بە بەشداری ژمارەیەك هاووڵاتی و خوێنەرانی كتێب و ڕۆشنبیران، ئەمڕۆ یەكشەم پێشانگایەكی كتێب لە شارۆكەی شارەزوور كرایەوە، كە ژمارەیەك دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوە بە زیاتر لە هەزار ناونیشانی جۆراوجۆر بەشداریان تیایدا كردبوو.
غەزال سدیق، بەڕێوەبەری كتێبخانەی گشتیی شارەزوور بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئامانجمان لە كردنەوەی ئەم پێشانگایە ناساندن و ئاشناكردنی كۆمەڵێك سەرچاوەیە، كە بەهۆی نەبوونی دەزگایەك لە شارۆكەكە خوێنەران نەیانتوانیوە بگەن بەو سەرچاوانە.
بەرهەمەكان بە داشكاندنی 30-50% بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ نمایش دەكرێت
زیاتر گوتی، لە ڕێگەی ئەم پێشانگایەوە دەتوانن بگەن بەو سەرچاوانەی كە مەبەستی خۆیانە و دەیانەوێت. هەرەوەها پێشانگاكە ڕێگەی دووریان بۆ نزیك دەكاتەوە بۆ ئەوانەی خوێنەری كتێبن، هەروەها كاتیشیان بۆ دەگەڕێتەوە و تێچوویشی كەمە، بەهۆی ئەوەی داشكاندنی زۆر باش لە پێشانگاكە كراوە.
بەڕێوەبەری كتێبخانەی گشتیی شارەزوور روونی كردەوە، ئەو كتێبانەی نمایش دەكرێن، هەمەجۆرن و بریتین لە سیاسی و ئاینی و پەروەردەیی و میژوویی و چەند بابەتێكی تر، دەزگاكانی تەفسیر و نارین و فام، بە هاوكاری كتێبخانەی گشتیی شارەزوور بەشدارییان كردووە و بەرهەمەكانیان بە داشكاندنی30-50% بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ نمایش كردووە و ژمارەی سەرچاوەكانی تمایش كراوە هەزار زیاترە و بە زمانەكانی كوردی و عەرەبین.
كۆچەر عەلی، گەنجێكی خوێنەری شارۆكەكەیە و كردنەوەی پێشانگای لەم جۆرە بەرز هەڵدەسەنگێنێ و بە"وشە"، دەڵێت، هەنگاوێكی زۆرباشە بۆ گەنج و لاوانی شارۆكە و شارەدێكانی كە دوورن لە دەزگای چاپ و بڵاوكراوەكان، چونكە بە ئەستەم دەستمان دەگاتێ، بۆیە پێویستە بە بەردەوام ئەم جۆرە پێشانگایانە بكرێتەوە.
شارەزوور/ ئاسان محەمەد