پڕۆژه‌ی هونه‌ریی "په‌ڕینه‌وه" به به‌شداریی چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكی نیگاركێش، وێنه‌گر و دیزاینه‌ر پێشكه‌ش ده‌كرێت كه بۆ ماوه‌ی 22 رۆژ به‌رده‌وام ده‌بێت و ئاره‌زوومه‌ندان ده‌توانن سه‌ردانی بكه‌ن.
ئه‌م پڕۆژه‌یه به به‌شداریی هه‌ریه‌ك له هونه‌رمه‌ندان ئه‌حمه‌د نه‌به‌ز ڕێكخه‌ری پڕۆژه‌كه، به‌هرام حاجۆ، جه‌مال پێنجوێنی، ساكار سلێمان، سیروان باران، عوسمان ئه‌حمه‌د، قه‌ره‌نی جه‌میل، شكور سه‌عید و خه‌دیجه به‌كر، له ڕۆژی هه‌شت تا 30ی نیسان به‌ڕێوه ده‌چێت.
كاره‌كانی پڕۆژه‌ی هونه‌ریی "په‌ڕینه‌وه" به شێوه‌ی نیگاركێشان، ئینسته‌له‌یشن، پێرفۆڕمانس، فۆتۆ و ڤیدیۆ ئارته، بۆ هه‌ر بوارێك چه‌ند هونه‌رمه‌ندێك به‌شدارییان كردووه و كاره‌كانیان نمایش ده‌كه‌ن، سه‌رجه‌م كاره‌كان له بازنه‌ی چه‌مكی په‌ڕینه‌وه‌دا خول ده‌خۆن، ئامانجیشیان له پڕۆژه‌كه ئه‌وه‌یه كه ئه‌م هه‌وڵه ببێته په‌ڕینه‌وه‌یه‌كی هونه‌ری، له‌و قۆناغه هه‌ستیاره‌ی ئێسته‌ی هونه‌ری شێوه‌كاری هاوچه‌رخ له كوردستاندا پێیدا تێده‌په‌ڕێت.
نه‌به‌ز ئه‌حمه‌د ڕێكخه‌ری پڕۆژه‌كه به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، "په‌ڕینه‌وه" چه‌مكێكی فراوانه و له هه‌ر كۆنتێكستێكدا لێی بڕوانین، خاڵی ده‌رچوون و هه‌نگاونان و ناجێگیرییه، پرۆسێسی گواستنه‌وه‌یه له دۆخێكه‌وه بۆ دۆخێكی تر، هه‌ڵگری په‌یامی به‌ره‌و پێشچوونه و له هه‌مان كاتدا جێگیرنه‌بوونه له یه‌ك شوێن و كاتی جیۆگرافیدا، یانیش مانه‌وه له بۆته‌یه‌كی دیاریكراوی هزری و مه‌عریفیدا.
زیاتر ڕوونی ده‌كاته‌وه، "په‌ڕینه‌وه"، جگه له تێپه‌ڕین له پێگه‌یه‌كه‌وه بۆ پێگه‌یه‌كی تر، فره‌لایه‌نانه زۆر ڕه‌هه‌ندی تر ده‌گرێته‌وه، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌م شێوه ئاراستانه‌ی وه‌رگرتووه، ئاراسته په‌ڕینه‌وه‌یه‌كیان كه بووه‌ته هۆی پێشكه‌وتنی مرۆڤایه‌تی و كرانه‌وه‌ی ده‌رگا داخراوه‌كانی ئه‌قڵ و هۆش و هه‌نگاونان به‌ره‌و پێشكه‌وتنی مرۆڤایه‌تی، ئه‌وی تریان په‌ڕینه‌وه‌یه‌ك بووه به‌ره‌و كاره‌سات و تراجیدیای گه‌وره كه لێكه‌وته‌ی چه‌وسانه‌وه، ئازار و مه‌رگی به‌لێشاو و له‌ناوچوونی سه‌رجه‌می به‌هاكانی به‌دوای خۆیدا هێناوه.
ڕێكخه‌ری پڕۆژه‌ی په‌ڕینه‌وه زیاتر له‌سه‌ر گرنگیی هه‌ڵبژاردنی ئه‌و چه‌مكه ده‌دوێت و باس له‌وه ده‌كات، ئه‌م چه‌مكه كارا و ئاماده‌ترین بووه له ژیان و ژیاری ئێمه‌دا، وایكردووه به‌رده‌وام له باری په‌ڕینه‌وه‌دا بین، له ژیانه‌وه تا مردن، له‌به‌رئه‌مه‌یه بابه‌تی "په‌ڕینه‌وه" باسێكی گرنگ بووه له دنیای هونه‌ری جیهانی و فره‌چه‌شنانه له كایه‌كانی هونه‌ری سه‌رده‌مدا ئاماژه‌ی پێ دراوه، ئه‌مه‌ش به‌و هۆكاره‌ی پێكداچوونێكی راسته‌وخۆ و راستیگه‌ری هه‌یه له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تیدا به‌گشتی.
له‌باره‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی و چه‌مكی په‌ڕینه‌وه ده‌ڵێ: به‌هۆی ئه‌و بارودۆخه جیۆگرافی و ئاینی و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتوورییه‌ی كه كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی هه‌یه‌تی، له‌م حاڵه‌ته به‌ده‌ر نه‌بووه و به‌رده‌وام به‌ر پرۆسێسی په‌ڕینه‌وه كه‌وتووه، ئه‌م پێكداچوونه‌ش كاریگه‌ریی خۆی قووڵ فڕێداوه‌ته سه‌ر هونه‌رمه‌ندان و ڕاشكاوانه ئه‌وه ده‌بینرێت كه له كاره هونه‌رییه‌كانیاندا، ئه‌زموونی ئه‌م چه‌مكه‌یان پیاده كردووه و هه‌وڵی به‌رجه‌سته‌كردنیان له‌ڕێی كاركردنی خۆیانه‌وه داوه، جا ئه‌م خواسته به‌رجه‌سته‌ییه، هه‌ر جاره‌ی به جۆر و ڕوانگه‌یه‌ك له ئایدیا و كۆنسێپت و مه‌تریال و شێوازی كاركردنیاندا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه، هاوشان بووه‌ته مایه‌ی ده‌ستكاریی ئاراسته‌ی هونه‌رییان، له‌ڕووی شوێن و كات و خودێتی هونه‌رمه‌ند خۆیه‌وه.
هۆكاره‌كه‌شی بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێنێته‌وه كه هونه‌رمه‌ندانی كوردیش له میانه‌ی سیستمێكی جیهانیدا كار ده‌كه‌ن و ئاگادارن له‌و گۆڕانكارییانه‌ی كه دنیا پێیدا تێده‌په‌ڕێت، ده‌شڵێ: ئه‌گه‌رچی ئه‌م ئه‌زموونكردنه به‌شێوه‌یه‌كی بنچینه‌یی نه‌بووه، وه‌ك تێبینی ده‌كرێت هه‌ندێك جار به‌شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ هونه‌رمه‌ندان مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌م بابه‌ته كردووه، جاری وه‌هاش بووه ناڕاسته‌وخۆ و له‌ژێر حوكمی بارودۆخێكی نه‌خوازراودا ڕووبه‌ڕووی كرداری په‌ڕینه‌وه بوونه‌ته‌وه، وه‌ك په‌رچه‌كردارێك له كار و به‌رهه‌مه‌كانیان به ڕووخسارێكی سیاسی و ئاینی و دیمۆگرافی و كولتووری و فیكری و كه‌سیی ئاماده بووه‌ته‌وه، به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌ندێشه‌دار ده‌ربڕینیان بۆ كردووه، چونكه ئه‌و په‌ڕینه‌وانه‌ی له‌م ناوچه‌یه‌دا ڕووی داوه، به‌شێكی زۆری سه‌رهه‌ڵگرتنی ناچاری و زۆره‌ملێ و هه‌ڵاتن بووه له ژینگه‌یه‌كی پڕ له جه‌نگ و ترس، هه‌ڵاتنێك له‌پێناو مانه‌وه و هه‌ناسه‌دانیان له ژیاندا.
له‌باره‌ی نمایشی پڕۆژه‌ی په‌ڕینه‌وه، نه‌به‌ز ئه‌حمه‌د ڕێكخه‌ری پڕۆژه‌كه ڕای گه‌یاند، ئه‌م نمایشه ڕوانگه و كاردانه‌وه‌ی قۆناغه‌كانی په‌ڕینه‌وه‌ی چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكه، كه هه‌ریه‌كه‌یان به شێوه‌یه‌ك به‌رجه‌سته‌ی چه‌مكی په‌ڕینه‌وه‌یان كردووه و دووپاتیان لێ كردووه‌ته‌وه، كاره هونه‌رییه‌كان له ڕه‌هه‌ندی جیاوازه‌وه ده‌چنه‌وه سه‌ر ئه‌م چه‌مكه، به‌شێوه و ژانری جیاوازی هونه‌ری گوزارشتی خۆیان كردووه، كردوویانه به خولگه و هه‌وێنی كۆبوونه‌وه‌ی خۆیان.
پڕۆژه‌ی په‌ڕینه‌وه له گه‌له‌ریی جیهان نمایش ده‌كرێت كه ده‌كه‌وێته ناو زانكۆی جیهان، ده‌رگای گه‌له‌رییه‌كه له به‌شی پشته‌وه‌ی باڵه‌خانه‌كه‌یه.