دكتۆر جەلیل ئازید هونەرمەندی ناسراوی هەولێر كۆچی دوایی كرد

:: AM:11:16:26/08/2021 ‌
هونەرمەندی گەورەی كورد دكتۆر جەلیل خەلیل ئەسعەد ناسراو بە "جەلیل ئازید" لە تەمەنی 67 ساڵی لە شاری زیورخی سویسرا بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كرد.

ئەو لەدایكبووی ساڵی 1954ی هەولێرە و دەمێك بوو تووشی نەخۆشییەكی دەگمەن بە ناوی   ASL  بووبوو، بەڵام هەردەم هیوای بە ژیان بوو و حەزی دەكرد زیاتر خزمەتی موزیك و هونەر و نووسینی كوردی بكات، سەرەڕای نەخۆشییەكەی كۆمەڵێك بەرهەمی نایابی نووسی.

بە چاوەكانی خەریكی ئامادەكردنی كتێبێكی نوێ بوو بە ناوی "فەرهەنگی موزیكی كوردی"


دكتۆر جەلیل تەنیا دوو پەنجەی هەبوو و هەر بەو دوو پەنجەیەشی توانی كتێبێك بە ناوی تیۆرییەكانی موزیك بنووسێت. دواتر بە هۆی ئەوەی كە دەست و پێیەكانیشی لە دەست دا، ماوەیەكیش بە پشتبەستن بەو كۆمپیوتەرە تایبەتییەی حكوومەتی سویسرا بۆی دابین كردبوو، بە چاوەكانی خەریكی ئامادەكردنی كتێبێكی نوێ بوو بە ناوی "فەرهەنگی موزیكی كوردی" كە پێكهاتبوو لە زیاتر لە هەزار و 200 لاپەڕە، بەڵام  نەخۆشییەكەی ئەو دەرفەتەی پێ نەدا كتێبەكە تەواو بكات.

دكتۆر جەلیل لە ساڵی 1979  چووە ئیتاڵیا و پاشان لە ساڵی 1985 چووە سویسرا و هەر لە زانكۆی زوریخ دكتۆرای لە بورای موزیك وەرگرت.

ئەو هونەرمەندە لە ساڵی 2004 یەكێك بوو لە دامەزرێنەرانی كۆلێژی هونەرە جوانەكان، خزمەتێكی زۆری بە قوتابیانی كۆلێژەكە كرد. ئەو ئامێرەكانی ئەكۆردیۆن و ئۆرگ و سەنتووری دەژەنی . 

هەولێر/فەیسەڵ شێخانی




وشە - سلێمان تاشان