مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە جانگ كیۆنگووك باڵوێزی كۆماری كۆریا لە عێراق كرد. سەرۆكی حكوومەت سوپاسی هاوكارییەكانی كۆماری كۆریای كرد.
ئەمڕۆ پێنجشەم هەشتی نیسان، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە جانگ كیۆنگووك باڵوێزی كۆماری كۆریا لە عێراق كرد و لە دیدارەكەدا كە كۆی چوانژین كونسوڵی گشتی كۆریا لە هەولێر ئامادە بوو، پەرەپێدانی پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری كۆریا تاوتوێ كرا.
باڵوێزی كۆریا ئامادەیی وڵاتەكەی پێشان دا بۆ بەهێزكردنی پێوەندییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی لە بوارەكانی ئابووری و بازرگانی و كولتووری و پێشكەشكردنی هاوكاری بۆ ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی كوردستان.
سەرۆكی حكوومەت سوپاسی هاوكارییەكانی كۆماری كۆریای كرد و ئاماژەی بە دۆستایەتی بەهێزی نێوان كۆریا و هەرێمی كوردستان دا، لە ساڵانی ڕابردوودا چەندان پڕۆژەی پەرەپێدانی ئابوورییان لە هەرێمی كوردستان ئەنجام داوە، پشتگیریی خۆشی بۆ پتەوكردنی پێوەندیی هەمەلایەنە لە گەڵ كۆماری كۆریا دەربڕی .