مەترسیدارترین جۆری كۆرۆنا سەری هەڵداوە

:: PM:01:53:02/08/2021 ‌
زووزوو گۆڕاوێكی نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە دنیادا سەرهەڵدەدات، زانایانی بەریتانیایی هۆشداری دەدەن لە بڵاوبوونەوەی مەترسیدارترین جۆری ڤایرۆسەكە. ئەوان دەڵێن ئەو جۆرە نوێیە جیا لە خێراییەكەی بۆ بڵاوبوونەوە، هاوكات مەترسیی زیاتری مردنی لێ دەكرێت.

پێگەی "ئیلاف" ئەمڕۆ دووشەم دووی ئاب بڵاوی كردووەتەوە، زانایانی بەریتانیایی لە بواری تەندروستیی لە توێژینەوەیەكدا جۆرێكی نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنایان ئاشكرا كردووە، پێیان وایە مەترسیدارترین جۆری ڤایرۆسەكەیە كە وێڕای خێراییەكەی بۆ بڵاوبوونەوە، هاوكات مەترسیی زیاتری مردنی لێ دەكرێت.

زاناكان ئاماژەیان بەناوی ڤایرۆسەكە نەكردووە، بەڵام دووپات دەكەنەوە كە لە "گۆڤید 19"ەوە نزیكە، بەڵام زۆر لەو جۆرە مەترسیدارترە، بە جۆرێك تووشبوونی سێ كەس بەو ڤایرۆسە نوێیە، یەكیان گیان لە دەست دەدات.

روونی دەكەنەوە كە ئەوانەی بەساڵاچوون یان نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە، بە تووشبوونیان بەو جۆرە ڤایرۆسە نوێیە، زۆر ئەستەمە رزگاریان بێت. لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی دەڵێن، دەرمانێكی تایبەت نییە بۆ چارەسەری، جیا لە ڤاكسینەكان كە ئێستە لە دنیادا بڵاون و مۆڵەتی رەسمییان هەیە، هاوكات جێبەجێكردنی ئەو رێنوێنییانەی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی بڵاوی دەكاتەوە بۆ رزگاربوون لە ڤایرۆسەكە، باشترین چارەسەرە.

دواتریش گوتوویانە، پێشبینی دەكرێ هەردوو ڤایرۆسی كۆرۆنا لە جۆرەكانی "ئەلفا و دێلتا"، تێكەڵی یەكتر بووبن و ئەو جۆرە نوێیەیان لێ دروست بووبێت. ئەویش بەپێی تۆڕی "سكای نیوز" كە بڵاوی كردووەتەوە. بەڵام زانایان ئامارێكیان ئاشكرا نەكردووە كە ئەو جۆرە نوێیەی كۆرۆنا، تا ئێستە چەند كەس تووشی بوون و چەند كەسیش بەهۆیەوە گیانیان لە دەست داوە.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د