"كێشەی فراكسیۆنی گۆڕان و بزووتنەوەكە بەردەوامە و چارەسەر نەكراوە"

:: PM:05:54:08/04/2021 ‌

ماوەی چەند مانگێكە كێشەی فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و بزووتنەوەكە بەردەوامی هەیە، هۆكارەكەیشی ئەوەیە فراكسیۆنی گۆڕان لە بەرنامە و پێڕە و سیاسەتی بزووتنەوەكە لایانداوە و دژایەتی حزبەكە و هێرش دەكەنە سەر رێكخەری گشتییەكەی.

سەرەڕای كێشەكان، لەماوەی رابردوودا فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان بەبێ ئاگاداری جڤاتی نیشتمانی و خانەی راپەڕاندن، چوونەتە ناو هاوپەیمانی هیوا لە پەرلەمانی عێراق، ئەمەیش كێشەكەی زیاتر قوڵ كردووەتەوە، بۆیە لەسەر ئاستی باڵا داوا لە فراكسیۆنەكە كراوە هەرچی زووە واز لە هاوپەیمانی هیوا بێنن.
هەڵوێست و قسەكانیان لەناو خەڵك دەنگۆیەكیان دروست كردووە و بۆ ئێمە وەك گۆڕان خۆش نییە
ئەمڕۆ پێنجشەم هەشتی نیسان، خەلیل سەركانی، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان بە "وشە"ی راگەیاند، تا ئێستە كێشەی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق بەردەوامی هەیە و لە هەوڵی ئەوەداین كێشەكە چارەسەر بكەین.

ئەوەیشی گوت، ئەو برادەرانە لە فراكسیۆنی گۆڕان پێویستی بەوە نەدەكرد ئەو بابەتە ئەوەندە گەورە بكەن و بیگەیەننە ئەو حاڵەتە، كێشەی ئێمە لەگەڵ عێراق رەهەندی دووریان هەیە، بابەتەكە ئەوە نییە گۆڕان هەڵوێستی نەبووە كە لەگەڵ بەغدا چۆن هەڵسوكەوت بكرێت.

سەركانی روونی كردەوە، ئەوان ناڵێن ئێمە گۆڕان نین، بەڵام هاوپەیمانیەتێكیان دروست كردووە بە ناوی "هیوا"، لە رابردوویش بەهۆی ئەو هەڵوێست و قسانە لەناو خەڵك دەنگۆیەكیان دروست كردووە، كە بۆ ئێمە وەك گۆڕان خۆش نییە.

فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق لە چوار ئەندام پێك هاتووە و لە ماوەی رابردوو چەندینجار بە قسە و لێدوان هێرشیان كردووەتە سەر بزووتنەوەكە، باس لەوە دەكەن ئەوان بە شێوەیەكی ئۆپۆزسیۆنانە كار دەكەن، لە كاتێكدا گۆڕان رێككەوتنی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان هەیە و بەشداری كابینەی نۆیەمی حكوومەتن.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل