لە دەیەی هەشتای زاینییەوە ژمارەیەكی زۆری مین لە ناوچە سنوورییەكانی گەرمیان و هەڵەبجە، چێنراون كە هێشتا بەشێكیان پووچەڵ نەكراونەتەوە. دەزگای مین بە هاوكاری هەندێك رێكخراو بە سەتان دۆنمی پاك كردەوە و زەوییەكانی رادەستی خەڵك كرد.
ئەمڕۆ پێنجشەم هەشتی نیسان، ئاكۆ محەمەد لە بەشی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی كاروباری مین لە گەرمیان، بە "وشە"ی راگەیاند، لە ماوەی ئەم دوو رۆژەدا لیژنەی رادەستكردنەوەی زەوییە پاككراوەكان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری مین/ گەرمیان، شەش كێڵگەی مین و ناوچەی پیسبوو بە مین و بۆمبی هێشوویی و تەقەمەنییەكانی پاشماوەی جەنگیان لە سنووری نێوان شارۆكەكانی كەلار و خانەقین دوای پاككردنەوە، رادەستی گوندنشینان كردەوە.
وەك زیاتر خستیەڕوو، ئەم ناوچانە دەكەونە سنووری گوندەكانی گاكوڵ و حەوشكور و كانی ماسی لە شارەدێی قۆرەتووی نێوان كەلار و خانەقین. لە پاش تەواوكردنی پرۆسەی پاككردنەوەیان، وێنەیەك لە بەڵگەنامەی فەرمیی پاككردنەوەیان رادەستی ئەنجوومەنی گوندەكان و بەرپرسانی یەكە كارگێڕییەكان كران.
بە هاوکاری رێكخراوی هاندیكاپی نێودەوڵەتی (HI) پاك كراونەتەوە.
ئەم ناوچانە بە رووبەری 284 دۆنم بە سەرپەرشتی دەزگای گشتی كاروباری مین، لەلایەن هەریەك لە تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری مینی گەرمیان و رێكخراوی هاندیكاپی نێودەوڵەتی (HI) پاك كراونەتەوە.
لەلایەكی ترەوە، حەمید بارام بەڕێوەبەری شارەدێی بیارە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە گوندی خەرپانی هاووڵاتییان ئاگاداریان كردنەوە، كێڵگەیەكی مین هەیە لە گوندەكەیان، بۆیەش لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی پاكردنەوەی مینی سلێمانی قسەیان كرد، تیمێكی تایبەتیان نارد و سنوورەكەیان دیاری كرد. ڕووبەری زەوییەكەیان لە مین پاك كردەوە، ڕووبەرەكەی ئەو بەشەش هەزار و 800 مەتر دووجایە، دواتر زەوییەكە ڕادەستی هاووڵاتییەكە كرایەوە.
چەند ڕووبەرێكی تری زەوی لە تەوێڵە لە مین پاك كراونەتەوە.
ئەو ئاماژەی دا لە سنووری شارەدێی بیارە كێشەی مین نییە، بەڵام لە هەر شوێنێك هاووڵاتی ئاگاداریان بكەنەوە لە بوونی مین، ئەوە لە ڕێی تیمی تایبەتی مینهەڵگرەوە مینەكان هەڵدەگرنەوە. لە رابردوودا چەند ڕووبەرێكی تری زەوی لە تەوێڵە لە مین پاك كراونەتەوە.
لە شەڕی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران و بزوتنەوەی رزگاریخوازی كورد، بەشێكی زۆر لە ڕووبەری زەویی گوند و شارەدێكانی هەورامان و شاخەكانی، لەلایەن رژێمی بەعس بە مین چێنداون، تا ئێستەش هاووڵاتییان بە هۆیانەوە دەبنە قوربانی.
هەڵەبجە/سەبری هۆرێنی و عەزیز هەورامی