نووسەرێك 1500 كتێبی كرد دیاری كتێبخانه‌ی گوندێك

:: PM:07:21:02/03/2017 ‌
نووسەر و شاعیر نامیق هەورامی 2000 دوو هەزار كتێب و گۆڤاری لە هەولێری پایتەختی كوردستانەوە نارده‌وه‌ هەورامان كە نزیكەی 1500 كتێب لەو كتێبانە له‌ كتێبخانەكەی خۆی بوو كردی بە دیاری بۆ قوتابخانەی گوندی ئه‌حمه‌د ئاوا لە شارەدێی خورماڵ.

لە بارەی بەخشینی ئەو ژماره‌یه‌ له‌ كتێب بۆ كتێبخانەی گوندێك نامیق هەورامی بە "وشە"ی گوت "نزیكەی 1500 كتێب لە كتێبەكان كتێبی كتێبخانە تایبەتیەكەی خۆمن جگە لە هەندێكی تریان كە نزیكەی 500 كتێبێكن كە هەندێ لە دۆست و هاوڕێكانم بەخشیویانە، هاوكات دوو ڕێكخراو هاوكاریان كردووم لەدانان و ڕێكخستنی كتێبخانەكە".

دەربارەی دانانی كتێبخانەیەك لە گوند هەورامی بە "وشە"ی گوت "پێم خۆش بوو خزمەتێك بە ناوچەكەم بكەم بیرم كردەوە كتێب باشترین ڕێگە و كردنەوەی كتێبخانەیەك لە گوندێكی هەورامان كارێكی پیرۆزە".

هه‌ورامی ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، پێم خۆشه‌ خەڵك لە ڕوانگەی ئەدەب و ڕۆشنبیری و كتێبەوە لە ژیان بڕوانێت بەتایبەت لە ئەمڕۆدا ئێمە لە شەڕێكی گەورەین لەگەڵ كۆنە پەرستی بۆ بەرپەرچ دانەوەی ئەو بیر و بەرنامە پێویستە لەڕێگەی كتێب و كردنەوەی كتێبەوە باشترین چەكە لەدژی كۆنە پەرستی.

ئاشكرای كرد، ئه‌وه‌ كۆتا پڕۆژه‌ نییه‌ و لە داهاتوودا لەبەرنامەم دایە كاره‌كه‌م بەردەوام بێت و لەچەند گوند و ناوچەیەكی دیكەی هەورامان كتێب دەبەخشم . 

هه‌ورامان: شەفیق بانی شاری




وشە - عه‌لی سدیق