له دوێنێوه هاتنی مه‌كگۆرگ بۆ سلێمانی بووه‌ته باسى میدیاكان، به‌ڵام "وشه" به‌دواداچوونی وردی له پرسه‌كه كردووه له عێراق و كوردستاندا، ده‌ركه‌وت بۆچی هاتووه و چی ده‌وێت؟
هاتنی برێت مه‌كگۆرك له‌وكاته مانای وایه، گۆڕانكارییه‌ك له ناوچه‌كه روو ده‌دات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌ڕوونی به دیار كه‌وتووه، پرسی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی عێراق یه‌كلای ده‌كاته‌وه. هه‌روه‌ها پرسی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق، گفتوگۆی رژدی له‌باره‌وه كراوه.
ئه‌مه‌ریكا پشتیوانی هه‌ڵبژاردنه
له كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق گوتراوه، "ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه، به هیچ شێوه‌یه‌ك ناكرێت له‌به‌ر هیچ كه‌سێك و لایه‌نێك دوا بخرێت".
هه‌ڵمه‌ت غه‌ریب مامۆستای زانكۆ، بۆ "وشه" گوتی، "ئه‌مه‌ریكا ده‌یه‌وێ هێزی ده‌وڵه‌تی عێراق پێشان بدات، به‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت خاوه‌ن بڕیاره نه‌ك پیاوی ئاینی و لایه‌نی سیاسی به‌ئاره‌زووی خۆیان پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن دوا بخه‌ن".
كشانه‌وه‌ی موقته‌دا سه‌در
له رۆژی پێنجشه‌می رابردوودا موقته‌دا سه‌در رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در له په‌یامێكدا رای گه‌یاند، "به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كان ناكات، له پرۆسه‌ی سیاسی و پشتیوانی حكوومه‌تی ئێسته و داهاتوو ده‌كشێته‌وه". ئه‌مه چواره‌م جاره موقته‌دا سه‌در، كشانه‌وه‌ی خۆی له پرۆسه‌ی سیاسی راده‌گه‌یه‌نێـت.
لایه‌نه شیعه‌كان
له دوای بڕیاری سه‌در، هه‌ریه‌ك له سه‌رۆك كۆمار، سه‌رۆك وه‌زیران و زۆرینه لایه‌نه شیعه‌كان، داوایان له سه‌در كردووه په‌شیمان بێته‌وه له بڕیاره‌كه‌ی، به‌ڵام سه‌در وه‌ڵامی نه‌داونه‌ته‌وه. لایه‌نه‌كان پێیان وایه، "ناكرێت به‌بێ لایه‌نێكی سیاسیی گه‌وره هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه بچێت".
كازمی و بایدن
جۆ بایدن سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووكانی ئه‌مه‌ریكا و مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، له‌م مانگه‌دا كۆ ده‌بنه‌وه، مه‌كگۆرگ هاتووه ئاماده‌كارییه‌كان رێكبخات، هه‌روه‌ها له مانگی ئابی ئه‌مساڵ دانوستانی ستراتیجی نێوان ئه‌مه‌ریكا و عێراق به‌ڕێوه ده‌چێ.
مه‌كگۆرگ په‌یامی بۆ هه‌ولێر ناردووه؟
له دوێنێ شه‌وه‌وه ئاماژه به‌وه ده‌كرێت، برێت مه‌كگۆرگ كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ مه‌سروور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌ت كردووه، پاشان چووه‌ته سلێمانی و له‌گه‌ڵ یه‌كێتی كۆ بووه‌ته‌وه.
به‌پێی زانیاریی سه‌رچاوه فه‌رمییه‌كانی "وشه" ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن، "مه‌كگۆرگ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌هاتووه بۆ كوردستان، له‌گه‌ڵ كه‌سیش كۆبوونه‌وه‌ی نه‌كردووه.
كوردستان له‌گه‌ڵ چیدایه؟
هه‌ڵمه‌ت غه‌ریب ده‌ڵێت، "كوردستان دژی هێزی میلیشیایه له عێراق، له‌به‌رئه‌وه‌ی كوردستان دژی ده‌رچوونی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان له عێراقدایه، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌یه و كێشه‌ی نییه".
مه‌كگۆرك!
چوونی بۆ هه‌ر شوێنێك نیشانه‌ی گۆڕین یان گۆڕانكاری له ئارادایه، د. سۆران عه‌لی مامۆستای زانكۆ، بۆ "وشه" ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو، "كه‌س به ئاسانی ناتوانێ گه‌شته‌كانی مه‌كگۆرگ به ئاسانی شی بكاته‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ی ناكرێ ئه‌و هه‌موو گۆڕانكارییانه له ناوچه‌كه به رۆژ و شه‌وێك روو بدات، ئاماده‌كاری پێشوه‌خته‌ی بۆ نه‌كرابێت".
د. سۆران ده‌ڵێ، "له عێراق سه‌در له هه‌موو شتێك ده‌كشێته‌وه، لبنان شكست ده‌هێنێت، ئه‌مه‌ریكا له ئه‌فغانستان ده‌كشێته‌وه، له كوردستان دۆخی سلێمانی به 24 سه‌عات ته‌واو ده‌گۆڕێت و هاوسه‌رۆكێك به‌بێ ئه‌وه‌ی ناڕازی بێت، ده‌سه‌ڵات و پۆستی لێ وه‌رده‌گیرێته‌وه".
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق
"وشه" پێوه‌ندیی به ئه‌حمه‌د سه‌حاف گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق كرد، لێ پرسی مه‌كگۆرگ بۆچی هاتووه بۆ عێراق و باسی چی كراوه؟ گوته‌بێژ گوتی، "ناتوانم قسه‌ی له‌باره‌وه بكه‌م".