نێردراوی پێشووتری ئەمەریكا: لە سووریا بەڵێنی دەوڵەتمان بە كورد نەداوە

:: PM:09:57:07/04/2021 ‌

تا ئێستە چارەنووسی دۆزی كورد لە سووریا نادیارە، جیمس جیفری، نێراروی پێشووتری ئەمەریكا بۆ سووریا رای گەیاند، ئەمەریكا هیچ بەڵێنێكی بە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەریی لە باكور و رۆژهەڵاتی سووریا بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێك نەداوە و وڵاتەكەی لەوبارەوە لە پێوەندییەكانی لەگەڵ ئەواندا وریا بووە. 

ئێستە بەڕێوەبەرایەتییەكی خۆسەری كورد لە ناوچەكانی باكور و رۆژهەڵاتی سووریا هەیە و كۆنترۆڵی 25%ی خاكی سووریا دەكات.
ئەمەریكا پارە و پاڵپشتی زۆری سەربازی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەرخان ناكا و لەگەڵ هاوبەشانی كار دەكات
جیفری لە دیمانەیەكی "ئەنەدۆڵ"ی توركی ئەمڕۆ چوارشەم دووپاتی كردەوە، پێویستە چارەسەر لە سووریا لە رێگەی پرۆسەیەكی سیاسی بە چاودێری نەتەوە یەكگرتووەكانەوە بێت، لەوانە داڕشتنی دەستوورێكی نوێ بۆ سووریا و ئەنجامدانی راپرسی و هەڵبژاردنێكی دیموكراسیانە.

روونی كردەوە، بوونی ئەمەریكا لە سووریا لە چوارچێوەی جەنگی دژ بە داعش، دەچێتە قاڵبی بەرژەوەندیی نیشتمانییەكەی، ئەوەیش بێ بوونی هاوبەشێك لەسەر زەویدا ناكرێت، وەك ئاماژەیەك بۆ هێزەكانی سووریای دیموكرات كە كورد زۆرینەی پێكدێنن.

جیفری دووپاتی كردەوە، هۆكاری چوونمان بۆ سووریا رووبەڕووبوونەوەی داعشە كە تەنیا هەڕەشە نییە بۆ سەر سووریا و توركیا و عێراق، بەڵكو هەڕەشەیە بۆ تەواوی ناوچەكە و لەوانەیش ئەوروپا، ئاماژەی كرد، بوونی رووسیا و ئێرانی لە سووریا كاریگەری لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا و توركیا و ئیسرائیل هەیە، ئەو نێردراوەی پێشووی ئەمەریكا ئاشكرای كرد كە وڵاتەكەی نایەوێ پارە و پاڵپشتییەكی زۆری سەربازی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەرخان بكات، بۆیە لەگەڵ هاوبەشانی ناوچەكە كار دەكات.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل