌وه، هه‌ر سه‌ركه‌وتنی سه‌ره‌تای حكوومه‌تی چین به‌سه‌ر په‌تاكه له شاری وۆهان كه بووه مه‌ڵبه‌ندی په‌تاكه، به‌ڵام له ماوه‌ی 10 ڕۆژ توانرا به ته‌واوی كۆنتڕۆڵ بكرێت، كه ئه‌مه تا ئێسته له هیچ وڵاتێكی تر ڕووینه‌داوه له‌و ماوه كه‌مه شارێكی گه‌وره كه چه‌ندان ملیۆن هاووڵاتی تێیدا بژین به‌و خێراییه كۆنتڕۆڵ بكرێ و به‌سه‌ر په‌تاكه زاڵ بێت.
له ئه‌نجامی هه‌وڵی پزیشك و پسپۆرانی بواری ڤایرۆسناسی ئه‌و وڵاته‌یش توانرا دوو جۆره ڤاكسین به‌رهه‌م بهێنرێت، كه یه‌كه‌میان ساینۆفارم و دووه‌میش ساینوفاك بوو، به خێرایی هه‌ڵمه‌تی كوتان له‌و وڵاته ده‌ستی پێكرد و ڕێژه‌ی به‌رهه‌مهێنانی ڤاكسینه‌كانیش زۆر خێرا و سه‌رسوڕهێنه‌ر بوون، جیا له‌وه‌ی زۆرترین به‌رهه‌می ئه‌و دوو جۆره ڤاكسینه له ناوخۆی چین به‌كارهێنرا، هاوكات چین دیپلۆماسی ڤاكسینیشی گرته‌به‌ر و پێش وڵاتانی ڕۆژئاوا به‌شێوه‌یه‌كی خۆبه‌خش بڕێكی یه‌كجار زۆری ڤاكسینی گه‌یانده وڵاتانی هه‌ژار و دواكه‌وتوو له ڕووی سیسته‌می پزیشكی، وه‌ك ئه‌فریقا و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و وڵاتانی عه‌ره‌بی.
كوتانی ئه‌و ژماره زۆره‌ی خه‌ڵك له‌و ماوه كه‌مه هه‌مووانی تووشی شۆك كردووه
له شوێنی بڵاوكردنه‌وه‌ی ترس و دوودڵی و گومان و دڵه‌ڕاوكێ
چینییه‌كان به ستراتیجێكی ورد و به خێراییه‌كی زۆر ده‌ستیان به هه‌ڵمه‌تی كوتان كرد، دروشمی خۆت بكوته و ئایس كرێمێك بخۆ له نێو شاره‌كان ده‌ستی پێكرد و خه‌ڵكی به ئاسایی و خۆشحاڵییه‌وه سه‌ردانی ناوه‌نده‌كانی كوتانیان ده‌كرد، به‌وهۆیه‌وه توانرا زۆرترین ڕێژه‌ی خه‌ڵكی به ڤاكسینه‌كان بكوترێن، به به‌راورد به وڵاتانی تر، چاوه‌ڕوانیش ده‌كرێ تا كۆتایی مانگی حوزه‌یران/یۆنیۆی ئه‌مساڵ ڕێژه‌ی 40%ی دانیشتووانی ئه‌و وڵاته بكوترێن، ئه‌مه‌یش له كاتێكدایه ژماره‌ی دانیشتووانی له هه‌موو وڵاتێكی تری جیهان زیاتره و نزیكبووه‌ته‌وه له ملیارێك و 500 ملیۆن كه‌س.
هه‌رچه‌نده وڵاتانی دنیا وه‌رگرتنی ڤاكسین و خۆكوتانیان كردووه‌ته بابه‌تی بژاره، واته خه‌ڵكی بۆیان هه‌یه ڕه‌تی بكه‌نه‌وه كه خۆیان بكوتن و بۆیشیان هه‌یه كه خۆیان بكوتن، به‌ڵام له چین ئه‌مه بوونی نه‌بوو، بگره حكوومه‌تی چین بۆ ڕزگاركردنی خه‌ڵكه‌كه‌ی له په‌تا زۆرترین ڕێوشوێنی گرته‌به‌ر و له هه‌ندێ ناوچه‌یش كه به ده‌مه‌وه‌چوونی خه‌ڵك بۆ ناوه‌نده‌كانی كوتان كه‌م بوو، هه‌ڕه‌شه‌یان له خێزانه‌كان كرد، كه منداڵه‌كانیان له خوێندن و فێربوون بێبه‌ش ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر خۆیان نه‌كوتن.
له به‌شێك له ماركێته گه‌وره‌كانی ئه‌و وڵاته‌یش ده‌رفه‌تی گه‌وره و داشكاندن به تایبه‌ت بۆ ئه‌و كه‌سانه كرا، كه خۆیان ده‌كوتن و ناسنامه‌ی كوتانیان پێ بێت، ئه‌مه‌یش وای له خه‌ڵكی كرد، به لێشاو ڕوو له ناوه‌نده‌كانی كوتان بكه‌ن و به خێرایی خۆیان بكوتن و بگه‌نه ماركێته گه‌وره‌كان به داشكانه‌وه كه‌لوپه‌ل و پێویستییه‌كانیان بكڕن.
تا كۆتایی مانگی حوزه‌یران 40%ی دانیشتووانی چین ده‌كوترێن
ڕێگه‌یه‌كی تری هاندانی خه‌ڵك بریتی بوو له كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌كان و خاوه‌نكاره‌كان، كه فشاریان له‌سه‌ر كارمه‌نده‌كانیان دروست كرد، به‌وه‌ی ئه‌گه‌ر خۆیان و خێزانه‌كانیان خۆیان نه‌كوتن، ئه‌وا ڕێگه‌یان پێ نادرێ بێنه ناو كارگه و كۆمپانیاكان و كار بكه‌ن، بێ مووچه ده‌بێ له ماله‌وه بمێننه‌وه، كه ئه‌مه‌یش جارێكی تر گوڕێكی گه‌وره‌ی به خه‌ڵك دا تا به په‌له به‌ده‌م داواكه‌ی حكوومه‌ته‌وه بچن و خۆیان بكوتن.
هه‌موو ئه‌وانه بوونه هۆكاری به‌هێز و كاریگه‌ر و یه‌كلاكه‌ره‌وه تا له‌و ماوه كه‌مه ژماره‌یه‌كی پێوانه‌یی خه‌ڵك له‌و وڵاته گه‌وره‌یه بكوترێ، ئه‌مه‌یش له كاتێكدایه كه له هه‌ندێك وڵاتی ڕۆژئاوا و ئه‌وروپا، سه‌ره‌ڕای بوونی ڕێژه‌یه‌كی زۆری ڤاكسین، كه‌چی به‌ده‌مه‌وه‌چوونی هاووڵاتییان كه‌مه و پرۆسه‌ی به ته‌واوی سارد و سڕ كردووه، به‌مشێوه‌یه‌یش ڤایرۆسه‌كه له نێو كۆمه‌ڵگه ده‌مێنێته‌وه و ناتوانرێ به خێرایی كۆنتڕۆڵ بكرێت.