دكتۆر ساماڵ مانیی: کتێبی (ژنە پاڵەوانەکان) مێژووی ئەو دەستە ژنە دەنوسێتەوە لە دنیادا دەگمەن بوونه‌

:: PM:06:37:27/08/2021 ‌
دکتۆر ساماڵ بە "وشە"ی ڕاگەیاند، "کتێبی (ژنە پاڵەوانەکان)، مێژووی ئەو دەستە ژنە دەنوسێتەوە لە دنیادا کە دەگمەن بوون و پاڵەوانی ژن و گەلەکەیان بوون لە مێژووی دوور و نزیکدا، چەشنی پاڵەوانە ئەفسانەییە یۆنانییە دێرینەکان لە مێژووی هەرە دێریندا جەنگیوون. ئەو کتێبە بە زمانی ئینگلیزی لە بەڕیتانیا دەنوسرێت و بڵاودەکرێتەوە لەلایەن خاتوو ڤیکتۆریا پریستن کە بەتەمەنترین ژنە جەنگاوەری ناو سوپای بەریتانیایە.

د. ساماڵ  مانیی ڕوونى كرده‌وه‌، "گەرچی هەموو کاتەکانم تەرخان کردووە بۆ فەلسەفە بە زمانی کوردی، بەڵام لەوە بە ئاگام کە ئەو بەشە لە مێژووی ژیانم بە تەنیا موڵکی من نییە، بەڵکو بەشێکی گرنگە لە مێژووی ژن بەگشتی و مێژووی کورد بەگشتی و مێژووی ژنی کورد بە تایبەتی، چ بەجیا و چ پێکەوە."

ئاشكراى كرد، "بەشداریم لەو کتێبە مێژوویە گرنگەدا پەسەند کردووە و میوانداری تایبەت و دیدارم لەگەڵ کرا و نوسراوەتەوە لەلایەن بەتەمەنترین ژنە جەنگاوەری سوپای بەڕیتانیا کە نووسەری کتێبەکەیە. ئەوەی کە گرنگە بیڵێم ئەوەیە ئەو یەک دوو پەڕانەی پێشتر لە بیرەوەریەکانمدا لەلایەن میدیای کوردی بڵاوکراونەتەوە وەکو، وێستگا،  ئاوێنە، زەمەن، سپی میدیا، زۆری تر لە میدیا کوردییەکان، بەشێکی گرنگ و زۆرینەن لە بەشداریم لەو کتێبەدا و تیایدا بڵاو دەکرێنەوە."

ئاماژه‌ى دا، "بەڵام نامەوێت تێڕوانینی خاتوو ڤیکتۆریا پریستن نووسەری کتێبەکە لە بڕی خۆی باس بکەم، بەڵکو ئەوە دەسپێرم بە میدیای کوردی دیداری لەگەڵ بکات سەبارەت بەو پڕۆژە نووسینەی کە کورد تیا بەشدارە. هەروەهایش میدیای کوردی دەتوانێت گوتە لە کاروان جەمال تاهیر نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە بەڕیتانیا وەربگرێت کە ڕێکخەری گەیاندنی وێنای ژنی کوردە لەو کتێبە مێژوویە گرنگەدا."


وشە - محەمەد میران