قائانی بۆچی سەردانی عێراقی كرد؟

:: PM:05:36:08/04/2021 ‌

لە ماوەی دواییدا مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی سعوودیە و ئیماراتی كرد، هاوكات ئەگەر هەڕەشەی میلیشیاكانی سەر بە ئێران نەبووایە، لووتكەی سێقۆڵی ئوردن و میسڕ و عێراق لە بەغدا ساز دەكرا، دوای ئەوە گەڕێكی تری گفتوگۆی ستراتیجی عێراق و ئەمەریكا بەڕێوە چوو، لە سایەی ترازانی قووڵی ناوماڵی شیعە و نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنی پێشوەختە، ئامادەبوونی ئێران لە بەغدا بۆ رێكخستنەوەی بابەتەكان پێویست بوو.

دوێنێ چوارشەم سێیەم گەڕی گفتوگۆی ستراتیجی نێوان عێراق و ئەمەریكا بەڕێوە چوو، بەر لە دەست پێكردنی گفتوگۆكانیش، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران، بۆ ماوەی دوو رۆژ سەردانی بەغدای كرد و چاوی بە بەرپرسانی باڵای سیاسی و فەرماندەی میلیشیاكانی سەر بە وڵاتەكەی كەوت، بە بۆچوونی زۆرینەی چاودێر و شارەزایان ئەو سەردانەی قائانی سێ خاڵی لەخۆ گرتووە، یەكەمیان پێوەست بە بوونی سەربازی ئەمەریكا لە عێراق و دووەم هەوڵەكانی باشكردنی پێوەندیی بەغدا و وڵاتانی عەرەبی و سێیەم یەكخستنی میلیشیا و هێزە شیعەكان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو. 
هێز و میلیشیا شیعەكان هەموو سەرەداوی گفتوگۆی ستراتیجیان بەدەستەوە نییە
بەگشتی ئێران هەوڵەكانی چڕ كردووەتەوە بۆ مسۆگەریی بەدەوامبوونی باڵادەستی بەسەر دۆخی عێراق، ئەوەیشە هۆكاری سەردانەكەی فەرماندەی فەیەلەقی قودس بۆ عێراق لێك دەداتەوە، دوای سەردانی كازمی بۆ ریاز و ئەبو زەبی و پێش دەست پێكردنی گەڕی سێیەكی گفتوگۆی ستراتیجی لە نێوان عێراق و ئەمەریكا، قائانی لە میانی سەردانەكەی بۆ بەغدا لەگەڵ فەرماندەی میلیشیاكان كۆ بووەتەوە بۆ یەكخستنی ریزەكانیان، پێش هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق و هاوئاهەنگیكردنی پلانەكانی بۆ كردنەئامانجی هێزەكانی ئەمەریكا و گوشارخستنە سەر واشنتن بۆ كشاندنەوەی هێزەكانی لە عێراق، جیا لە دروستكردنی گوشار بۆ سەر مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ وەستانی نزیكبوونەوەی لە واشنتن و كرانەوەی بەرەووی وڵاتانی عەرەبی.

بەپێی سەرچاوە عێراقییەكان كە دوای كۆتاهاتنی سێشەمی رابردوو هاتە راگەیاندن، دەری دەخات ئێران متمانەی بە میلیشیاكانی نەماوە، بەتایبەتی دوای فرەوانبوونی توڕەیی جەماوەر بەرانبەر چالاكییەكانیان، هەروەها دەسترۆیشتوویی تاران لە عێراق لە دوای كوژرانی قاسم سلێمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودس، پاشەكشەی كردووە، جیا لەوەیش پلانەكانی قائانی سەركەوتوو نەبوو و نەیتوانی شوێنی سلێمانی پڕ بكاتەوە و كاریگەری سنووردار بووە، بەڵام میلیشیاكان هیچ بژارەیەكی تریان بەدەستەوە نییە جگە لە ملكەچكردن بۆ فەرمانەكانی ئەگەر بەشێوەییش بێت.

بەپێی سەرچاوەیەكی عێراقی قائانی لە سەردانەكەی بۆ عێراق ئەركی بۆ میلیشیا وەلائییەكان دیاری كردووە، ئەو میلیشیایانەی باڵی سیاسیان نییە، بۆ گوشاركردن بۆ سەر ئەمەریكا و حكوومەتی عێراق لە رێگای بەردەوامبوونیان لە بێزاركردنی هەردوولا، بە مەبەستی نەرمكردنەوەی هەڵوێستی ئەمەریكا لە گفتوگۆكانی ڤیەنا لەبارەی رێككەوتنی ئەتۆمی ئێران، چاودێران پێیان وایە ئێران بەنیازی گۆڕینی سیاسەتەكانی لە عێراق نییە، بەڵام گەیشتووەتە ئەو قەناعەتەی لە عێراق كارتێكی زۆری بەدەستەوە نییە بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەمەریكییەكان یاری پێ بكات، بۆیەیش هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق وەك ئەوانەی پێشوو نابێت و ناكۆكییەكانی شیعە- شیعە لەوپەڕیدایە، بەهۆی ناڕەزایەتییەكانی شارە شیعەكانی گرتەوە و بنیاتی ماڵی ئەوانی هەڵوەشاندەوە. 

ساڵح حەمدانی، شارەزای عێراقی دەڵێت، ئێرانییەكان دەیانەوێ گفتوگۆی ستراتیجی عێراق و ئەمەریكا تەنیا باسی پەلەكردن لە كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق بكات، لەوكاتەی هەمووان دەیزانن كە مانەوەیان بۆ هێزەكانی عێراق لە رووبەڕووبوونەوەی داعش و پاراستنی ئاسایشی وڵاتەكە باشە.

چاودێران بەدووری دەزانن هێز و میلیشیا شیعەكان هەموو سەرەداوی گفتوگۆی ستراتیجیان لە نێوان عێراق و ئەمەریكا بەدەستەوە بێت، كاتێك كورد خواستی مانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا دەكەن بۆ پاراستنیان لە گوشاری میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و شاندی عێراق تیمێكی هەرێمی كوردستانی بە سەرۆكایەتی فەوزی هەریری، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لەخۆ دەگرێت.

لەوكاتەی گفتوگۆی ستراتیجی عێراق و ئەمەریكا وەك تاقیكردنەوەیەكە بۆ توانای كازمی بۆ دروستكردنی هاوسەنگی لە پێوەندییەكانی دەرەوەی عێراق، ئیحسان شمەری، بەرپرسی سەنتەری هزری سیاسی عێراقی پێی وایە ئەوەی حكوومەتی عێراق دەیكات، پەیامێكە بۆ ئێران بەوەی عێراق مافی ئەوەی هەیە رەوتێكی جیاوازی لە پێوەندییەكانی دەرەوەیدا هەبێت، لەوانە پشتبەستنی بە دەوروبەری عەرەبی و ناكرێ وەك ئەوەی ئێران و هاوپەیمانەكانی دەیانەوێ تەنیا یەك جۆر پێوەندی لەگەڵ ئێراندا هەبێت.

ئەوە لەوكاتەی بەرپرسانی رۆژئاوا و عێراقی وای دەبینن كازمی دەیەوێ لە گفتوگۆی عێراق و ئەمەریكا خشتەیەكی كاتی بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا دابنێت، بۆ بەدەستهێنانی پاڵپشتیی سەربازی رۆژئاوا لە دژی داعش و دەسەڵاتی ئێران لە عێراق.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل