%9ـی دانیشتووانی كوردستان ڤاكسین كراون

:: PM:03:07:03/08/2021 ‌
حەربی كەتۆ بەڕێوەبەری پۆرتاڵی كورد ڤاكس و بەڕێوەبەری بەشی ئایتی لە وەزارەتی تەندروستی، لە دیمانەیەكی لەگەڵ "وشە"دا ڕای دەگەیەنێت، ئێستە هاووڵاتییان بە لێشاو ناوی خۆیان تۆمار دەكەن بۆ وەرگرتنی ڤاكسین، تۆماری ناوی ئەو كەسانەش كە ڤاكسینیان وەرگرتووە لە عێراق جیا دەكرێتەوە، هەروەها 9%ـی دانیشتووانی كوردستان ڤاكسین كراون.

هاووڵاتییان گلەیی ئەوەیان هەیە ناویان تۆمار كردووە، بەڵام مانگێكە یان زیاتر ناویان نەگەڕاوەتەوە، ئەوە بۆچی دەگەڕێتەوە؟
ئەو هاووڵاتییانەی ناویان تۆمار كردووە ناویان نەگەڕاوەتەوە هۆكاری هەیە، ئەویش ئەو گوشارە زۆرەیە ئێستە هەیە بۆ وەرگرتنی ڤاكسین، لە ماوەی كەمتر لە 10 ڕۆژی ڕابردوودا 120 هەزار هاووڵاتی ناویان تۆمار كردووە و داوای وەرگرتنی ڤاكسینیان كردووە، هۆكارێكی تریش ئەوەیە ئێستە 131 بنكە لە ئاستی كوردستان هەیە و ڤاكسین دەدەن بە هاووڵاتییان، ڤاكسین بەشێوەی پێویستی هەیە، ئێستە بەهۆی هاتنی شەپۆلی سێیەم هاووڵاتییەكی زۆر ڕوویان لە بنكەكان كردووە، هەرچەند بەپێی ئەو نامانەی دەچێتەوە بۆ كەسكان ڤاكسین بە هاووڵاتییان دەدرێ‌.

پێدانی تایبەتی ڤاكسین هەیە بۆ هاووڵاتییان؟ یان پێشخەرییەكانی ڤاكسین چۆن ڕێكخراوە بۆ كەسانی پێویست؟
ڕۆژانی شەموو لەم هەفتەیەوە تایبەتە بە فەرمانبەران و ڕۆژانی سێشەمیش تایبەت كراوە بە مامۆستایان، هەروەها پێویستە بگوترێ ئێستە بەهۆی زۆری خواست لەسەر داواكاری ڤاكسین، گوشار لەسەر هەموو بنكەكان دروست بووە و زۆرترین نامە بۆ كەسانی بەساڵاچووە، بەتایبەت ئەوانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە و مەترسییان لەسەرە.

هاتنەوەی ناوەكان مەركەزییە یان دابەشكراوە بەپێی سەنتەرەكان؟
ناردنەوەی نامەكان بۆ ئەو هاووڵاتییانەی ناویان دێتەوە، دەسەڵات دراوەتە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی شارەكان و ئەوانیش دەسەڵاتیان داوە بنكەكانی وەرگرتنی ڤاكسین كە ڕۆژانە نامە بۆ ژمارەیەك هاووڵاتی دەنێرن كە بچن بۆ وەرگرتنی ڤاكسین، ئەوەیش بەپێی توانای ئەو شوێنەی هەیە كە دەتوانن ڕۆژانە چەند كەس ڤاكسین بكەن.

تا ئێستە چەند هاووڵاتی ناویان تۆمار كردووە بۆ وەرگرتنی ڤاكسین؟
تا ئێستە خولەك بە خولەك داواكاریی هاووڵاتییان زیاد دەبێت و سەرووی 430 هەزار هاووڵاتی ناوی خۆیان تۆمار كردووە، هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگە ناویان تۆمار كردووە و فەرمانبەر و گەنج و بەساڵاچوو، بەدەنگەوەهاتنێكی زۆرباش هەیە، ئەو كەسانەی ناویان تۆمار كردووە، ئەوەیش وایكردووە ڕێكخستنێك بكەین و بەپێی مەرجەكان كەسەكان هەڵبژێرین بۆ وەرگرتنی ڤاكسین.

سیستمەكە چۆن كەسەكان هەڵدەبژێرێت، فۆڕم یان ئەلیكترۆنییە؟
بەپێی بەرنامەكراوی سیستمەكە هەڵبژاردن و ڕێكخستن بۆ ناوەكان دەكات، بۆ نموونە ئەوانەی تەمەنیان لە نێوان 50 بۆ 60 ساڵە و نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە، یان لە شوێنێكی مەترسیدار كار دەكەن وەك بنكەی تەندروستی و پشكنینی كۆرۆنا.. هتد، ئەوانە زووتر نامەیان بۆ دەچێتەوە بۆ وەرگرتنی ڤاكسین.

ڕۆژانە چەند هەزار هاووڵاتی نامەی وەرگرتنی ڤاكسینی بۆ دەچێتەوە؟
بەپێی بوونی ڤاكسین نامەكان دەچێت، لەگەڵ توانای بنكەكانی بۆ پێدانی ڤاكسین، ئێستە ڕەنگە ڕۆژانە نزیكەی 10 هەزار هاووڵاتی لە هەرێمی كوردستان بۆ وەرگرتنی ڤاكسین نامەیان بۆ بچێتەوە و ڤاكسین وەربگرن، هەروەها بوونی ڕێنوێنییەكان لە سەنتەرەكانیش كە جەنجاڵییان لێ دروست نەبێت، ئەوجا كەسەكان بانگێشت دەكرێن، چونكە جگە لە وەرگرتنی ڤاكسین، كەسەكە فۆرمێكیشی بۆ پڕ دەكرێتەوە ئەوەیش كاتی پێویستە.

كارتی ڤاكسین لەسەر چ بەنامەیەك كاری لەسەر دەكرێت، چۆن دەتوانرێت لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان كاری پێ‌ بكرێ‌؟
هەفتەی داهاتوو كارتی ڤاكسین بەردەست دەبێت و لە هەر پارێزگایەكیش نووسینگەیەك بۆ پێدانی ئەو كارتە دەكرێتەوە، هەروەها ئەو كارتە لە رووی تەناهییەوە زۆر بەهێزە و هیچ كەسێك ناتوانێ هاكی بكات، لەگەڵ ئەوەشدا هەموو داتاكانی ئەو كەسەی كە ژەمی یەكەم و دووەمی ڤاكسینیان وەرگرتووە تۆمار كراوە، لەگەڵ ناوی سیانی و جۆری ڤاكسینەكەی بەكاری هێناوە تۆمار دەكرێت.

سوودی ئەو كارت ڤاكسینە چییە بۆ ئەو كەسانەی دەچنە دەرەوە وڵات؟
هەر كەسێك ئەو ڤاكسین كارتەی وەرگرتبێت، ئەوا ئاسانكاری بۆ دەكرێت و لە هەندێك وڵات كەرەنتین ناكرێت، هەرسێ جۆرەكەی ڤاكسین تۆمار كراوە و لە كارتەكە جۆری بەكارهاتوو ئاماژەی پێ‌ دەكرێت.

تا ئێستە ژمارەی ئەو كەسانەی خۆیان ڤاكسین كردووە چەندە؟
ئەوەی تا ئێستە تۆمار كراوە زیاتر 9%ـی دانیشتووانی كوردستان ڤاكسینیان وەرگرتووە. ڕۆژانە ئەو ژمارەیە ڕوو لە بەرزبوونەوەدایە و بەپێی توانای سەنتەرەكان و بوونی ڤاكسین، هاووڵاتییان تۆمار دەكرێن، هەروەها پێویستە بگوترێ پێشتر ژمارەی كەسانی ڤاكسینكراو لەگەڵ عێراق بەیەكەوە هەژمار دەكرا، بەڵام ئێستە داتابەیسێكی تایبەتمان ئامادە كردووە و تۆماری سەرجەم ئەو كەسانە دەكەین كە ڤاكسینیان وەرگرتووە و جیای دەكەینەوە.



وشە - رامیار جەواد