فیلمی "ئەزموون" خە‌ڵاتێكی نێودەوڵەتی بەدەست هێنا

:: PM:01:35:31/08/2021 ‌
فیلمی سینەمایی "ئەزموون" The Exam لە دەرهێنانی شەوكەت ئەمین كوركی سینەماكاری كورد، خەڵاتی ڕەخنەگرانی نێودەوڵەتی فیلمی له بەشی پێشبڕكێی سەرەكی 55مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی كاڕلۆڤی ڤاری" له وڵاتی چیك بەدەست هێنا.

فیلمەكە بەرهەمی هاوبەشی هەرێمی كوردستان و وڵاتانی ئەڵمانیا و قەتەرە، له یەكەمین نمایشی جیهانیی خۆیدا به ئامادەبوونی هەندێك له ئەندامانی ستافەكەی، لەوانەش شەوكەت ئەمین كوركی دەرهێنەر، مەمەد ئەكتاش، بەرهەمهێنەر ئاڤان جەمال و ڤانیا سالار، لە ئەكتەرانی سەرەكی لە چوار سانسی جیاوازدا لە بەشی پێشبڕكێی سەرەكیCrystal Globe  ی فێستیڤالەكە لە شاری كاڕلۆڤی ڤاری له وڵاتی كۆماری چیك، چووه سەر پەردەی سینەماكان، لەلایەن بینەرانی ئەم فێستیڤاڵه گرنگە پێشوازییەكی بێ وێنەی لێ كرا و توانی خەڵاتی "فیپێڕشی" FIPRESCI  واته فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕخنەگرانی فیلم بەدەست بێنێت.

ئەندامانی لیژنەی دادوەرانی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕەخنەگرانی فیلم، خەڵاتی "فیپێڕشی"یان پێشكەش به فیلمی كوردی "ئەزموون" كرد كە دوایین بەرهەمی شەوكەت ئەمین كوركی بوو.

له فێستیڤاڵی ئەمساڵی كاڕلۆڤی ڤاری، خەڵاتی "فیپێڕشی" به یادی  Jan Foll  پێشكەش كرا كە  كەسایەتیی بێ وێنەی ڕەخنەگری فیلمە لە كۆماری چیك.

بەرهەمی كومپانیای "میتوس فیلم"ی بەرلین و كومپانیای "مەستی فیلم"ی سلێمانییە


فیلمی سینەمایی "ئەزموون" بەرهەمی كومپانیای "میتوس فیلم"ی بەرلین و كومپانیای "مەستی فیلم"ی سلێمانییە، كه بە پاڵپشتی وەزارەتی روشنبیری و لاوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەرهەم هاتووه، لەلایەن كۆمپانیای نێودەوڵەتی ئەڵمانی، "ئاڕت هوود" ArtHood لە ئاستی وڵاتانی دنیا بڵاو دەبێتەوە.

كۆمەڵێك ئەكتەری بە ئەزموونی هەرێمی كوردستان لەگەڵ چەندان ئەكتەری گەنجی كوردستان، تێیدا ڕۆڵیان بینیوە، لەوانە ئاڤان جەمال، ڤانیا سالار، حوسێن حەسەن، شوان عەتووف، هوشیار زێڕۆ نێروەیی، نیگار عوسمان، كاوە قادر، عادل عەبدولڕەحمان و كۆمەڵیك ئەكتەری تر.

له ڕێوڕەسمی كۆتایی 55مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "كاڕلۆڤی ڤاری"، فیلمی سینەمایی "تا ئەو جێیەی كه بتوانم بەڕێدا ‌بڕۆم" As Far as I Can Walk  له دەرهێنانی "ستێفان ئارسێنەڤیچ لە وڵاتی سێربیستان، توانی سێ خەڵاتی سەرەكی بەدەست بێنێت.



وشە - سلێمان تاشان