كەركووك.. ئەمڕۆ كۆڕێكی شیعری بۆ ستار ئەحمەد بەڕێوە دەچێت

:: AM:09:13:24/08/2021 ‌
بڕیارە ئەمڕۆ سێشەم وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی، بەڕێوەبەرایەتیی رۆشنبیری و هونەریی كەركووك لە سەنتەری رۆشنبیریی كەركووك، كۆڕێك بۆ شاعیری ناوداری شارەكە ستار ئەحمەد بەڕێوە ببات.

ئەو كۆڕە شیعرییەی كە بەڕێوەبەرایەتیی رۆشنبیری و هونەری كەركووك بۆ ستار ئەحمەدی شاعیری بەڕێوە دەبات، لە ژێر ناونیشانی "شیعر ئاوێتەیەكە لە گوڵ"، تێیدا ستار ژمارەیەك شیعری كۆن و نوێی خۆی تێدا دەخوێنێتەوە، بێگومان ئامادەبووان دەتوانن ئاستی شیعرەكانی شاعیر بەراورد بكەن كە بەپێی قۆناغەكانی گەشەسەندنی شیعری كوردی، تا چەند پێشكەوتووە.

بڕیارە ئەو كۆڕە شیعرییە لە سەعات پێنجی سەرلەئێوارە لە سەنتەری رۆشنبیریی كەركووك بەڕێوە بچێت، دەرگای سەنتەرەكە بۆ هەموو لایەك كراوە دەبێت.

لەبارەی چالاكییەكانی بەڕێوەبەرایەتیی رۆشنبیری و هونەری كەركووك، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەكە هونەرمەند سیروان بێلانە بۆ "وشە" گوتی، ئێمە وەك بەڕێوەبەرایەتیی رۆشنبیری و هونەری كەركووك، بەرنامەی ساڵانە دادەنێین كە چۆن چالاكییەكانمان بەڕێوە ببەین، بەڵام ماوەیەكە بەهۆی دۆخی داراییەوە رەنگە نەتوانین بەپێی پێویست بەرنامەكە جێبەجێ بكەین.

ئاماژەی دا كە هەوڵی ئەوەیان داوە بەلای كەمەوە مانگانە دوو چالاكییان هەبێت، ئەویش هەوڵی دابینكردنی سپۆنسەر بۆ چالاكییەكان دەدەن، بۆیە ئەم مانگەدا "ئاب" دوو چالاكیمان دەبێت، یەكیان كۆڕێكی شیعرەییە بۆ ستار ئەحمەدی شاعیر كە ئەمڕۆ بەڕێوە دەچێت، ئەوی تریان شانۆگەرییەكە بەناونیشانی "داستانی ئازارەكان"، ئەویش بەهاوكاریی تیپی شانۆی ئاشتی و گرووپی شانۆی نوێ دەبێت.

ستار ئەحمەد عەبدولڕەحمان كە شاعیرێكی ناوداری كەركووكە، لە ساڵی 1962 لە گەڕەكی شۆریجەی شارەكە لە دایك بووە، لە ساڵانی هەشتاكانی سەدەی رابردووەوە شیعر دەنووسێ و بڵاویان دەكاتەوە، جیا لە بەڕێوەبردنی چەند كۆڕێكی شیعریی تایبەت و هاوبەش، تا ئێستە هەشت كتێبی چاپ كردووە و بڵاوی كردوونەتەوە، ئێستەیش هەشت كتێبی تری وەك دەستنووس ئامادەی چاپكردنن، دوو لەو كتێبانە بە زمانی عەرەبین.

سیروان بێلانە لەگەڵ ژمارەیەك لە هونەرمەندانی شارەكە، لە ساڵی 1991 دامەزرێنەری تیپی شانۆی ئاشتییە لە كەركووك و بەڕێوەبەری ئەو تیپە بووە. جیا لەوەی وەك ئەكتەرێك بەشداریی لە پێشاندانی دەیان شانۆگەری لە كەركووك و شارەكانی تری كوردستان كردووە، هاوكات یەك لە دەرهێنەرە دیارەكانی شارەكەیە. ئێستەیش بەڕێوەبەری رۆشنبیری و هونەری كەركووكە.



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د