زیۆف رۆزنكرانز هه‌ڵه‌چن و به‌ڕێوه‌به‌ری پڕۆژه‌ی "ده‌ستنووس و وتاره‌كانی ئه‌لبێرت ئه‌نشتاین" ده‌ڵێ، تێكچوونی باری ده‌روونی كوڕه‌كه‌ی، وایكرد ئه‌نشتاین تا كۆتایی ته‌مه‌نی به خه‌مباری بژی.
مه‌به‌ستی زیۆف كوڕه بچووكه‌كه‌ی ئه‌نشتاینه، ئه‌و ناوی ئێدوارد بوو كه كه‌سوكاری به ته‌ته بانگیان ده‌كرد، ماڵباتی ئه‌نشتاین هه‌ر له منداڵییه‌وه نیگه‌رانی ته‌ندروستی ته‌ته بوون، ئه‌و نیگه‌رانییه له‌خۆڕا نه‌بوو، ئێدوارد كاتێك پێی نایه ته‌مه‌نی گه‌نجی، تووشی نه‌خۆشی ده‌روونی بوو.
رۆزنكراز له چاوپێكه‌وتنێكدا بۆ ئاژانسی بی بی سی ده‌ڵێ، ئێدوارد ژیانێكی پڕ له خه‌م و ئازاری به‌ڕێ كرد.
ئه‌لبێرت ئه‌نشتاین و میلڤا ماریچ "هاوسه‌ری یه‌كه‌می" كه ئه‌ویش فیزیاناس بوو، سێ منداڵیان هه‌بوو، منداڵه گه‌وره‌كه‌یان كچێك بوو به ناوی لیزهرل كه چاره‌نووسی یه‌كجار لێڵ و نادیاره، منداڵی دووه‌میان هانس ئه‌لبێرته و له سه‌رده‌می خۆیدا زانایه‌كی به ناوبانگ بوو، به‌ڵام هه‌رگیز نه‌یتوانی تۆزی پێی باوكی بشكێنێت.
هانس له‌باره‌ی باوكیه‌وه ده‌ڵێ، ئه‌وه‌ی باوكمی یه‌كجار تایبه‌ت كردبوو، كۆڵنه‌دانی بوو له لێكۆڵینه‌وه‌كانی، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بگه‌یشتایه بنبه‌ستیش، هیچ كات چۆكی دانه‌ده‌نا و جارێكی تر ده‌ستی به لێكۆڵینه‌وه ده‌كرده‌وه. له‌وانه‌یه ته‌نیا كێشه‌یه‌ك كه رووبه‌ڕووی بووبێته‌وه و خۆی بۆ به‌ده‌سته‌وه دابێت، من بم. ئه‌و هه‌وڵی ده‌دا رێنوێنیم بكات، به‌ڵام زۆر زوو به‌مه‌ی زانی كه كه‌سێكی كهلهڕهقم و ئه‌و هه‌وڵانه‌ی ته‌نیا كاتی لێ به فیڕۆ ده‌ده‌ن.
لیزهرل، كچه نادیاره‌كه‌ی ئه‌نشتاین
یه‌كه‌م منداڵی میلڤا و ئه‌نشتاین له ساڵی 1902 و به‌ر له هاوسه‌رگیرییان له دایك بوو، چاره‌نووسی ئه‌و كچه له‌دوای ته‌مه‌نی دوو ساڵییه‌وه نادیاره. رۆزنكرانز ده‌ڵی، راستییه‌كه‌ی ئێمه نازانین له‌دوای ته‌مه‌نی دوو ساڵییه‌وه ئه‌و كچه چی لێ به‌سه‌ر هاتووه، وه‌ك ئه‌وه‌ی له مێژوودا ون بووبێت.
زیۆف رۆزنكرانز رۆڵێكی به‌رچاوی هه‌بووه له كۆكردنه‌وه‌ی وتار و ده‌ستنووسه‌كانی ئه‌نشتاین، تا ئێسته هه‌زاران وتاری زانستی و نامه و ده‌ستنووسی ئه‌و زانا بلیمه‌ته‌ی فیزیا و براوه‌ی خه‌ڵاتی نۆبڵی كۆ كردووه‌ته‌وه، پڕۆژه‌كه له لایه‌ن دامه‌زراوه‌ی ته‌كنه‌لۆجیای كالیفۆرنیا ده‌ستی پێ كردووه و زانكۆی پرینستۆنی ئه‌مه‌ریكا و زانكۆی عیبری ئیسرائیل پاڵپشتی لێ ده‌كه‌ن.
نامه و ده‌ستنووسه‌كانی ئه‌نشتاین، بوون به سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگ بۆ ئه‌وه‌ی دركێكی جیاواز و مرۆڤانهترمان له ژیان و تێڕوانینی ئه‌و زانایه هه‌بێت، له رێی ئه‌و نامانه‌وه بوو زانرا ئه‌نشتاین كچێكی به ناوی لیزهرل هه‌یه.
میلڤا و ئه‌نشتاین له سویسرا ده‌ژیان و بۆ له‌دایكبوونی منداڵه‌كه، چووه‌وه ماڵی باوكی له سربیا، ئه‌نشتاین له نامه‌یه‌كدا بۆی نووسیوه: "منداڵه‌كه ته‌ندروسته؟ به باشی ده‌گری؟ چاوه‌كانی چۆنن؟ زیاتر به كاممان ده‌چێت؟ كێ شیری پێ ده‌دات؟ برسی نییه؟ ده‌بێ سه‌ری كه‌چه‌ڵ بێت. تا ئێسته نه‌مبینیوه، به‌ڵام عاشقانه خۆشم ده‌وێ".
به‌ڵام بۆچی له سربیا منداڵه‌كه‌یان بوو؟
دایكی ئه‌نشتاین دژی هاوسه‌رگیریی ئه‌نشتاین و میلڤا بوو، هانوك گاتفرۆند نووسه‌ری كتێبی "ئه‌نشتاین له‌باره‌ی ئهنیشتهینهوه ده‌دوێ" ده‌ڵێ، دایكی ئه‌نشتاین وایده‌زانی كوڕه‌كه‌ی به‌و هاوسه‌رگیرییه داهاتووی خۆی له‌ناو ده‌بات، بۆیه هۆشداری ئه‌وه‌ی به ئه‌نشتاین دابوو، ئه‌گه‌ر میلڤا دووگیان بێت، كاره‌ساتێكی گه‌وره روو ده‌دات. له‌و سه‌رده‌مه‌دا له ئه‌وروپا دووگیانبوونی ژنان به‌ر له‌وه‌ی هاوسه‌رگیری بكه‌ن، وه‌ك رێسواییهكی گه‌وره سه‌یر ده‌كرا.
وه‌فاداری و عه‌شق
ئه‌نشتاین و میلڤا یه‌كتریان زۆر خۆش ده‌ویست، پێوه‌ندیی نێوانیان كاتێك دروست بوو كه ئه‌نشتاین ته‌مه‌نی 19 ساڵان بووه، میلڤاش چوار ساڵ له‌و گه‌وره‌تر بووه، به‌ڵام ئه‌ویش هاوشێوه‌ی ئه‌نشتاین فیزیاناس بوو و له یه‌ك به‌ش ده‌یانخوێند.
ئه‌و دوو فیزیاناسه له دامه‌زراوه‌ی ته‌كنه‌لۆجیای فیدراڵی زووریخ هاوپۆل بوون، میلڤا تاكه خوێندكاری كچی ئه‌و زانكۆیه بوو و دووه‌م ژنیش بوو كه توانی خوێندنی به‌شی بیركاری و فیزیا له‌و زانكۆیه ته‌واو بكات.
ڤاڵته‌ر ئیزاكسۆن نووسه‌ری كتێبی "ژیان و دنیای ئه‌نشتاین" ده‌ڵێ، له نامه‌كانی ئه‌نیشتاینه‌وه ده‌توانین په‌ی به‌و عه‌شقه ببه‌ین كه بۆ میلڤا هه‌یبووه و هه‌ر له‌و نامانه‌ش د‌رك به ناڕازیبوونی دایكی ئه‌نشتاین ده‌كه‌ین به‌رانبه‌ر به هاوسه‌رگیرییه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ میلڤا.
له نامه‌یه‌ك دا بۆ میلڤا، ئه‌نیشتاین نووسیویه‌تی، دایك و باوكم وا به كوڵ بۆم ده‌گرین، وه‌ك ئه‌وه‌ی مردبێتم. ئه‌وان به‌رده‌وام گله‌ییم لێ ده‌كه‌ن كه وه‌فاداریم بۆ تۆ تووشی رێسوایی كردووم، وا ده‌زانن تۆ ته‌واو نیت.
به‌ڵام ئه‌نشتاین گوێی به‌و داونهریتانه نه‌دا و به قسه‌ی دڵی كرد، كاتێك میلڤا دووگیان بوو، نامه‌یه‌كی بۆ نووسی و به‌ڵێنی دا هاوسه‌رگیریی له‌گه‌ڵ بكات و ببێت به هاوسه‌رێكی نموونه‌یی و گوتی، به‌ڵام تاكه كێشه‌مان ئه‌وه‌یه چۆن بتوانین لیزهل لای خۆمان رابگرین، هیوادارم ناچار نه‌بین له ده‌ستی بده‌ین.
ئه‌نشتاین ئه‌وه‌ی ده‌زانی كه كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی به چ دیدێكهوه سه‌یری منداڵی "ناشه‌رعی" ده‌كه‌ن، ده‌یزانی ئه‌و بابه‌ته چ كێشه‌یه‌ك له‌دوای خۆی دروست ده‌كات، به‌تایبه‌ت بۆ كه‌سێك كه ده‌یویست كارمه‌ندێكی حكوومی خاوه‌ن پێگه و رێز بێت.
چی به‌سه‌ر كچه‌كه‌یان هات؟
ئه‌نشتاین هه‌رگیز كچه‌كه‌ی خۆی نه‌بینی، له‌به‌رئه‌وه‌ی كاتێك هاوسه‌ره‌كه‌ی گه‌ڕایه‌وه سویسرا، منداڵه‌كه‌ی لای دایكی به‌جێ هێشتبوو. ئیزاكسۆن ده‌ڵێ، له‌وانه‌یه یه‌ك له كه‌سه نزیكه‌كانی میلڤا كچه‌كه‌یانی به‌خێو كردبێت، به‌ڵام هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك بۆ ئه‌مه نییه.
هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی له‌باره‌ی كچه‌كه‌ی ئه‌نشتاینه‌وه به‌رده‌ستن، له نامه‌كانی بۆ میلڤاوه زانراوه، به‌ڵام له كاتێكی دیاریكراوه‌وه ئیتر له هیچ یه‌ك له نامه‌كانی نێوانیاندا باس له‌و كچه نه‌كراوه‌ته‌وه.
هه‌ندێك له مێژوونووسان و رۆژنامه‌نووسانی سربیا، هه‌وڵیان دا سه‌ره‌داوێك له‌وباره‌وه بدۆزنه‌وه و له‌ناو ئه‌رشیڤ و به‌ڵگه‌كاندا زۆر به‌دوایدا گه‌ڕان، به‌ڵام هیچیان ده‌ست نه‌كه‌وت. دوایین جار كه ئه‌نشتاین له نامه‌كانیدا ئاماژه‌ی به كچه‌كه‌ی داوه، ئه‌و كاته بووه كه دڕكهومێكوتهی گرتووه، ئیتر دیار نییه ئاخۆ له‌و نه‌خۆشییه رزگاری بووه یان نا؟.
ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجی مێژوونووسانه، بێده‌نگی ئه‌نشتاینه له‌و بابه‌ته، ئه‌لبێرت ئه‌نشتاین تا كاتی مردنی "ساڵی 1955" هیچ شتێكی له‌باره‌ی كچه‌كه‌یه‌وه بۆ كه‌س باس نه‌كردووه. ساڵی 1986، واتا 31 ساڵ دوای مردنی ئه‌نشتاین، له رێی نامهكانیهوه كه بۆ میلڤای هاوسه‌ری نووسیوه، به‌مه زانراوه ئه‌نشتاین كچێكی هه‌بووه.
هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی
ساڵی 1903 ئه‌نشتاین كارێكی هه‌میشه‌یی له بێرن دۆزییه‌وه و میلڤا له سربیا گه‌ڕایه‌وه، بۆیه ده‌ستبه‌جێ هاوسه‌رگیرییان كرد. ساڵێك دوای هاوسه‌رگیرییه‌كه كوڕێكیان بوو و ناویان نا "هانس ئه‌لبێرت"، شه‌ش ساڵ دواتر كوڕێكی تریان بوو و ناویان نا ئێدوارد.
هانس ئه‌لبێرت ده‌ڵی، كاتێك دایكم سه‌رقاڵ ده‌بوو، باوكم ده‌ستی له كاره‌كانی هه‌ڵده‌گرت و چاودێری ئێمه‌ی ده‌كرد. بیرمه چیرۆكی بۆ ده‌گێڕاینه‌وه و زۆربه‌ی كاته‌كانیش كه‌مانچه‌ی بۆ لێ ده‌داین بۆ ئه‌وه‌ی ژیر ببینه‌وه.
نه‌خۆشكه‌وتنی ئێدوارد
ئێدوارد ته‌مه‌نی منداڵی به قورسی به‌ڕێ كرد، زۆربه‌ی كاته‌كان نه‌خۆش بوو و به هه‌فته له‌سه‌ر جێ ده‌كه‌وت، له ته‌مه‌نی حه‌وت ساڵی "1917" كاتێك سییه‌كانی تووشی هه‌وكردن ده‌بێت، ئه‌نشتاین له نامه‌یه‌كدا بۆ هاوڕێیه‌كی ده‌نووسێ: دۆخی كوڕه بچووكه‌كه‌م یه‌كجار خه‌مباری كردووم.
له كتێبێكدا به ناوی ئهنیسكڵۆپێدیای ئه‌نشتاین ئاماژه دراوه، ئێدوارد قوتابییه‌كی نایاب بوو و زۆری حه‌ز له هونه‌ر و شیعر نووسین و ژه‌نینی پیانۆ بوو. ئێدوارد له‌گه‌ڵ باوكی له‌باره‌ی موزیك و فه‌لسه‌فه گفتوگۆی رژدی هه‌بوو و وه‌ك ئه‌نشتاین ده‌ڵێ، كوڕه‌كه‌م خه‌ریكه به قووڵی له‌باره‌ی پرسه گرنگه‌كانی ژیان بیر ده‌كاته‌وه.
كۆتایی عه‌شق
له‌گه‌ڵ هه‌ڵكشانی چالاكییه‌كانی ئه‌نشتاین و لێكۆڵینه‌وه زانستییه‌كانی، پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ میلڤا به‌ره‌و ساردی رۆیشت. له‌و ناوه‌دا پێوه‌ندیی خۆشه‌ویستی ئه‌نشتاین له‌گه‌ڵ پوورزاكهی "ئیلسا" هێنده‌ی تر دۆخه‌كه‌ی شێواند.
ساڵی 1914 له به‌رلین ده‌ژیان، به‌ڵام تێكچوونی پێوه‌ندییه‌كه‌یان كه زیاتر به‌هۆی هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی ئه‌نشتاینه‌وه بوو كه به‌رده‌وام به چاوێكی سووك سه‌یری میلڤای ده‌كرد، ناچاری كرد له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانی بچنه‌وه سویسرا و دواجار له ساڵی 1919 له یه‌كتر جیا بوونه‌وه، به‌ڵام دووریی منداڵه‌كانی بۆ ئه‌نشتاین یه‌كجار قورس بوو، بۆیه هه‌موو هه‌وڵه‌كانی خسته گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی پێوه‌ندی به‌رده‌وامی له‌گه‌ڵ كوڕه‌كانی هه‌بێت. روزنكرانز ده‌ڵی، ئه‌نشتاین باوكێكی یه‌كجار میهره‌بان بوو.
ئه‌نشتاین له‌كاتی شه‌ڕی جیهانی یه‌كه‌مدا هه‌ر كات بۆی بلوایه، ده‌چوو بۆ سه‌ردانی كوڕه‌كانی و له‌گه‌ڵ خۆی ده‌یبردن بۆ ده‌ره‌وه، كاتێكیش كوڕه‌كان گه‌وره بوون، بۆ به‌رلین بانگهێشتی ده‌كردن بۆ ئه‌وه‌ی له ده‌وری یه‌كتر كۆ ببنه‌وه.
ئه‌نشتاین به به‌رده‌وامی له‌گه‌ڵ هه‌ردوو كوڕه‌كه‌ی نامه‌ی ده‌گۆڕییه‌وه، به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ كوڕه بچووكه‌كه‌ی كه ئه‌وكات مێرمنداڵ بوو. نامه‌كانی نێوان ئه‌نشتاین و ئێدوارد یه‌كجار رۆشنبیرانه بوو، له نامه‌كانیاندا به ئاشكرا بۆچوونی خۆیان ده‌دركاند و ره‌خنه‌یان له بۆچوونی یه‌كتر ده‌گرت.
ئه‌نشتاین چێژی له‌و نامانه وه‌رده‌گرت كه له‌لایه‌ن ئێدوارده‌وه به ده‌ستی ده‌گه‌یشت و وه‌ك خۆی ده‌ڵێ، هۆكاره‌كه‌ی ته‌نیا ئه‌و زمانه به‌هێزه نه‌بوو كه نامه‌كه‌ی پێ ده‌نووسی، به‌ڵكو بیركردنه‌وه قووڵه‌كه‌ی ئێدوارد ئه‌و چێژه‌ی به من ده‌به‌خشی. ساڵی 1930 ئه‌نشتاین له نامه‌یه‌كدا بۆی ده‌نووسێت: ژیان وه‌ك لێخوڕینی پایسكل وایه، بۆ ئه‌وه‌ی هاوسه‌نگیت بپارێزی، ده‌بێ له لێخوڕین به‌رده‌وام بی.
پێوه‌ندیی ئه‌نشتاین و كوڕه گه‌وره‌كه‌ی هێنده‌ی پێوه‌ندی ئێدوارد گه‌رموگوڕ نه‌بووه، روزنكراز ده‌ڵێ، هانس كه‌سایه‌تییه‌كی پته‌وتری هه‌بوو و دیدی بۆ ژیان جیاواز بوو له ئێدوارد.
هانس زیاتر حه‌زی به كاری پراكتیكی و داهێنان و بابه‌ته ته‌كنیكییه‌كان بوو و ئه‌نشتاین ده‌ڵێ، كاتێك به منداڵی یاریم له‌گه‌ڵ ده‌كرد، له شێوه‌ی یاریكردنهكهیهوه دیار بوو كه حه‌ز له‌و بوارانه ده‌كات.
كۆتاییه‌كی غه‌مناك
ئێدوارد ئه‌نشتاین ئاواتی ئه‌وه‌بوو ببێت به پزیشكی ده‌روونی و هۆگری بیرۆكه‌ی زیگمۆند فرۆید بوو، ساڵی 1932 خوێندكاری به‌شی پزیشكی بوو و له ناكاو باری ته‌ندروستی تێكچوو و له نه‌خۆشخانه‌ی ده‌روونی سویسرا خه‌وێنرا، ساڵێك دواتر له ته‌مه‌نی 22 ساڵی ده‌ركه‌وت تووشی شیزۆفرێنی بووه.
ئه‌و بابه‌ته ئه‌لبێرت ئه‌نشتاینی به ته‌واوی رووخاند، بۆیه له نامه‌یه‌كدا ده‌نووسێ، ژیرترین كوڕم، كه‌سێك كه پێی وابوو به ته‌واوه‌تی له من ده‌چێ، تووشی نه‌خۆشییه‌كی كوشنده بوو.
ساڵی 1933 نازییه‌كان تا ده‌هات له گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌ڵمانیا نزیك ده‌بوونه‌وه، ئه‌وه وایكرد ئه‌نشتاین ناچار بێت ئه‌ڵمانیا جێ بهێڵێت و به‌ره‌و ئه‌مه‌ریكا بڕوات، ئه‌نشتاین چه‌ند رۆژێك به‌ر له رۆیشتنی بۆ ئه‌مه‌ریكا، سه‌ردانی ئێدواردی كرد، ئه‌وه دوا بینینی باوك و كوڕ بوو و ئیتر هه‌رگیز نه‌یتوانی ئێدوارد ببینێته‌وه.
هه‌میشه میلڤای دایك ئاگای له ئێدوارد ده‌بوو، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی ئێدوارد نه‌خۆشییه‌كه‌ی زیاتر ته‌شه‌نه‌ی كرد و میلڤاش به قورسی نه‌خۆش كه‌وت، به ناچار له نه‌خۆشخانه‌یه‌كی ده‌روونی خه‌وێنرا. ساڵی 1948 میلڤا كۆچی دوایی كرد، ئه‌ركی سه‌رپه‌رشتی ئێدوارد به كه‌سێك سپێرا كه ئه‌نشتاین خۆی مووچه‌ی مانگانه‌ی پێ ده‌دا، به‌ڵام له‌و ساڵانه‌دا ئیتر باوك و كوڕ نامه‌یان له‌گه‌ڵ یه‌ك نه‌ده‌گۆڕییه‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێدوارد دۆخی ده‌روونی به ته‌واوه‌تی تێكچووبوو.
ئێدوارد كۆتا ساڵه‌كانی ژیانی له نه‌خۆشخانه‌ی ده‌روونی به‌ڕێ كرد، ساڵی 1965 له ته‌مه‌نی 55 ساڵی به‌هۆی جه‌ڵته‌ی مێشكه‌وه له سویسرا كۆچی دوایی كرد.
هانس ئه‌لبێرتی بلیمه‌ت
هانس ئه‌لبێرت كوڕه گه‌وره‌كه‌ی ئه‌نشتاینه و له دامه‌زراوه‌ی ته‌كنه‌لۆجیای فیدراڵی زووریخ، بڕوانامه‌ی ئه‌ندازیاری شارستانی به‌ده‌ست هێنا. ئه‌نشتاین ساڵی 1924 له نامه‌یه‌كدا ده‌ڵی، هانسی من بووه به پیاوێكی به‌هێز و سه‌رڕاست. ساڵی 1936 له‌سه‌ر داوای باوكی چووه ئه‌مه‌ریكا و به یه‌كجاری له‌و وڵاته مایه‌وه.
رۆبێرت ئیتما و كۆرنۆڵیا مویهل له كتێبێكدا به‌ناوی "هانس ئه‌لبێرت ئه‌نشتاین" وه‌ك ئه‌ندازیارێكی پێشه‌نگ ناوی ده‌به‌ن، تیشك ده‌خه‌نه سه‌ر هه‌وڵه‌كانی بۆ تێگه‌یشتن له رێڕه‌وی رووباره‌كان. هانس رۆڵێكی كاریگه‌ری هه‌بووه بۆ تێگه‌یشتنی مرۆڤایه‌تی له چۆنیه‌تیی گواستنه‌وه‌ی ماده كانزاییه‌كان له رێی ئاوه‌وه. ساڵی 1988 ئه‌نجوومه‌نی ئه‌ندازیارانی شارستانی ئه‌مه‌ریكا، وه‌ك وه‌فایه‌ك به‌و خزمه‌تانه‌ی بۆ به‌ره‌وپێشبردنی زانست كردوویه‌تی، خه‌ڵاتێكیان به ناوی "خه‌ڵاتی هانس ئه‌لبێرت ئه‌نشتاین" دامه‌زراند.
قورسه كوڕی ئه‌نشتاین بی!
ئیزاكسۆن باس له‌وه ده‌كات كه ئه‌نشتاین جارێكیان به میلڤا ده‌ڵێ، منداڵه‌كانمان گرنگترین به‌شی ژیانی منن، ئه‌وانه ئه‌و میراته‌ن كه دوای له‌ناوچوونی جه‌سته‌شم، هه‌ر له رۆحمدا ده‌مێننه‌وه.
به‌ڵام زۆر ئاسانیش نییه ئه‌گه‌ر كوڕی كه‌سێكی بلیمه‌ت بی، ئێدوارد له‌وباره‌یه‌وه ده‌ڵی، هه‌ندێك جار زۆر قورسه كوڕی پیاوێكی ئه‌وه‌نده گرنگ بیت، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ست ده‌كه‌ی خۆت هیچ گرنگییه‌كت نییه.
جارێك له هانس ئه‌لبێرت ده‌پرسن، چ هه‌ستێكت هه‌یه كه كوڕی زانایه‌كی ئه‌وه‌نده گرنگی؟ هانس دوو ساڵ دوای داهێنانی "بیرۆكه‌ی رێژه‌یی تایبه‌ت"ی ئه‌نشتاین له دایك بووه. له وه‌ڵامدا ده‌ڵێ، ئه‌گه‌ر له سه‌ره‌تای منداڵیمه‌وه فێر نه‌ده‌بووم به ئازاره‌كان پێبكه‌نم، ئێسته دۆخه‌كه‌م به‌لاوه یه‌كجار قورس و ناخۆش ده‌بوو.
گۆتفرۆند كه نامه و وتاره‌كانی ئه‌نشتاینی كۆ كردووه‌ته‌وه ده‌ڵێ، پێوه‌ندییه‌كی جوان و سه‌رنجڕاكێش له نێوان باوكێكی میهره‌بان و منداڵه‌كانی هه‌بووه.
دوای چه‌ندان ساڵ ئه‌نشتاین ددانی به‌وه‌دا نا كه میلڤای هاوسه‌ری چه‌ند به جوانی منداڵه‌كانی په‌روه‌رده كردووه. ئه‌نشتاین ده‌ڵێ، من هه‌رگیز هاوسه‌رێكی باش نه‌بووم، به‌ڵام توانیومه رۆڵی باوكانه‌ی خۆم تا ئاستێك به باشی بگێڕم.