بێ دیاریكردنی كات ئەمەریكا رەزامەندی دەربڕیوە هێزەكانی لە عێراق بكشێنێتەوە. مەبەست لەو هێزانە ئەوانەن کە راستەوخۆ لە جەنگ بەشداری دەکەن، ئەوەیش لە داهاتوودا دەکرێت، بەڵام بنکەکانی ئەمەریکا وەک خۆیان دەمێننەوە و هێزەی ئەمەریکاش هەر لەو بنکانەوە لە راهێنانی هێزەکانی عێراق و دابینکردنی ئاسایش و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر رۆڵیان دەبێت.
ئەمەریكا و عێراق لەسەر كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا رێككەوتوون و لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا كە بڵاویان كردووەتەوە، لە دانیشتنێكی تەكنیكیدا كە لە داهاتوودا دەكرێت، كاتەكە دیاری دەكرێت و لە بەرانبەردا عێراق بەڵێنی داوە پارێزگاری لە بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا بكات.
دوێنێ گفتوگۆی ستراتیجی نێوان ئەمەریكا و عێراق دەستی پێ كرد، لە میانەی ئەو گفتوگۆیانەشدا قسە لەسەر پێوەندییە سەربازی و تەناهییەكانی نێوان ئەمەریكا و عێراق لە داهاتوودا كرا.
هێزەكانی هاوپەیمانان و ئەمەریكا راهێنان و پێدانی راوێژ بە هێزەكانی ئەمەریكایان لە ئەستۆ دەبێت
دوای تەواوبوونی ئەو گفتوگۆیە لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەیان بەوە كردووە، هێزەكانی هاوپەیمانان و ئەمەریكا راهێنان و پێدانی راوێژ بە هێزەكانی ئەمەریكایان لە ئەستۆ دەبێت و ئەو هێزانە ئێستە دەمێننەوە، بەڵام لە داهاتوودا دانیشتنە تەكنیكییەكان بڕیار لەسەر ئەوە دەدەن كەی بە یەكجاری لە عێراق بكشێنەوە.
بەگوێرەی
دۆیچەوێلە، پرسی چوونەدەرەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق، لە كاتێكدا باس دەكرێت كە گرووپە میلیشیاكانی سەر بە ئێران رۆژانە لە هاویشتنی مووشەك و هاوەن بۆ سەر هێزەكانی ئەمەریكا بەردەوامن، هەر ئەوەش وایكردووە لە رابردوودا جۆ بایدن چەند جارێك فەرمان بدات هێرش بكرێتە سەر ئەو میلیشیایانە.
دەرەنجامی ئەو كۆبوونەوەیە ئەوە بووە لە پرسی رووبەڕووبوونەوەی داعش، زیاتر رۆڵ بە سوپای عێراق بدرێت و لە بەرانبەردا حكوومەتی عێراقیش بەڵێنی داوە بنكەكانی ئەمەریكا بپارێزێت.
پێشبینی دەكرێ بەڕێوەچوونی ئەم دانیشتنە تەكنیكییانەش دوا بكەون و ئەو هەنگاوە بۆ ئەوەیە، حكوومەتی عێراق بیانوو بەدەستەوە نەدات و لە رووبەڕووبوونەوەی میلیشیاكان كە سەرئێشەیان بۆ حكوومەت دروست كردووە، رژدتر كار بكات.
بە کشانەوەی بەشێک لە سەربازە شەڕکەرەکان ئەو بیانووە ناهێڵێت کە گرووپە میلیشیاکان بە حکوومەتی عێراقیان دەگرت
لە داهاتوودا هێزەکانی ئەمەریکا هەر لە عێراق دەمێننەوە و درێژە بە چالاکییەکانی وەک راهێنانی سەربازی و تەناهی و لۆجستیکی دەدەن. ئەمەریکا لەو رێگایەوە شەرعیەتی زیاتری بە مانەوەی هێزەکانی دا و بە کشانەوەی بەشێک لە سەربازە شەڕکەرەکان ئەو بیانووە ناهێڵێت کە گرووپە میلیشیاکان بە حکوومەتی عێراقیان دەگرت و زۆر جار دەبوونە مایەی سەرئێشە تەنانەت بۆ حکوومەتی عێراق.
ئەو رێککەوتنەی کراوە دەستپێکێکی گرنگە بۆ پتەوترکردنی پێوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمەریکا کە هەرێمی کوردستان تیایدا رۆڵێکی گرنگی دەبێت و سەربازگەکانی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستانیش لە چالاکییەکانیان بەردەوام دەبن.