سۆشیال میدیا لە دەرمانسازان قەدەغە كرا

:: AM:09:02:08/04/2021 ‌
سەرجەم دەرمانخانەكانی هەولێر ئاگەدار دەكرێنەوە كە بانگەشە بۆ هیچ جۆرە دەرمانێك لە سۆشیال میدیا نەكەن. دەرمانسازێكیش ڕوونی دەكاتەوە، هەندێك دەرمان بانگەشەیان بۆ دەكرێ‌ زیانیان زیاترە لە سوودەكانیان.

ئەمڕۆ پێنجشەم هەشتی نیسان، فازڵ نەریمان دەرمانساز لە هەولێر، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لە دواین بڕیاری سەندیكای دەرمانسازانی كوردستاندا هاتووە، بانگەشە بۆ هەموو جۆرە دەرمانێك لە سۆشیال میدیا قەدەغەیە.

ئەو جۆرە دەرمانانەش هیچیان بۆ پزیشكی دەرمانساز و پسپۆڕ ناگەڕێنرێنەوە
ئەو دەرمانسازە گوتی، هەندێك دەرمان بانگەشەیان بۆ دەكرێ‌، زیانیان زۆرترە لە سوودیان ئەگەر بەبێ‌ ڕێنوێنی پزیشكی بەكار بێت، ئەو جۆرە دەرمانانەش هیچیان بۆ پزیشكی دەرمانساز و پسپۆڕ ناگەڕێنرێنەوە، بەڵكو بە دلیڤەری بۆ كەسی داواكار دەبرێ‌.

باسی لەوەش كرد، ئێستە لە تۆڕەكانی سناپ چات و ئینستگرام زۆرترین رێكلامی دەرمان بڵاو دەكرێتەوە، لیژنەكانی قایمقامییەتی شارەكانیش، بەردەوام لە هەوڵی دەستگرتن بەسەر ئەو جۆرە دەرمانە، بۆیە ئەو بڕیارەی سەندیكاش دەرچووە تا كۆتایی بەو جۆرە دەرمانانە بێت.

لە هەرێمی كوردستان چاودێری توندی دەرمانخانەكان دەكرێ‌ و لە ماوەی ڕابیردووشدا چەندان كۆگای دەرمان داخراون و چەندان كەسیش ڕووبەڕووی یاسا كراونەتەوە.



وشە - رامیار جەواد