سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان كۆ بووەوە

:: PM:06:12:08/04/2021 ‌

وەك بڕیار بوو ئەمڕۆ پێنجشەم نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان كۆ بووەوە و باسی چەند پرسێكی گرنگ كرا، هەروەها دووپات لە پێویستی و گرنگیی یەكڕیزی و تەبایی و گفتوگۆ و لێكگەیشتن كرایەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.

بەپێی ماڵپەڕی فەرمی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان باسی كرد، لە كۆبوونەوەكەدا دۆخی عێراق و ناوچەكە و پێوەندییە دەرەكییەكانی هەرێمی كوردستان، لەوانە سەردانی سەرۆكی هەرێم بۆ فڕەنسا و ڕۆڵی هەرێمی كوردستان لە هاوكێشە سیاسییە تازەكاندا باس كرا، جیا لە پێوەندییەكانی هەولێڕ ـ بەغدا و گفتوگۆی ستراتیجیی ئەمەریكا و عێراق و بەشداری و ڕۆڵی هەرێمی كوردستان تیایدا و هەڵبژاردنەكانی عێراق و دۆخی ناوخۆ و پێوەندیی نێوان پێكهاتە و لایەنە سیاسییەكان.
سەرۆكایەتیی هەرێم بە چەتری كۆكەرەوەی هەمووان دەمێنێتەوە
لە كۆبوونەوەكەدا وێڕای دووپاتكردنەوەی دەستخۆشی و پێزانین بۆ دەستپێشخەریی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و كۆكردنەوەی هێز و لایەنە سیاسییەكان، لە كەشێكی ڕاشكاو و كراوەدا، كێشە و نیگەرانییەكان خرانە ڕوو و دووپات لە پێویستی و گرنگیی یەكڕیزی، تەبایی، گفتوگۆ و لێكگەیشتن لەنێوان لایەنە سیاسییەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، كرایەوە.

كۆبوونەوە پەسندكردنی یاسای بودجەی عێراقی بە هەنگاوێكی ئەرێنی لە بەرەوپێشچوونی پَیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵی عێراق لەقەڵەم دا و هیوای خواست یاساكە جێبەجێ بكرێت و ڕەنگدانەوەی ئەرێنی بەسەر ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان و دۆخی ئابووریی عێراق و هەرێمی كوردستان هەبێت، هەروەها ڕێخۆشكەر بێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەردوولا لەسەر بنەمای دەستوور و لە چوارچێوەی سیستمی فیدرڵیدا.

لە كۆبوونەوەكەدا دووپات كرایەوە كە دۆخی ئێستەی هەرێمی كوردستان و دەستەبەركردنی مافە دەستوورییەكان، پاراستنی دەسكەوتەكان و هەنگاونان بۆ ئایندەیەكی باشتر، واقعبینی و هەستكردن بە بەرپرساریەتیی هەمووان، پێكەوە كاركردن، هاوبەشی، تەبایی و یەكڕیزی دەخوازێت و بە گرنگییەوە دووپات لە پرۆسەی چاكسازی و كاركردن بۆ باشتركردنی گوزەر‌انی هاووڵاتییان و پێویستیی پاراستنی ئازادییەكان و ئازادیی ڕادەربڕین و دانانی چوارچێوە و میكانیزمێك بۆ بەردەوامیی ئەم كۆبوونەوانە كردەوە.

سەرۆكی هەرێم سوپاسی هێز و لایەنە سیاسییەكانی كرد بۆ بەدەنگەوەهاتنی بانگهێشتەكەیان و سازدانی ئەم كۆبوونەوەیە و دووپاتی كردەوە كە تاكە ڕێگەی تێپەڕاندنی كێشە و تەنگژەكان و پاراستنی ماف و دەسكەوتەكان و پێگەی دەستووری و فیدراڵیی هەرێمی كوردستان، تەبایی و پێكەوەیی و یەكڕیزییە، سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانیش لەم پێناوەدا بەردەوام دەبێت و بە چەتری كۆكەرەوەی هەمووان دەمێنێتەوە.


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل