دوای ئەوەی كچێك لەسەر پردی جادرییەی بەغدا لەلایەن سێ كەسەوە بە چەقۆ كوژا و پۆلیسی ئەو شارە پێنجشەمی رابردوو هەواڵەكەی راگەیاند. لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان باس لەوە دەكرا كە دەستدرێژیی سێكسیی كراوەتە سەر و دواتر كوژراوە. پۆلیس بكوژەكەیان گرتووە و رایان گەیاندووە، بكوژەكە برای خۆیەتی.
پێگەی "
عەرەبیە" ئەمڕۆ یەكشەم 29ی ئاب بڵاوی كردووەتەوە، ئەو كچەی ەسەر پردی جادرییە بە دەستی سێ كەس كوژرا، ناوی "نوورزان شەمەری"یە و تەمەنی 20 ساڵە. لە دوای رووداوەكە لەناو هاووڵاتییاندا بە "كچی بەغدا" ناوزەند كراوە. بەڕێوەبەری پێوەندییە گشتییەكان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق سەعد معەن رای گەیاندووە، دوای ئەوەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان قسەوباسێكی زۆر لەبارەی دەستدرێژیكردنە سەر ئەو كچە بڵاو كرانەوە، بەلام ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی تاوان، بكوژەكەی گرتووە كە ئاشكرا بووە برای نوورزان خۆیەتی.
معەن زیاتر روونی كردووەتەوە، دوای گرتنی بكوژەكە كە برای قوربانییەكەیە، دەركەوتووە كێشەكە كۆمەڵایەتی و خێزانی بووە، ئەوانەی هاوكاریی بكوژەكەیان كردووە بۆ كوشتنی نوورزان، هەردووكیان ئامۆزاین.
دوای ئەوەی رووداوەكە رووی داوە، لە تۆڕٍە كۆمەڵایەتییەكان تووڕەییەكی زۆر بە خەڵكەوە دیار بوو، زیاتر ئاماژە بەوە دەكرا كە دوای ئەوەی ئەو سێ كەسە دەستدرێژیی سێكسییان كردووەتە سەر، ئەوجا كوشتوویانە.
هاوڕێیانی نوورزان شەمەری لە رێی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاویان كردووەتەوە، بەر لە رووداوەكە نوورزان شەمەری لە فەیسبووكی خۆی بڵاوی كردبووەوە، كاتێك رۆژانە دەچێتە سەر كارەكەی، هەست بە ئارامی ناكات و هەست دەكات ترسێك بە دواوەیەتی.
پۆلیسی بەغدایش رایان گەیاندووە، ئێستە لەگەڵ بكوژی "كچی بەغدا" لە لێكۆڵینەوەداین.