ئەمساڵ تەنیا لیژنەی بینینی مانگ بڕیار لەسەر یەکەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزان دەدات

:: AM:10:32:08/04/2021 ‌
ساڵانە بۆ دیاریكردنی یەكەمین ڕۆژی مانگی رەمەزان وەزارەتی ئەوقاف رای دەگەیاند، هەركەسێك مانگی بینی ئاگەدارمان بكاتەوە، بەڵام ئەمساڵ تەنیا لیژنەی بینینی مانگ خۆیان بڕیار دەدەن و چاودێری بینینی مانگ دەكەن.

ئەمڕۆ پێنجشەم هەشتی نیسان، نەبەز ئیسماعیل گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ساڵانە بۆ دیاریكردنی مانگ جگە لە لیژنەی بینینی مانگ، داوا لە هاووڵاتییان دەكرا هەركەسێك مانگی بینی ئاگەداریان بكاتەوە، بەڵام بۆ ڕاگرتنی ئەو پشێویەی لە دیاریكردنی ئەو ڕۆژە هەبوو، ئەمساڵ چاودێریی هاووڵاتییان و زانایانی ئاینی بەهیچ شێوەیەك وەرناگیرێت.

یەكەمین ڕۆژی رەمەزان، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەقفی سوننی لە عێراق دەبێت و بەفەرمی ڕادەگەیەنرێت.
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف گوتی، ڕۆژی یەكشەم 11ـی نیسان، لیژنەی بینینی مانگ لە هەرێمی كوردستان بۆ دیاریكردنی یەكەمین ڕۆژی مانگی ڕەمەزان كۆ دەبێتەوە، لیژنە لاوەكییەكانیش لە شارەكانی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان چاودێری بینینی مانگ دەكەن.

باسی لەوەش كرد، بڕیاردان بۆ دیاریكردنی یەكەمین ڕۆژی رەمەزان، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەقفی سوننی لە عێراق دەبێت و بەفەرمی ڕادەگەیەنرێت.

ساڵانە لە هەرێمی كوردستان لە بینینی مانگ و دیاریكردنی یەكەمین ڕۆژی مانگی رەمەزان، چەندان جار بەهەڵە لێكدانەوەی بۆ كراوە و چەند مامۆستایەكی ئاینی ڕۆژێك پێشتر رەمەزانیان ڕاگەیاندووە، یان رۆژێك زووتر كردوویانەتە جەژن، ئەوەیش تووشی لێپرسینەوەی كردوون.

پێشتر عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکان لە عێراق، ڕۆی چوارشەم 14ـی نیسانی وەك یەكەمین ڕۆژی مانگی رەمەزان بۆ شیعەكان دیاری كرد.





وشە - رامیار جەواد