ته‌ها قادر راهێنه‌ری نوێی یانه‌ی هه‌ولێره و به بڕوانامه‌ی به‌رزی كاری راهێنه‌رایه‌تی و كۆمه‌ڵێك خه‌ون و ئامانجی گه‌وره‌وه، شانی داوه‌ته به‌ر ئه‌ركێكی قورس، ئه‌ویش سه‌ركردایه‌تیكردنی گه‌وره‌ترین یانه‌ی تۆپی پێیه له كوردستان، كه له‌سه‌ر ئاستی عێراقیش حیسابێكی تایبه‌تی بۆ ده‌كرێت.
ته‌ها قادر ئه‌زموونی زۆری كاركردنی هه‌یه، به‌ڵام ده‌ڵێت پێویستی به پاڵپشتیی كارگێڕیی یانه‌كه‌ی و جه‌ماوه‌ری وه‌رزشی و میدیاكاران هه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ی تیپێكی به‌هێز و ركابه‌ر بۆ یانه‌ی هه‌ولێر بنیات بنێت.
"وشه سپۆرت" چاوپێكه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ ئه‌و راهێنه‌ره گه‌نجه ئه‌نجام دا، كه راشكاوانه گفتوگۆ له باره‌ی پرسه گرنگه‌كانی تۆپی پێی یانه‌ی هه‌ولێر و ئامانجی داهاتووی كرا.
*یانه‌ی هه‌ولێر چۆن خۆی بۆ یارییه‌كانی داهاتووی خولی عێراق ئاماده ده‌كات، كه خوله‌كه به‌ره‌و كۆتاییه؟
ته‌نیا 7 یاری له‌م وه‌رزه‌ی خولی نایابی عێراق ماوه، ئێسته بارودۆخی ده‌روونی تیپه‌كه باشتره، به تایبه‌تی دوای بردنه‌وه‌مان له یانه‌ی نه‌فت، به‌ڵام هێشته ماوه بگه‌ینه ئاستی ئارامییه‌كی باش، به‌ڵام وه‌ستانی خولی عێراق بۆ ئێمه باش بوو، بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر خۆمان رێك بخه‌ینه‌وه، بۆیه ئێسته خه‌ریكی مه‌شق و چه‌ند یارییه‌كی دۆستانه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی به شێوه‌یه‌كی باش خۆمان رێك بخه‌ینه‌وه.
*شوێنی ئێسته‌ی یانه‌ی هه‌ولێر له ریزبه‌ندی خولی عێراقدا، به دڵی كه‌س نییه، تۆ چ شوێنێكت بۆ تیپه‌كه له كۆتایی خوله‌كه له ریزبه‌ندیدا داناوه؟
راسته، ریزبه‌ندی ئێسته به دڵی ئێمه و كارگێڕی و جه‌ماوه‌ر نییه، ئێمه هه‌وڵ ده‌ده‌ین له كۆتایی وه‌رزدا، تیپه‌كه له پله‌كانی هه‌شت تا ده‌یه‌م بێت.
*كارگێڕیی یانه‌ی هه‌ولێر تا چه‌ند متمانه‌ی به تۆ داوه له‌م ئه‌ركه‌ت، به تایبه‌تی بۆ باشتركردنی شوێنی تیپه‌كه له ریزبه‌ندی و باشتركردنی ئه‌نجامه‌كان؟
دوای كۆتاییهاتنی كاره‌كانی راهێنه‌ری پێشوو، ده‌توانم بڵێم ئیداره‌ی یانه‌ی هه‌ولێر گه‌وره‌ترین سه‌ركێشی كرد كاتێك منی بۆ راهێنه‌رایه‌تی یانه‌كه ده‌ستنیشان كرد، چونكه یارییه‌كی زۆر قورسمان هه‌بوو به‌رامبه‌ر یانه‌ی نه‌فت، بۆ خۆیشم گه‌وره‌ترین سه‌ركێشی بوو ئه‌ركی تیپه‌كه له‌م كاته‌دا وه‌رگرت، به‌ڵام من چوار ساڵ بوو وه‌ك یاریده‌ده‌ر له‌م تیپه‌دا كارم ده‌كرد و شاره‌زای هه‌موو یاریزانان و بارودۆخی تیپه‌كه بووم، بۆیه متمانه‌م به خۆم و تیپه‌كه‌م و یاریزانه‌كانیش هه‌بوو، كه ده‌توانین ئه‌نجامی باش تۆمار بكه‌ین، پشت به خوا له یارییه‌كانی داهاتووش بردنه‌وه و ئه‌نجامی باش ده‌هێنین، به تایبه‌تی بۆ ئه‌وه‌ی متمانه‌ی جه‌ماوه‌ریش به ده‌ست بهێنین، جگه له‌وه‌ش پێویسته بیسه‌لمێنین، ئێمه‌ی راهێنه‌رانی كورد هیچمان له راهێنه‌رانی ناوچه‌كانی تر كه‌متر نییه.
*هیچ ترسێكت نه‌بوو كاتێك له‌و بارودۆخه هه‌ستیاره‌دا تیپه‌كه‌ت وه‌رگرت و تیپه‌كه له ژێر فشاری زۆردا بوو؟
خۆی ژیانی راهێنه‌رایه‌تی پڕه له سه‌ركێشی، ئه‌گه‌ر سه‌ركێشی نه‌كه‌یت ئه‌زموون دروست ناكه‌یت، كه ئه‌زموونیش كۆنه‌كه‌یته‌وه، نابیته راهێنه‌رێكی سه‌ركه‌وتوو، بۆیه پێم وابوو پێویست بوو ئه‌م سه‌ركێشییه بكه‌م، بۆ ئه‌وه‌ی پێشانی بده‌ین ئێمه ناترسین، پێش یارییه‌كه‌ی به‌رامبه‌ر نه‌فتیش به یاریزانه‌كانم گوت، ئێمه نابێ بدۆڕێین و ئێمه توانای باشمان هه‌یه و له هه‌موو روویێكه‌وه باشین، چونكه راهێنه‌رانی پێش منیش له تیپه‌كه "رادان و لوئه‌ی سه‌ڵاح" تیپه‌كه‌یان به شێوه‌یه‌كی باش ئاماده كردبوو، به‌ڵام له زۆربه‌ی یارییه‌كان به هه‌ڵه‌ی تاكه كه‌سی ئه‌نجامه‌كانمان وه‌ك پێویست نه‌ده‌بوو، بۆیه ئه‌م ماوه‌یه به شێوه‌یه‌كی باش له‌سه‌ر هه‌ڵه‌كان كارمان كردووه و به‌رده‌وامیشین.
هه‌روه‌ها ده‌مه‌وێت بڵێم من واقیعییانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ تیپه‌كه ده‌كه‌م و خه‌یاڵ ناكه‌م، به پێی توانای تیپه‌كه و یاریزانه‌كان بیر له ئه‌نجام و پێشخستنی تیپه‌كه ده‌كه‌مه‌وه.
*پێت وایه كه‌موكوڕییه‌كانی تیپه‌كه له‌م وه‌رزه‌دا چیین، چونكه ئاست و ئه‌نجامه‌كان هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زی ده‌كرد، تۆ چۆن له‌م كێشه‌یه ده‌ڕوانی؟
پێم وایه تیپه‌كه له 80% یارییه‌كانی ئه‌م وه‌رزه باش یاریی كردووه، به‌ڵام دیسان ده‌ڵێم، هه‌ڵه‌ی تاكه كه‌سی بوونه هۆی دۆڕانه‌كان، ده‌توانم بڵێم 15 خاڵمان به هۆی هه‌ڵه‌ی تاكه‌كه‌سی له ده‌ست داوه، ئه‌مه‌ش هۆی خۆی هه‌بووه، به تایبه‌تی بارودۆخی ده‌روونی و جه‌سته‌یی یاریزانان، كه كاریگه‌ریی راسته‌وخۆی له‌سه‌ر تیپه‌كه‌وه هه‌بووه.
*ده‌مه‌وێت ئه‌وه بپرسم، بۆچی هه‌ولێر له یاریگه‌ی خۆیدا باش یاریی ناكات و ئه‌نجامی خراپه، ئه‌مه كێشه‌یه‌كه چه‌ند ساڵێكه هه‌یه، زۆربه‌ی جار له ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆی باشتره و له تیپی گه‌وره‌ش ده‌باته‌وه؟
گرنگترین شت بۆ راهێنه‌ر، مامه‌ڵه‌كردنه له‌گه‌ڵ واقیعی یاری، مه‌رج نییه له یاریگه‌ی خۆت ته‌نیا بۆ بردنه‌وه یاریی بكه‌یت، به بڕوای من پێویسته راهێنه‌ر سه‌ره‌تا تیپه‌كه‌ی بپارێزێت گۆڵی لێ نه‌كرێت، ئینجا بیر له گۆڵكردن بكاته‌وه، جا له هه‌ر یاریگه‌یه‌كدا بێت، ئێمه پێشتر له زۆر یاریدا سه‌ركێشیمان ده‌كرد، بۆ نموونه ئه‌م وه‌رزه له‌گه‌ڵ یانه‌ی كه‌رخ له یاریگه‌ی خۆماندا به درێژایی یاری ئێمه كۆنتڕۆڵمان كردبوو، هێرشمان ده‌برد، به‌ڵام كه گۆڵمان لێ كرا، نه‌مانتوانی گۆڵی به‌رامبه‌ر تۆمار بكه‌ینه‌وه، ئه‌مه سه‌ركێشییه‌كی هه‌ڵه بوو، ئه‌نجامه‌كه‌ی خراپ كه‌وته‌وه.
*به‌ڕاشكاوی پێم بڵێ، پێت وایه یاریزانانی ئێسته‌ی یانه‌ی هه‌ولێر هه‌موویان شایه‌نی ئه‌وه‌بن درێسی یانه‌كه بپۆشن؟
به دڵنیاییه‌وه، نه‌خێر.
*ئه‌ی هیچ گه‌ره‌نتییه‌ك هه‌یه وه‌رزی داهاتووش راهێنه‌ری یانه‌ی هه‌ولێر بیت؟
نه‌خێر، به‌ڵام ئه‌وه‌یان پێ گوتووم، ئه‌گه‌ر ئه‌نجامه‌كانی داهاتووی تیپه‌كه له‌م وه‌رزه‌دا باشتر بوون، وه‌رزی داهاتوو بیر له هێنانی راهێنه‌ر ناكه‌ینه‌وه.
*ئه‌گه‌ر ئه‌نجامه‌كانت باش بوون، به‌ڵام یانه‌ی هه‌ولێر راهێنه‌رێكی له ده‌ره‌وه‌ی كوردستان هێنا بۆ وه‌رزی داهاتوو، ئاماده‌ی جارێكی تر وه‌ك یاریده‌ده‌ر له تیپه‌كه‌دا كار بكه‌یته‌وه؟
به دڵنیاییه‌وه، نه‌خێر.
*ئه‌گه‌ر وه‌رزی داهاتوو به‌رده‌وام بوویت، پلانت چی ده‌بێ و بیر له چی ده‌كه‌یته‌وه؟
تیپه‌كه‌مان یاریزانی زۆر باشی له هه‌موو هێڵه‌كاندا هه‌یه، به‌ڵام هه‌ندێك كه‌موكوڕیمان هه‌یه، بۆ نموونه ئه‌گه‌ر ئێمه (شێركۆ كه‌ریم)ـمان هه‌یه، پێویسته شێركۆیه‌كی تریشمان هه‌بێت، له ناوه‌ڕاستیش شوان مامۆیه‌كی ترمان پێویسته، ئێمه 18 یاریزانی زۆرباشمان هه‌یه، به‌ڵام پێویستمان به چه‌ند یاریزانێكی تر هه‌یه له هه‌موو هێڵه‌كاندا، بۆ ئه‌وه‌ی تیپه‌كه زۆر تۆكمه بێت.
*میدیا و رۆژنامه‌كان چۆن پێشوازییان كردووی و سه‌رنجت چییه له‌سه‌ر میدیای وه‌رزشی و مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ تۆدا؟
هیوادارم رۆژنامه‌نووسان و كه‌ناڵه ته‌له‌ڤزیۆنییه‌كان پاڵپشتیی راهێنه‌ری كورد بكه‌ن، شتێك هه‌یه ده‌مه‌وێت باسی بكه‌م، له رۆژی یاریی به‌رامبه‌ر نه‌فت، كه یه‌كه‌م ئه‌ركی من بوو وه‌ك راهێنه‌ری هه‌ولێر، رۆژنامه‌نووسان و بێژه‌ری یارییه‌كان، ئه‌وه‌نده‌ی باسی رۆیشتنی راهێنه‌ر لوئه‌ی سه‌ڵاحیان كرد، ئه‌وه‌نده باسی ده‌ستبه‌كاربوونی منیان نه‌كرد، پێم وایه ئه‌وه كه‌موكوڕییه‌كی گه‌وره‌یه، چونكه پێویست بوو كاتێك راهێنه‌رێكی كورد سه‌ركێشییه‌كی له‌م جۆره ده‌كات، میدیا پاڵپشتیی بكات، ئێمه پێویستمان به پاڵپشتیی جه‌ماوه‌ر و میدیا هه‌یه.
هیواداریشم هه‌ندێك هه‌ڵه له‌سه‌ر ئێمه‌ی حیساب نه‌كه‌ن، كه پێشتر كراوه، هه‌ڵسه‌نگاندنی راهێنه‌ریش به ئه‌نجام ده‌كرێت، دڵنیام ئه‌گه‌ر هانده‌ران و میدیا پاڵپشتیی راهێنه‌رانی كورد بكه‌ن، ساڵانی داهاتوو ده‌یان راهێنه‌ری سه‌ركه‌وتوو دێنه مه‌یدان و سه‌ركه‌وتوو ده‌بن.
هه‌روه‌ها ده‌مه‌وێت بڵێم، كاتێك راهێنه‌رێكی به‌ئه‌زموون و گه‌وره دێته كوردستان، پێویسته چه‌ند راهێنه‌رێك كاری له‌گه‌ڵدا بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی سوودی لێ وه‌ربگرن.
*باشه، تۆ زیاتر خۆت له ستایلی كام راهێنه‌ر ده‌بینییه‌وه و سوودی زیاترت له كام راهێنه‌ر وه‌رگرتووه له ماوه‌ی كاركردنی خۆت وه‌ك یاریده‌ده‌ر؟
راستییه‌كه‌ی هه‌ر راهێنه‌رێك ستایل و شێوازی كاركردنی خۆی هه‌یه، به‌ڵام من زۆر سوودم له رادان گاسانینی كڕواتی و ئه‌كره‌م سه‌لمان وه‌رگرتووه، كه ئه‌وان به مامۆستای خۆم ده‌زانم.
*له كۆتاییدا چ په‌یامێكت هه‌یه؟
ده‌مه‌وێت بڵێم، بۆ دروستكردنی تیپێكی باش به یاریزانی كورد، پێویسته ئاراممان هه‌بێت و كاری باش بكه‌ین، بۆیه داوا له یانه‌ی هه‌ولێر و جه‌ماوه‌ری خۆشه‌ویست و میدیاكارانیش ده‌كه‌م، كاتمان پێ بده‌ن و ئارامتان هه‌بێت.
پڕۆفایل
ته‌ها قادر
بڕوانامه‌ی ماسته‌ر و دكتۆرای له زانستی مه‌شق به‌ده‌ست هێناوه
چوار ساڵ وه‌ك یاریده‌ده‌ری راهێنه‌ر له یانه‌ی هه‌ولێر له‌گه‌ڵ چه‌ند راهێنه‌رێك كاری كردووه.
چه‌ند ساڵێك وه‌ك راهێنه‌ر له خولی كوردستان له‌گه‌ڵ یانه‌كانی "ئاڵا و هندرێن" كاری كردووه و ئه‌نجامی باشی له خولی كوردستان به‌ده‌ست هێناوه.
وه‌ك یاریزان بۆ یانه‌كانی "هه‌ولێر، بروسك و ئارارات" و یانه‌ی تریش یاریی كردووه".
مامۆستای په‌یمانگه‌ی وه‌رزشییه له هه‌ولێر