بە نارنجۆك هێرش كرایە سەر ماڵی بەرپرسێكی پارتی

:: AM:09:07:08/04/2021 ‌
شەوی ڕابردوو لەلایەن چەند كەسێكی نەناسراو بە نارنجۆك هێرش كرایە سەر ماڵی بەرپرسێكی پارتی لە پارێزگای هەڵەبجە، تا ئێستەیش بكەرانی نەگیراون.

ئەمڕۆ پێنجشەم هەشتی نیسان، فازڵ بەشارەتی بەرپرسی پێشووی لقی 12ـی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵەبجە بە میدیاكانی ڕاگەیاند، شەوی ڕابردوو لەلایەن چەند كەسێكی نەناسراو نارنجۆكێك فڕێ درا و كەوتە ماڵی دراوسێكەمان، هیچ زیانێكی گیانی نەبووە تەنیا زیانی مادی هەبووە.

ئەو بەرپرسەی پێشووی پارتی گوتی، ئەو نارنجۆكەی فڕێ دراوە، بكەرانی بە بەكارهێنانی ماتۆڕسكیلێك ویستوویانە نارنجۆكەكە فڕێ بدەنە ماڵەكەمە، بەڵام بەهۆی پەلەپەل و شڵەژانیان، نارنجۆكەكە كەوتووەتە ماڵێكی دراوسێمان.

لە ماڵەكەی ترم بووم و ئەوانیش نارنجۆكەكەیان بۆ ئەو ماڵە فڕێ داوە كە منی لێ نەبووم
باسی لەوەش كرد، لەلای من زۆر ئاساییە و ئەو كەسانە كارێكی ترسنۆكانەیان كردووە، چونكە ئەوان زۆر باش دەزانن من لەم ماڵەدا نەبووم، دوو ماڵمان هەیە، لە ماڵەكەی ترم بووم و ئەوانیش نارنجۆكەكەیان بۆ ئەو ماڵە فڕێ داوە كە منی لێ نەبووم.

هەفتەی ڕابردوو لیژنەی ئاسایش و ناوخۆ لە پەرلەمانی كوردستان، بەمەبەستی زانینی هۆكاری هێرشەكانی سەر بارەگاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان، سەردانی سلێمانیی كرد.

بەپێی ئامارێك كە لەلایەن ئەو لیژنەیە ڕاگەیەنرا، زیاتر لە 70 جار هێرش كراوەتە سەر بارەگاكانی پارتی و بكەرانیشی هەندێكیان دیار بوونە و دوای چەند ڕۆژێك ئازاد كراون.




وشە - رامیار جەواد