كۆرۆنای دێلتا ڕاوی گەنجان دەكات

:: PM:01:59:05/08/2021 ‌
پزیشكانی ئەمەریكا بۆیان دەركەوتووە، ئەو نەخۆشە نوێیانەی كە نەخۆشیی ڤایرۆسی كورۆنایان هەیە، لە خوار تەمەنی 50 ساڵییەوەن و بە بەراورد بە ساڵی پار، باری تەندروستییان بە شێوەیەكی خێرا بەرەو خراپتر دەڕوات.

ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمز لە نەخۆشخانەكانی چارەسەركردنی نەخۆشییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، زۆربەی نەخۆشەكان لە تەمەنی 20 و 30 ساڵانن، هیچ كاتێك كوتانیان بۆ نەكراوە یان وەریان نەگرتووە، بۆیە پێدەچێت لە نەخۆشە گەنجەكان زیاتر نەخۆش بن لە ساڵی ڕابردوو و كەیسەكانیان بە خێرایی زیاتر بەرەو خراپتر دەڕوات.

زۆر لەو پزیشكانەی كە چارەسەریی ئەنجام دەدەن، گومانیان هەیە لەوەی كە دێلتا ئێستە نزیكەی لە 80%ی هەوكردنی نوێ لە ئاستی دنیادا هەژمار دەكات، لەوانەیە ڕۆڵی هەبێت.

هەندێك لە شارەزایان پێیان وایە كە ڕێژەی حاڵەتە نوێیەكانیش لە ناو ئەو كەسانەی كە لە خوار تەمەنی 50 ساڵییەوەن، بۆ كەمی ڕێژەی كوتان لەم گرووپە تەمەنەدا دەگەڕێنەوە، بەهۆی ئەوەی زۆربەی لێكۆڵینەوەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە كوتانی ئێستە كاریگەرە بەرانبەر بە نیشانە توندەكان و مردن لە هەر جۆرە ڤایرۆسێك، لەوانەیش دێلتا.

دكتۆر كام پاترسۆن ڕاوێژكاری زانكۆی ئاركانساس بۆ زانستە پزیشكییەكان ڕای گەیاندووە، تێكڕای تەمەنی ئەو نەخۆشانەی كە لە زستانی ڕابردوودا لە ناوەندی پزیشكیی زانكۆكەدان، 60 ساڵ بووە، بەڵام ئێستە تێكڕایان 40 ساڵ بووە و پێشبینی دەكرێت كەسانی گەنج تر و تەندروست تر لە بەرانبەر گۆڕانكاری دێلتادا لاوازتر بن.

دوایین ئاماری ناوەندی ئەمەریكا بۆ كۆنترۆڵ و خۆپاراستن لە نەخۆشی (CDC) لە هەفتەی كۆتایی 30ی تەمووز، بە بەراورد بە هەفتەی پێشوو، 64,1٪ زیادی كردووە.

ڤایرۆسی كۆرۆنا لە كۆتایی 2019 دەستی بە بڵاوبوونەوە كرد و سەرەتا لە وۆهانی چینییەوە دەستی پێ كرد، دوای ئەوە لە ماوەی چەند مانگێكدا تەواوی دنیای گرتەوە و گەورەترین زیانی تەندروستی و ئابووری بە مرۆڤایەتی گەیاند، لەو ساتەوە هەوڵی شارەزایان بۆ دۆزینەوەی ڤاكسین دەستی پێ كرد و لە سەرەتای 2021 توانرا ڤاكسین بەردەست بێت، لە بەرانبەردا ڤایرۆسەكە چەند بازدانێكی بەسەردا هات، نوێترینیان "دێلتا پلەس"ە كە زانایان وریایی لێ دەدەن.

ئەو تێرە نوێیە ناوی (B.1.617.2.1) یان دێلتا پلەسە، كۆپییەكی تیرەی دێلتایە، كە بۆ یەكەمجار لە شوباتی رابردوو لە هیندستان دۆزرایەوە.


وشە - محەمەد میران