پڕۆژەی چاندنی یەك ملیۆن نەمام لە ئامانجەكەی نزیك بووەتەوە

:: PM:03:01:13/04/2021 ‌
هاوكار عەلی سەرۆكی ڕێكخراوی هەسار كە پڕۆژەی چاندنی یەك ملیۆن داربەڕوویان هەیە، لە دیمانەیەكی لەگەڵ "وشە"دا ڕای دەگەیەنێت، پڕۆژەی چاندنی یەك ملیۆن داربەڕوو ئێستە لە ئامانجەكەی نزیك بووەتەوە، سەرەتا بە دوو هەزار نەمام دەستمان پێ‌ كرد، بۆ ساڵی داهاتوو ئامادەكاری بۆ چاندنی 200 هەزار نەمام دەكەین، ئەوەیش ئەو بەرنامەیەی بۆمان داناوە، لە ماوەی پێنج ساڵ دەگاتە یەك ملیۆن دار و لە چەند وڵاتێكی ئەوروپا سپۆنسەر دەكرێین.

ئێوە بۆچی بانگەشەی زیادبوونی ئەندامەكان دەكەن بۆ پرۆگرامی ژینگەیی، لە كاتێك هۆشیارییەكی پێویست لەسەر ژینگە دروست بووە؟ من ئێستە بۆچی بەشداری بكەم؟
لەڕێی ئەم پرۆگرامەوە ئاشنا دەبیت بە تۆڕێكی تایبەت بە ژینگەدۆستان و زانستخوازان لە سەرانسەری كوردستاندا. لە هەموو شوێنێك دەتوانن بڕۆنە ناو ئەم پرۆگرامە، ئەو پرۆگرامە تەنیا بۆ شەش مانگە، ئەگەر توانیت لەم شەش مانگە خاڵە پێویستەكان كۆ بكەیتەوە، ئەوا دەبیت بە ئەندامی ڕێكخراوی هەسار و بەشداریكردنت لەم پرۆگرامە دەبێتە هۆی بەرەوپێشبردنی ئەزموونی كاری خۆبەخشیت و بەشداری فروانترت پێ‌ دەدرێ‌ لەسەر چالاكییە ژینگەییەكان.

پڕۆژەكەی ئێوە لە بچووكییەوە دەستان پێ‌ كرد، ئێستە هەنگاوێكی گەورەی ناوە ئەو پێشچوونە چۆن بوو؟
لێكتێگەیەشتنێكمان لەگەڵ زانكۆی جیهان هەولێر ئەنجام دا و یەكەم خانووی پلاستیكمان دامەزراند، كە تایبەت دەبێت بە پڕۆژەی "ملیۆنێك داربەڕوو. خانووە پلاستیكییەكە 51 مەتر درێژە و نۆ مەتر پانە. لە توانایدایە نزیكەی 50 هەزار نەمام لەخۆ بگرێت و تایبەت دەكرێت بە ئامادەكردنی ئەو نەمامی بەڕووانەی كە لە چوارچێوەی پڕۆژەی "ملیۆنێك داربەڕوو" لە سروشتی هەرێمی كوردستان دەچێنرێن و زۆریش فراوان دەكرێت، بۆیە بەو هەنگاوەی و چەند هەنگاوێك لە پڕۆژەكەی ئێمە، پێشچوونی باشمان بەخۆوە بینی.

چاندنی یەك ملیۆن داربەڕوو كەی و چۆن تەواو دەبێت؟
"ملیۆنێك داربەڕوو" پڕۆژەیەكی ژینگەییە، ئامانجی پڕۆژەكە چاندنی یەك ملیۆن داربەڕووە لە تەواوی هەرێمی كوردستان و لە ماوەی پێنج ساڵدا تەواو دەبێت، ئێستە ئامادەكاری بۆ چاندنی 200 هەزار دار دەكرێ، چونكە پێویستە بزانرێت ئامادەكردنی ئەو نەمامانە و چاندنیان كاتی پێویستە.

كێ‌ پارەی خەرجییەكانتان دابین دەكات؟
پڕۆژەكە خۆبەخشییە و هەمووان هەلی بەشداریكردنیان هەیە چ بە بەخشینی پارەی ژمارەیەك نەمام، یان بە كاری خۆبەخشی لە ڕۆژی چاندنی نەمامەكان، كەسایەتیی هەولێر هەیە سپۆنسەری پێنج هەزار داری كردووە، هەر دارێك بەرهەمهێنان و تا چاندنی هەزار دینار تێچوویەتی، چەندان كەس لە وڵاتان و شارەكانی تری هەرێمی كوردستان، پشتگیری و سپۆنسەری خۆیان ڕاگەیاندووە، هەر كەسێكیش بیەوێت دەتوانێ چەند داری بیەوێت سپۆنسەری بێت.

هیچ لایەنێكی دەرەوەی هەرێمی كوردستان پشتگیریی لە پڕۆژەكەی ئێوە دەكات؟
لەلایەن چەندان ژینگەدۆست و پارێزگاری ژینگەیی لە وڵاتانی ئەوروپا پێوەندیمان پێوە كراوە، ئێستە كۆمپانیاییەكی بەریتانی بەتەنیا سپۆنسەری 25 هەزار داربەڕوو دەكات و ئەوان دەڵێن، ئەوەی ئێمە یارمەتی هەرێمی کوردستان بدەین لە زیادکردنەوەی دارستانی سروشتی، ئێوە بەئاسانی دەیكەن، ئەویش چاندنی دارە بۆیە پشتگیرمانن.

من نەمامێك سپۆنسەر بكەم لە بەرانبەری چیم پێ‌ دەدرێ‌ جگە لە سوودە ژینگەییەكە؟
ئەو كەسانەی پارەی ژمارەیەك نەمام دەبەخشن، لەلایەن ستافی پڕۆژەكەوە كارتی دیاریان پێ دەدرێت كە لەسەر كارتەكە ناوی ئەو كەسە یان ئەو شوێنە دەنووسرێت كە نەمامەكانی بۆ كراوەتە دیاری وەك یەكەم هەنگاو، دوو هەزار نەمامی داربەڕوو لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2020 لە دارستانی كەسنەزان لە شاری هەولێر چانرا، بەم شێوەیە بوو.

بۆچی داری بەڕووتان هەڵبژاردووە؟
داربەڕوو یەكێكە لەو دارانەی لە چیاكانی هەرێمی كوردستان زۆرترینە، بەجۆرێك 90%ـی دارەكانی هەرێمی كوردستان داربەڕوون، بۆیە گرنگیدان و خۆگونجاندنی ئەو دارە و سوودەكانی، وایكرد ئەو دارە هەڵبژێرین و بیكەین بە كەرەستەی یەكەمی پڕۆژەكەمان، لە هەموو شوێنێك كاتێك ئامادەكاری بۆ پڕۆژەكە دەكەین، داربەڕوو ئەو شوێنە سەوز دەكات لە بەرچاومان دادەنێین.

تا ئێستە ئەو بەربەستانە چین كە ڕێگر بوونە لە بەدرەم پڕۆژەكەتان؟
زۆرجار ستافەكەمان تووشی چەند هۆكارێك دەبن، وایكردووە پڕۆژەكە بەربەستی بۆ دروست ببێت، بۆ نموونە هەندێك جار لە پڕێك كۆمەڵێك نەمام وشك بوون لە كاتی بەرهەمهێنان، دوای لێكۆڵینەوە دەركەوتووە هەڵەكە لە ئێمە بووە، ئەوەیش وایكردووە لەو هەڵەیەوە بە هەموو ئەندامەكان پێداچوونەوە بە بەرهەمهێنانەكە بكەین، یان هەندێك پێداویستی هەیە هەندێكجار بەردەست نییە، هەوڵی زۆر دەدرێت بۆ ئەوەی ئەو پێداویستییە دابین بكرێت، ئەوەیش ماندووبوونێكی زۆری دەوێت.




وشە - رامیار جەواد