عێراق بڕە پارەیەك خەرج دەكات و كوردستانیش دەگرێتەوە

:: PM:12:13:31/07/2021 ‌
وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق بڕیاری داوە، پارەی جۆی جووتیاران بۆ دوو ساڵ بەسەریەكەوە خەرج بكات و جووتیارانی هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە.

ئەمڕۆ شەموو 31ـی تەمووز، سەرهەنگ قاسم جێگری سەرۆكی كۆمەڵەی جووتیاران، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، حكوومەتی عێراق رەزامەندی داوە بۆ پێدانی پارەی بەرهەمی جۆی ساڵی 2019 و 2020 بە جووتیاران.

چاوەڕوان دەكەین لە دوو هەفتەی داهاتوودا پارەكە بێت.
زیاتر گوتی، پێدانی ئەو پارەیە ئەو جووتیارانەش دەگرێتەوە لە هەرێمی كوردستان لەو دوو ساڵەدا ڕادەستی عێراقیان كردووە، چاوەڕوان دەكەین لە دوو هەفتەی داهاتوودا پارەكە بێت.

باسی لەوەش كرد، تەنیا پارەی جۆ بۆ ساڵی 2019 و 2020 لای حكوومەتی عێراق مابوو، بە هاتنی ئەو بڕە پارەیە، هیچ بڕە پارەیەك لای حكوومەت نامێنێت و سەرجەم شایستەكانی ئەو دوو ساڵە بە جووتیاران دراوە.

ناردنی ئەو بڕە پارەیە لە كاتێكدایە، نرخی جۆ بە نیوەی نرخی گەنم لە جووتیاران وەردەگیرێت، ساڵانە لە كاتی دیاریكردنی نرخی گەنم، نرخی جۆش دیاری دەكرێ‌، بەڵام بەهۆی بوونی عەلەفی جیاواز، ئێستە جۆ ئەو گرنگییەی نەماوە و عێراق ساڵانە بڕی دیاریكراوی وەرگرتنی جۆ بە مەرج لەسەر جووتیاران دادەنێت.



وشە - رامیار جەواد