لە هەرێمی كوردستان بایی سێ تریلیۆن دینار پڕۆژەی رێگەوبان لە جێبەجێكردندان

:: PM:01:53:26/08/2021 ‌
ئاگرین عەبدوڵا بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێبوونی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە چاوپێكەوتنێكی "وشە"دا، تیشك دەخاتە سەر كار و پڕۆژەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا. ئەو باس لە پڕۆژەكانی رێگەوبان دەكات و دەڵێت، لەو ماوە كورتەدا زیاتر لە هەزار كیلۆمەتر رێ قیر كراوە و بە بەهای سێ تریلیۆن دینار پڕۆژەی رێگەوبان لە جێبەجێكردندان. 

كۆی ژمارەی وەبەرهێنانی پڕۆژەكانی رێگەوبان لە كوردستان چەندە؟

لە بواری رێگەوبان 130 پڕۆژە بە بودجەی دوو تریلیۆن و 944 ملیار دینار لە جێبەجێكردندان، بەشێك لەو پڕۆژانە هی كابینەكانی رابردوون و تەواو نەكراون، ئەو پڕۆژانە هەموویان پڕۆژەی بەردەوامن و گرێبەست و كۆدیان هەیە و بودجەیان بۆ جێبەجێ كراوە، بەشێك لەو پڕۆژانە نەختینەیان نییە بۆ دەستپێكردنەوەیان، هەندێكیان كاریان تێدا دەكرێت و هەندێكیشیان كاریان كەم بووەتەوە.

گرنگترین ئەو پڕۆژانەی ئێستە كاریان تێدا دەكرێت كامانەن؟

پڕۆژەی دووسایدی دووكان-چوارقوڕِنە، رێی  وارماوا- دەربەندیخان، رێی كفری-كەلار، كەلار- دەربەندیخان، رێی باشماخ-پێنجوێن، لە هەولێر پردی زێی گەورە و لە دهۆكیش رێی چڕە-روئیا ئیشیان تێدا دەكرێت.

وەك وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە داواتان لە حكوومەت كردووە بودجەتان بۆ تەرخان بكات؟

لە سەرەتای ئەمساڵەوە لەسەر داوای وەزارەتی پلاندانان، پلانی 2021 پێشكەش كرا لە بواری رێگەوبان، لەو پلانەدا داوای 340 ملیار دینارمان كردووە، ئەو پارەیەی داوامان كردووە نزیكەی 260 ملیار دیناری بۆ پڕۆژە كۆنەكان بووە، 84 ملیار دیناری تری بۆ پڕۆژەی نوێ بووە، چونكە ناكرێ هەر خەریكی پڕۆژە كۆنەكان بین و پڕۆژەی نوێشمان پێویستە.


بۆ ساڵی 2022 چ پلانێكتان داڕشتووە؟

ئەمساڵ بەهۆی ئەوەی نەتوانرا بە تەواوی پلانی 2021 جێبەجێ بكرێت بەهۆی نەبوونی بودجەی پێویست، ئەوەی جێبەجێ نەكراوە بۆ ساڵی 2022 دەیخەینەوە پلانی خۆمان و دەوڵەمەندیشی دەكەین بە پڕۆژەی نوێ بۆ یەكە كارگێڕییەكان و پارێزگاكان، بە زووترین كاتیش پلانی ساڵی داهاتوو ئامادە دەبێت.

توانراوە بە بەهای 711 ملیار دینار 48 پڕۆژەی رێگەوبان جێبەجێ بكرێت

لە ماوەی تەمەنی كابینەی نۆ بە چ قەبارەیەك پڕۆژەی رێگەوبان كراوە؟

لە مانگی تەمووزی 2019 تا مانگی تەمووزی 2021، توانراوە بە بەهای 711 ملیار دینار 48 پڕۆژەی رێگەوبان جێبەجێ بكرێت و تەواو بكرێن، پڕۆژەكانیش تونێلی پیرمام بە رێكانی ئەمبەر و ئەوبەری، رێی هەولێر گۆپاڵ، رێی رۆڤیا- چەم بوو لە دهۆك لەگەڵ رێی باتێل- زاخۆ، جگە لەوەی هەڵمەتێكی سیانەی رێكان كرا كە 72 پڕۆژەی گەورە و بچووك بوو لەو دوو ساڵەدا.

لە ماوەی كابینەی نۆ چەند كیلۆمەتر رێگەوبان قیر كراوە؟

تا ئێستە توانراوە 10 ملیۆن مەتر چوارگۆشە قیر بكرێت كە زیاتر لە هەزار و 100 كیلۆمەتر رێ دەكات.

بۆ رێی گوندەكان چیی نوێ هەیە لە بواری ئاوەدانكردنەوە و قیر؟

رێی گوندەكان لە چوارچێوەی ئەو پڕۆژانەی ئێمە دەیانكەین، ئەوانەی تەواویان دەكەین سێ جۆرن، پڕۆژەی سەرەكی و ستراتیجی كە دووسایدكردنی رێكان دەگرێتەوە، رێی لاوەكی شارۆكە و شارەدێكان دەگرێتەوە، یان رێی گوندەكان، هەموویان كاریان تێدا كراوە.

پلانی داهاتوو كە لەبەردەستاندا بێت لە رووی داهاتوو بتانەوێ كاری لەسەر بكەن چییە؟

ئێستە شادەماری رێگەوبان لە كوردستان و ماستەرپلانەكەمان لایە، لە هەر شوێنێك بزانین بەشێك تەواو نەكراوە تەواوی دەكەین. بۆ نموونە رێی دووسایدی هەولێر بۆ سلێمانی، پارچەیەكی ماوە لە نێوان دووكان-خەلەكان، نەخشەی بۆ كراوە و ئامادەكاری كراوە بەرز كراوەتەوە بۆ سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران، هەروەها تونێلی دەربەندیخانیش پێویستە ئەمدیو و ئەودیوی دەربەندیخان رێ دووسایدەكان بە یەكەوە ببەسترێنەوە، لە هەوڵداین لەگەڵ كۆمپانیایەكی بیانی بۆ ئەوەی پێكەوە ئەو پڕۆژانە تەواو بكەین.

كارتان لەسەر سندووقی پاڵپشتی رێگەوبان كردووە؟

بەڵێ لە پلانە سەرەكییەكانی ئێمەیە، داوامان لە ئەنجوومەنی وەزیران كردووە سندووقی پاڵپشتی رێگەوبان دابنرێت و هەرچی پارە بە ناوی رێگەوبان وەردەگیرێت، بچێتە ئەو سندووقە و بۆ سیانەی رێگەوبانەكان بەكار بهێنرێت، چاوەڕێی وەڵامی ئەنجوومەنی وەزیرانین.

رێگەوبانی هەرێمی كوردستان لە چ ئاستێكدایە؟

تۆڕەكە تەواو نەبووە و هەندێ كەموكورتی هەیە، بۆ نموونە لە دهۆك هەندێ پارچە پێویستە، لە هەولێر بۆ كۆیە كە نزیكەی 63 كیلۆمەترە تەواو نەبووە، لە سلێمانی هەندێ پارچە ماوە و لە گەرمیان هەندێ پارچە ماوە، خەریكی بە یەكگەیاندنی ئەو پارچانەین، بەڵام بەراورد بە چەند ساڵانی رابردوو، رێگەوبانی هەرێمی كوردستان لە ئاستێكی باشدایە و گەشەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.

لە هەرێمی کوردستان 897 كیلۆمەتر رێی دووساید و چوار هەزار و 879 كیلۆمەتر رێی یەك ساید هەیە

كۆی رێگەوبانی هەرێمی كوردستان چەند كیلۆمەترە؟

بەپێی دوایین ئاماری وەزارەت، 897  كیلۆمەتر رێی دووساید، چوار هەزار و 879 كیلۆمەتر رێی یەك ساید و لاوەكی، پێنج هەزار و 884 كیلۆمەتریش رێی گوندەكانە.

لەبارەی هێڵی ئاسنین چیی نوێ هەیە؟

تەنیا لە قۆناغی لێكۆڵینەوە و هەڵسەنگاندندایە، چەند كۆمپانیایەك داواكارییان پێشكەش كردووە و وەزارەت خەریكی ئەوەیە شیكردنەوەی بۆ بكات.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی


وشە - سلێمان تاشان