ڕۆژنامه‌ی وۆل ستریت جۆرنالی ئه‌مه‌ریكی بابه‌تێكی له‌باره‌ی كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له ئه‌فغانستان و جێهێشتنی وه‌رگێڕ و هاوكارانی سوپای ئه‌مه‌ریكا له‌و وڵاته بڵاو كردووه‌ته‌وه و باس له‌وه ده‌كات، بایدن له 2008 سیناتۆر بوو و سه‌ردانی ئه‌فغانستانی كرد، یه‌كێك له‌و وه‌رگێڕانه‌ی كه ژیانی ڕزگار كرد، ئێسته له ئه‌فغانستان جێی هێشتووه، تا له‌لایه‌ن تاڵیبانه‌وه كۆتایی به ژیانی بهێنرێت.
ڕۆژنامه‌كه نووسیویه‌تی، له ساڵی 2008 بایدن كه سیناتۆر بوو له ئه‌نجوومه‌نی پیران، له‌گه‌ڵ دوو سیناتۆری تر چوونه ئه‌فغانستان، له‌وكاته‌ی به هه‌لیكۆپته‌ر خه‌ریكبوون له ناوچه‌یه‌كه‌وه به‌ره‌و شوێنێكی تر بفڕن، به‌هۆی شه‌پۆلێكی به‌فر و تێكچوونی كه‌شوهه‌وا هه‌لیكپۆته‌ره‌كه له دۆڵێكی دووره ده‌ستی ئه‌فغانستان كه‌وت. هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شاره‌زای ناوچه‌كه نه‌بوون، هیچ بۆچوونێكیان له‌باره‌ی شوێنی كه‌وتنه‌كه نه‌بوو، به‌ڵام وه‌رگێڕێكی ئه‌فغانی كه له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكییه‌كان كاری ده‌كرد كه ناوی "محه‌مه‌د"ه توانی شوێنه‌كه‌یان بدۆزێته‌وه و به هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكای ڕاگه‌یاند، به‌مشێوه‌یه ژیانی بایدن و دوو سیناتۆره‌كه‌ی تر ڕزگار كران.
دوای 13 ساڵ له‌و ڕووداوه، ئه‌و سیناتۆره‌ی كه محه‌مه‌د ڕزگاری كرد، بووه‌ته سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، ئێسته‌یش وه‌رگێڕه‌كه له ته‌نگژه و مه‌ینه‌تیدایه، به‌ڵام بایدن ئه‌و سه‌دانی تری په‌راوێزخستووه و ژیانی له ده‌ست چه‌كداره‌كانی تاڵیبان ڕزگار نه‌كردن.
وه‌رگێڕه‌كه ژیانی بایدنی ڕزگار كرد و ئه‌میش ژیانی خسته ده‌ستی چه‌كدارانی تاڵیبانه‌وه
محه‌مه‌د ئه‌و وه‌رگێڕه‌ی كه ژیانی بایدنی ڕزگار كرد بۆ ڕۆژنامه‌كه ده‌ڵێ، داوا له جۆ بایدنی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ده‌كه‌م، كه ژیانم ڕزگار بكات، ئێسته خۆم و هاوسه‌ر و چوار منداڵه‌كه‌م خۆمان حه‌شارداوه له ترسی چه‌كداره‌كانی تاڵیبان، ئه‌مه‌یش دوای ئه‌وه‌ی كه چه‌كداره‌كان به دوای ئه‌و گه‌ڕاون و ئه‌میش نه‌یتوانیوه ئه‌فغانستان جێ بهێڵێ و ڕزگاری ببێت.
ئه‌و وه‌رگێڕه چیرۆكی ڕزگاركردنی ژیانی بایدن له مه‌رگ ده‌گێڕێته‌وه و ده‌ڵێ له 2008 دوو هه‌لیكۆپته‌ری جۆری بلاك هۆك به‌هۆی شه‌پۆلێكی به‌فری به‌هێز كه‌وتنه خواره‌وه، له یه‌كێك له‌و هه‌لیكۆپته‌رانه هه‌ریه‌ك له جۆ بایدن، جۆن كیری، چاك هیگل ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی پیرانی تێدا بوو. ئه‌و ڕۆژه محه‌مه‌د له‌گه‌ڵ تیمێكی كۆمپانیای بلاك وۆته‌ری ته‌ناهی و گرووپێكی تایبه‌تی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا به‌ره‌و ناوچه‌كه به‌ڕێ كه‌وتن، تا ئه‌وان ڕزگار بكه‌ن.
دوای دابه‌زینیان له فڕۆكه‌خانه‌ی باگرام، محه‌مه‌د ماوه‌ی چه‌ندان سه‌عات ئۆتۆمبێلی هامڤی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكای لێخوڕیووه تا بیانگه‌یه‌نێته شوێنی كه‌وتنه خواره‌وه‌ی هه‌لیكپۆته‌ره‌كان، چونكه ئه‌و شاره‌زای ناوچه‌كه بووه، بۆیه جیا له كاره‌كه‌ی خۆی وه‌ك وه‌رگێڕ بووه‌ته شوفێری تیمه تایبه‌ته‌كه‌یش كه بۆ ڕزگاری ژیانی بایدن و ئه‌وانی تر به‌ره‌و شوێنی كه‌وتنه خواره‌وه‌ی دوو هه‌لیكۆپته‌ره‌كه ده‌ڕۆیشتن.
بریان جینسی كه ئه‌وكات ئه‌فسه‌رێكی پاسه‌وانی نیشتمانی بووه و له‌گه‌ڵ سیناتۆره‌كان له‌و گه‌شته بووه، دووپات له ڕاستی ئه‌و ڕووداوه ده‌كاته‌وه و ده‌ڵێ، محه‌مه‌د بۆ ماوه‌ی چه‌ندان سه‌عات له نێو كه‌شوهه‌وای سه‌ختی ناوچه‌كه كه ناوچه‌یه‌كی ئاڵۆز و شاخاوی بوو، ئۆتۆمۆبێلی لێخوڕیووه.
داوا له بایدن ده‌كات ژیانی ڕزگار بكات، وه‌كچۆن ئه‌و ژیانی بایدنی ڕزگار كرد
به‌و كاره‌ی محه‌مه‌د وه‌ك پاڵه‌وانێك له نێو سوپای ئه‌مه‌ریكا ناسرا، به‌ڵام ئێسته دوای 13 ساڵ سه‌رجه‌م سه‌ربازانی ئه‌مه‌ریكا ئه‌فغانستانیان جێهێشت، ئه‌ویش چاوه‌ڕوانی چاره‌نووسی شوومی خۆی به ده‌ستی چه‌كدارانی تاڵیبان ده‌كات و ئه‌مه‌ریكییه‌كان ژیانی ئه‌ویان ڕزگار نه‌كرد.
ڕۆژی 31ی مانگی ڕابردوو دوا واده‌ی مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بوو له ئه‌فغانستان، بۆیه سه‌رجه‌م سه‌ربازانی ئه‌مه‌ریكا كه له فڕۆكه‌خانه‌ی كابۆل كۆببوونه‌وه، وڵاته‌كه‌یان به‌ره‌و ئه‌مه‌ریكا جێهێشت، ئه‌مه‌یش ناڕه‌زایی زۆری لێ كه‌وتووه‌ته‌وه، چونكه به هه‌زاران وه‌رگێڕ و هاوكاری سوپای ئه‌مه‌ریكا له‌و وڵاته جێهێلراون، كه له‌لایه‌ن ڕێكخراوی تاڵیبان داواكراون و به گرتنیشیان چاوه‌ڕوان ده‌كرێ كه فه‌رمانی مه‌رگیان به‌سه‌ردا بسه‌پێنرێت.