بۆكان هەورامی دوو گۆرانی تایبەت بە خۆی بڵاو دەكاتەوە

:: PM:12:36:28/08/2021 ‌
بۆكان هەورامی هونەرمەندی لاوی ناوچەی هەورامان كە زیاتر گۆرانیی گۆرانیبێژ و هونەرمەندە ناودارەكان دەڵێتەوە، بۆ یەكەم جار دوو گۆرانیی تایبەت بە خۆی بڵاو دەكاتەوە. ئەو لە دیدارێكی "وشە"دا باس لە وردەكاریی گۆرانییەكانی دەكات.

كارە هونەرییەكانت چین و چەند گۆرانیی كلیپكراوت هەیە؟

تا ئێستە خاوەنی هیچ گۆرانییەكی تایبەت بە خۆم نیم، هەموو گۆرانییەكان هی هونەرمەندانی ترە گوتوومەتەوە، بەڵام ئێستە خەریكی دوو بەرهەمم كە ئەوانە نوێن و دەبنە بەرهەمی تایبەت بە خۆم، نزیكی پێنج ساڵە گۆرانی دەڵێم.

بەچەند شێوەزاری كوردی گۆرانی دەڵێی؟

بە شێوەزاری هەورامی و سۆرانی زۆر بەباشی و سەركەوتووانە گۆرانی دەڵێم، بەو هیوایەی لە داهاتوودا بە شێوەزاری كرمانجیش بەرهەمێك تۆمار بكەم.

یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی هەورامان هونەرە بەرزەكەیەتی

تایبەتمەندی هونەر و گۆرانیی هەورامی لە چییەوە سەرچاوەیان گرتووە؟

یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی هەورامان هونەرە بەرزەكەیەتی كە بەڕەسەنی ماوەتەوە، هونەری هەورامان لە سروشتەوە سەرچاوە دەگرێت و بە ئاشكرا سروشتە سەخت و جوانەكەی هەورامان لە گەرووی گۆرانیبێژە هەورامییەكاندا هەستی پێ دەكرێت كە چەهچەهەیەكی جیاوازە، ئەمەش وادەكات هەمیشە گۆرانیی هەورامی بناسرێتەوە و هیچ ستایلێكی تر نەتوانێ تێكەڵی ببێت. زۆربەی هونەرمەندە سۆرانییەكانیش سوودیان لە دەوڵەمەندیی هونەری هەورامی بینیوە.

كارت لەسەر ئەوە كردووە گۆڕانكاری لە گوتنی گۆرانیی هەورامی بكەیت و ستایلی نوێت هەبێت؟

ناتوانم ناوی بنێم گۆڕانكاری، بەڵام هەوڵ دەدەم لەگەڵ موزیك، گۆرانیی هەورامی تۆمار بكەم بە ستایلی خۆم كە ئێستە گۆرانییەكی هەورامیم بەو ستایلە ئامادەیە بۆ وێنەگرتن.

بۆ زیاتر بە شێوەزاری سۆرانی گۆرانی دەڵێی، لەكاتێكدا هەورامیت؟

نا من هەوڵ دەدەم بە هەردوو شێوەزارەكە گۆرانی بڵێم، بەڵام تا ئێستە زیاتر بە سۆرانی گۆرانیم گوتووە بە هۆی ئەوەی لە هەورامان نەژیاوم و كاریگەریی چەند كەڵەهونەرمەندێكی سۆرانیم لەسەر بووە.

كەی گۆرانییە نوێكانت بڵاو دەبنەوە؟


وەك لە سەرەوە ئاماژەم پێ كرد، دوو بەرهەمی نوێم هەیە لە ماوەی داهاتوودا بڵاو دەبنەوە.لە كۆتادا دەستخۆشیم بۆ ئێوە هەیە و هەر سەركەوتووبن.

هەڵەبجە / عەزیز هەورامی


وشە - سلێمان تاشان