ئەو هێمایەی ئۆزێل چ دەگەیەنێ؟

:: PM:01:13:20/10/2016 ‌

مەسعوود ئۆزێلی ئەستێرەی ئەڵمانی و یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی یانەی ئارسناڵی ئینگلیزی خۆشحاڵی خۆی بە پێشكەشكردنی ئاستێكی بەرز لە یارییەكەی شەوی رابردووی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا دەربڕی كە توانی 3 گۆڵ تۆمار بكات.

شەوی رابردوو یانەی ئارسناڵ لەنێو یاریگەی خۆی لە سێیەم یاریی قۆناغی كۆمەڵەكانی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا بە 6 گۆڵی بێ وەڵام لە یانەی لۆدۆگۆریتس رازگرادی بولگاری بردەوە.

ئۆزێل لەو یارییەدا ئەستێرە بوو و باشترین ئاستی پێشكەش كرد و توانی 3 گۆڵە لە خولەكانی 56، 83 و 86 تۆمار بكات.

لەبارەی ئەو هێمایەی كە دوای تۆماركردنی گۆڵەكان نمایشی دەكرد، ئۆزێل بۆ رۆژنامەی (سەن)ی ئینگلیزی گوتی: ئەو هێمایە خۆی لە پیتی (M) دەبینێتەوە كە پێشكەش بە میای كچی براكەم كردبوو.

زیاتر گوتی: میا یەكەم منداڵی براكەمە و هەروەها یەكەم منداڵی خێزانەكەشمانە كە بەم دواییە لە دایك بووە، ئەو هێمایەشم بۆ ئەوە كرد كە بزانێ چەندە ئەوم خۆش دەوێ كاتێك گۆڵ تۆمار دەكەم.

لەبارەی هێماكەوە ئارسین ڤینگەری راهێنەری یانەی ئارسناڵ گوتی: ئۆزێل هەستێكی جوانی هەیە بەتایبەتیش كاتێك گۆڵ تۆمار دەكات بەشێوەیەك هەڵسوكەوت دەكات كە سەرنجی وێنەگر و هاندەران بۆ خۆی رادەكێشێ.

راهێنەری یانەی ئارسناڵ هیواشی خواست ئۆزێل لە یارییەكانی داهاتووی یانەی ئارسناڵ لە هەردوو خولی نایابی ئینگلیزی و خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا بەهەمانشێوە لە پێشكەشكردنی ئاستە بەرزەكەی بەردەوام بێت و زۆرترین گۆڵ تۆمار بكات.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م