"پارتی لەهەر شوێنێك بێت كوردایەتی و بەرگری لە مافەكانیان لەو شوێنەیە"

:: PM:03:28:27/07/2021 ‌
كرمانج عـەبدوڵا بەرپرسی لقی 23ـی قەرەچووخی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە دیمانەیەكی لەگەڵ "وشە" باس لە ئامادەكارییەكانی پارتی بۆ هەڵبژاردنەكان لەو سنوورە دەكات و ڕای دەگەیەنێت، پارتی یەكەمی بێ‌ ڕكابەر بووە و هەرواش دەمێنێتەوە، بۆ هەڵبژاردنەكانیش ئامادەكاری پێویست كراوە و بەرنامەیەكی مەركەزی هەیە و جێبەجێ‌ دەكرێت.

بەرنامەی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارە لە سنووری مەخموور چییە؟
ئامادەكارییەكانی پارتی لەو سنوورە بەردەوامە بۆ هەڵبژاردنەكان، بەڵام ئەمجارە هەڵبژاردنەكان جیاوازن و كراوە بە بازنە، بۆیە مەخموور و حەمدانییە كراوەتە یەك بازنە و ئێمەیش كاندیدی خۆمان بۆ ئەو سنوورە هەیە. پێداویستە سەرەتاییەكانمان ئامادە كردووە و دووپات لەسەر جێبەجێكردنی بەرنامەكانی پارتی دەكەینەوە بۆ هەڵبژاردنەكان، كە بەرنامەی مەركەزین و بۆ هەر بازنەیەكی لیژنەیەكی تایبەت دانراوە، ئومێدیشمان وایە لە هەڵبژاردنی ڕابردوو یەكەمی بێ‌ ڕكابەر بووین و لەم هەڵبژاردنەش هەروا بێت.

ئێوە چەند كاندیدتان لە بازنەی مەخموور و حەمدانییە هەیە؟
دوو كاندیدمان لەو سنوورە هەیە كە بریتین لە ژنێك و پیاوێك و خۆشی سێ‌ كورسی دیاری كرابوو، بۆیە ئێمە دوو كاندیدمان هەیە و ئومێدی زۆریشمان هەیە هەردوو كاندیدەكەمان بگەن بە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.

چەند حزبێك لەو سنوورە بانگەشەی ئەوە دەكەن لە سنووری مەخموور ئەمجارە سوپڕایزیان هەیە، پێت وایە ئەو سوپڕایزەیان چی بێت؟
هەموو حزبەكان لە سنووری مەخموور دەزانن پارتی دیموكراتی كوردستان حزبی یەكەمە لە سنوورەكە، هەواداری هەر لە زۆربوونە، رەنگە لە هەڵبژاردنیش گۆڕانكاری هەبێت، بەڵام گۆڕانكاری ئەوتۆ نابێ لە سنوورەكە، بۆیە شتێك نابێت بەناوی سوپڕایز و ئەوانەی ئەو بانگەشەیە دەكەن، دواتر قسەكانیان لەگەڵ دەنگەكانیان یەك ناگرێتەوە و شەرمەزار دەبن.

ئەو حزبانە پشتیان بەوە گەرمە هانی دەنگدەری خۆیان دەدەن، دەنگ بە كاندیدی یەك لایەن بدرێ‌، پێت وایە كورسی بەدەست بهێنن؟
لە كوردەواری گوتەیەك هەیە دەڵێت، هەر كەسێك بە خۆیدا هەڵدەڵێت، بۆیە ئاساییە ئەو كەسانە بەخۆیاندا هەڵبڵێن و ئەو بانگەشەیە بكەن لە سنوورەكە، بەڵام ئێمە ئەو بانگەشەیەشیان بە ئاسایی وەردەگرین و كاری خۆمان دەكەین، هەمیشە پارتی بە جەماوەرە زۆرەكەی لە سنووری مەخموور ناسراوە و خەڵكی ناوچەكە متمانەیان بە حزبە كوردستانییەكەیان هەیە.

پارتی لە سنوورەكەدا پشتی بەچی بەستووە كە هەموو جارێك دەنگی یەكەم دەبێت؟
ڕیشسپی و پیاوماقوڵانی سنووری مەخموور و حەمدانییە جاری پێشوو هەر دەنگیان بۆ پارتی بووە و پارتیان كردە حزبە یەكەم لە سنوورەكە، بۆیە ئێستە ئەو پارتیبوونە هەیە و پارتی جارێكی تر لەو سنوورە یەكەم دەبێتەوە، ئەو هێز و لایەنە سیاسییانەی ئەو بانگەشەیە دەكەن، دواتر دەرئەنجامەكەی دەبینن.

ئێوە بارەگاتان لە سنوورەكەدا نییە، بەڵام لە هەڵبژاردنی ساڵی 2018 دەنگێكی زۆرتان بەدەست هێنا و چەندان نوێنەرتان دەرچوو، ئەوە بۆچی دەگەڕێتەوە؟
بۆ هەڵبژاردن ئاساییە. پارتی دیموكراتی كوردستان بەبێ‌ گەڕانەوە بۆ  ئەو سنوورە لە ساڵی 2018 هیچ بارەگایەكمان نەبوو، تەنیا كاندیدانی پارتی دەنگیان بەدەست هێنا و چوونە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەوەیش دەگەڕێتەوە بۆ هاووڵاتییانی ئەو سنوورە و كە هەمیشە خۆیان بە خاوەنی پارتی دەزانن.

كەوایە ئەو قسەیەی دیوەخانەكانی مەخموور ڕاستە كە دەڵێن "پارتی لەهەر شوێنێك بێت، كوردایەتی و بەرگری لە مافەكانیان لەو شوێنەیە؟".
ئێستە ڕوون بووەتەوە كە ئێمەش بارەگامان لەوێ‌ نەبێت، ماڵی ئەوان و كوڕی ئەوان هەموویان خۆیان بە پارتی دەزانن، ئێستەیش بۆ ئەو هەڵبژاردنە پشتئەستوورین بەو جەماوەرە و دانیشتووانی ئەو سنوورە، خەڵك گەیشتوونەتە ئەو ڕاستییەی كە پارتی لەهەر شوێنێك بێت، كوردایەتی و بەرگری لە مافەكانیان لەو شوێنەیە.

ڕووداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەر كاریگەریی لەسەر ئەم هەڵبژاردنە دەبێت؟
دوای داگیركردنی مەخموور و رووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر، خەڵكی كورد و نیشتمانپەروەران زۆر بەحەماسن بۆ ئەوەی پارتی لە هەڵبژاردنەكاندا سەربكەوێت، چونكە دەزانن تەنیا پارتییە تەحەدای ئەو دۆخە دەكات و داگیركاریی قبووڵ نییە، بۆیە خەڵك لەو رووەوە هەستی كوردبوون و نیشتمانپەروەرییان زۆر بەرزە و ئومێدمان هەیە بۆ بەشداری لە هەڵبژاردندا رێژەكە باش بێت.

هاووڵاتییانی ئەو سنوورە لە دۆخی تەناهی نیگەرانن، چی بەئێوە گوتراوە كە بۆ كاندیدانتان كێشە دروست نابێت؟
دوای خیانەتی 16ـی ئۆكتۆبەر، گوندەكانی دەوروبەری قەرەچووخ تووشی زیانێكی زۆر بوونە، دۆخی تەناهیی ئەو سنوورەش باش نییە و ئێستەیش لەو دۆخە ئێمە بەشداری هەڵبژاردن دەكەین، كاریگەری لەسەر دەنگەكانیش دەبێت، لەو سنوورە بەشێكی زۆری گوندە كوردییەكان چۆڵ كراوە.

لە سنوورەكەدا حەشد خەڵكی بێزار كردووە؟
گوشاری و هەڵسوكەوتی بەشێك لە حەشدی شەعبی بۆ سەر هاووڵاتییانی ئەو سنوورە، جیاوازییەكی ئەوتۆیان نییە لەگەڵ چەكدارانی داعش و بە ئەقڵێكی شۆڤینی مامەڵە لەگەڵ كورد دەكەن، ئەوەش حاڵەتێكی دەروونی خراپی دەروونی لەسەر هاووڵاتییان دروست كردووە و بووەتە هۆی بێزاركردنیان.



وشە - رامیار جەواد