میدیا ڕه‌ووف بێگه‌رد یه‌كێك له ئه‌كته‌ر و شانۆكاره به‌ناوبانگه‌كانی كوردستان، وۆركشۆپێكی له‌باره‌ی "جێنده‌ر و جه‌سته‌ی ژن" له خولی دیداری ژنانی شانۆكار به ئۆنلاین پێشكه‌ش كرد.
له‌مباره‌یه‌وه چه‌ند شانۆكارێكی به‌شدار له وۆركشۆپ و دیداره‌كه، باس له گرنگیی وۆركشۆپی "جێنده‌ر و جه‌سته‌ی ژن"ی مامۆستا میدیا ده‌كه‌ن و بۆچوونی خۆیان بۆ "وشه" ده‌خه‌نه روو.
سۆزدار حاجی شانۆكار ده‌ڵێ: یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌ی بووه هۆی به‌شداریكردنی من له‌م وۆركشۆپه‌دا، بێگومان ناونیشانی وۆركشۆپه‌كه بوو، جێنده‌ر بۆ جیاكردنه‌وه‌ی ژن و پیاو له ڕووی كولتووره‌وه داده‌نرێ كه به‌پێی كاریگه‌ریی كولتوور، كۆمه‌ڵ، كات، شوێن و ئاینه‌وه گۆڕانكاریی به‌سه‌ردا دێت، له كولتووری ئێمه جۆره ده‌ست به‌سه‌رداگرتنێك له جه‌سته‌ی ژن ده‌بینین و جه‌سته‌ی ژن به كۆمه‌ڵێك لایه‌ن ده‌به‌ستنه‌وه، ئه‌م به‌ستنه‌وه‌یه چ له لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌وه بێت یان له‌لایه‌ن ژنه‌كه‌وه خۆی بێت، بێگومان هه‌ردوو لایه‌نه‌كه كاریگه‌ریی كولتووره.
ئه‌م شانۆكاره پێی وایه، جه‌سته و بوونی ژن و پیاو ته‌نیا له ڕووه بایۆلۆجییه‌كه‌وه جیاوازییان هه‌یه، له سه‌رووی هه‌موو شتێكه‌وه مرۆڤبوون هه‌یه، به واتای ئه‌وه‌ی به بێ ڕه‌چاوكردنی هه‌موو لایه‌نه‌كان، گرنگیدانه به‌وه‌ی كه چ ژن چ پیاو هه‌ردووكیان مرۆڤن.
هه‌روه‌ها گوتی: ده‌بێت ئێمه وه‌ك شانۆكاران ئه‌و قۆناغی جیاوازییه وه‌لا بنێین و كارێكی باش له‌سه‌ر جه‌سته‌ی خۆمان له شانۆدا بكه‌ین، به‌هیوام ئه‌م وۆركشۆپه ببێته ئه‌زموونێكی زۆر باش و سوودێكی باش وه‌ربگرین.
كاڵێ كه ئه‌كته‌ر و شانۆكارێكی تازه‌پێگه‌یشتووه و له سه‌ره‌تای كاره هونه‌رییه‌كانیه‌تی، له‌باره‌ی ئه‌م وۆركشۆپه ده‌ڵێ: بابه‌تی جێنده‌ر تایبه‌ت و گرنگه و پێویسته زیاتری له‌باره‌وه بزانم، له‌به‌رئه‌وه‌ی جه‌سته و به‌كارهێنانی جه‌سته له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ، به‌شێكی سه‌ره‌كی و هه‌ره تایبه‌ته بۆ ئه‌كته‌ر.
ده‌شڵێ: بابه‌ته‌كه سه‌ره‌تا له‌لای من ئاڵۆز بوو، به‌ڵام مامۆستا میدیا توانی زۆر به جوانی بۆم ڕوون بكاته‌وه و به‌رچاوڕوونییه‌كی ته‌واوی دا، هه‌ڵبه‌ته ئه‌مه‌ش توانای مامۆستا میدیا پێشان ده‌دات كه پڕ زانیاری و وزه‌یه‌كی باشه له ڕوونكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كه، هه‌روه‌ها دڵنیام سوودێكی باشی بۆ من ده‌بێت، چونكه جگه له بابه‌ته سه‌ره‌كییه‌كه سوود له ئه‌زموون و كاره هونه‌رییه‌كانی ئه‌م ژنه سه‌ركه‌وتووه ده‌بینم و هه‌ر لێره‌شه‌وه سوپاسی ده‌كه‌م بۆ ماندوو بوون و دڵسۆزی.
زنار شانۆكارێكی تری به‌شدار له وۆركشۆپه‌كه‌یه و ده‌ڵێ: دڵخۆشم به به‌شداربوون له‌م وۆركشۆپه و له‌گه‌ڵ خاتوونی زۆر جوانی به ئه‌زموون مامۆستا میدیا، به سوپاسه‌وه هه‌موو هـه‌وڵێك بۆ ئه‌وه ده‌دات زانیاریمان له‌سه‌ر بـابه‌تی جێنده‌ر پێ بدات، به ئه‌زموونه‌كانی خۆی و میـوانه‌كانی كه هاوكارمانن، بۆ ئێمه بـه‌تایبه‌تی كه فێرخوازین و له قۆناغی فێربوونداین باسی جێنده‌ر ده‌كات.
به بڕوای ئه‌و شانۆكاره، بابه‌تی جێنده‌ر و جه‌سته‌ی ژن بابه‌تێكی گرنگ و كۆمه‌ڵایه‌تییـه كه ئه‌وان وه‌ك ژن و كچ هه‌موو كات ڕووبه‌ڕووی ده‌بنه‌وه.
هیوای خواست نموونه‌ی ئه‌م چالاكییانه زۆر بێت، بۆ ئه‌وه‌ی ساڵانه كۆمه‌ڵێك كه‌سی زیاتر به‌شدار بن و به‌ر ئه‌م باسه تایبه‌تانه بكه‌ون و له‌گه‌ڵ ئه‌م مامۆستا پڕ ئه‌زموونانه به‌ركه‌وتنیان هه‌بێ.
ڤیان شێروان شانۆكاری به‌شدار له خوله‌كه كه ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، سوودێكی زۆری له وۆركشۆپه‌كه‌ی میدیا ڕه‌ئووف بێگه‌رد بینیوه. گوتی: باسه‌كه‌ی مامۆستا میدیا له‌سه‌ر كارێكی زیندووه كه ئه‌ویش كاركردنه له‌سه‌ر جێنده‌ر، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له كۆمه‌ڵگا و دواتر بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی له شانۆدا هه‌یه، تا ئێسته كۆمه‌ڵێك خاڵی گرنگی باسه‌كه‌مان به ئۆنلاین ئه‌نجام داوه.