60%ی دانیشتووانی ئێران لە ژێر هێڵی هەژاری دەژین

:: PM:12:02:08/04/2021 ‌
بەهۆی سیاسەتە خراپەكانی ئێران و پەراوێزخستنی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و درێژەكێشانی سزاكانی ئەمەریكا، خەڵكی ئەو وڵاتە رۆژ بە رۆژ هەژارتر دەبن و نەهامەتییەكانیان زیاتر دەبێت.

خراپیی دۆخی ژیانی خەڵكی ئێران كاتێك زیاتر دەردەكەوێت كە بەرپرسێكی ئەو وڵاتە خۆی ددان بە راستییەكدا بنێت، گلەییەكانی ئاراستەی حكوومەت بكات و لە خراپتربوونی دۆخەكە هۆشداری بدات.

ئەحمەد تەوەكولی ئەندامی ئەنجوومەنی دەستنیشانكردنی بەرژەوەندییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران، ئاشكرای كرد سەرووی 60%ی خەڵكی ئێران لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.

ئەو كە پێشتر نوێنەری پەرلەمانیش بووە، لە كۆبوونەوەیەكی ئەنجوومەنی ئیسلامیی خوێندكاری گوتوویەتی، برسیەتی و هەژاری لە ئێران واتادار بووە. ئەو گوتوویەتی ئەگەر ئێران چارەیەكی ئەم دۆخە نەكات، ئەوا لەوانەیە ئەو شتانە روو بدەن كە نابێت روو بدەن.

پێ دەچێت مەبەستی ئەوە بێت چیتر خەڵك ئەو دۆخە تەحەمول نەكەن و دەست بە خۆپێشاندان بكەنەوە

بەگوێرەی رادیۆ فەردا، تەوەكولی باسی ئەوەی نەكردووە ئەوەی روو دەدات چییە، بەڵام پێ دەچێت مەبەستی ئەوە بێت چیتر خەڵك ئەو دۆخە تەحەمول نەكەن و دەست بە خۆپێشاندان بكەنەوە، خۆپێشاندانەكانیش جیاواز بوون لەوانەی لە رابردوودا روویان داوە.

بەپێی دواین ئاماری ناوەندی ئاماری ئێران، رێژەی هەڵاوسان لەو وڵاتە سەرووی 37%ـە و نرخی هەندێك كاڵا و شتومەك ئەوەندە زیادی كردووە كە كاریگەری لەسەر ژیانی خەڵك هەبووە.


وشە - سلێمان تاشان