ژنێكی 116 ساڵی لە توركیا كۆرۆنای تێپەڕاند

:: AM:10:11:05/09/2021 ‌
تا ئێستە چەند جارێك كەسانی بەساڵاچوو كە تەمەنیان 100 ساڵی تێپەڕاندبوو، بەسەر كۆرۆنادا زاڵ بوون. بەڵام ژنێكی 116 ساڵی لە توركیا كە بە تەمەندرێژیترین لەوانەی تووشی كۆرۆنا بوون ناو دەبرێت، ئەو نەخۆشییەی تێپەڕاندووە.

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ یەكشەم پێنجی ئەیلوول هەواڵەكەی بڵاو كردووەتەوە و ئاماژە دەدات، عایشە كاراتای ناوی ئەو ژنە بەساڵاچووەیە كە بۆ ماوەی سێ هەفتە بەهۆی تووشبوونی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە بەشی چاودێریی چڕ ماوەتەوە. ئێستە كوڕەكەی رای دەگەیەنێت كە دایكی دۆخی زۆرباش بووە و بەمزووانە نەخۆشخانە بەجێدێڵێت.

پێشتر یەكەمین ژەمی ڤاكسینی دژە كۆرۆنای وەرگرتبوو


ئیبراهیم ناوی كوڕی عایشەیە و بۆ میدیاكانی توركیای راگەیاندووە، پێشتر دایكی كە تەمەنی 116 ساڵە یەكەمین ژەمی ڤاكسینی دژە كۆرۆنای وەرگرتبوو، كەچی زۆر بە توندی تووشی كۆرۆنا بوو، بۆ ماوەی سێ هەفتە لە بەشی چاودێریی چڕ لە نەخۆشخانەی شاری ئیسكیشیر مایەوە و چارەسەری وەردەگرت، ئێستە دۆخی زۆرباش بووە و بەمزووانە نەخۆشخانە جێدێڵێت.

عایشە كاراتای كە دانیشتووی ناوچەی ئیمیرداغی پارێزگای ئەفیوونە، وەك كوڕەكەی دەڵێ، لە هەموو روویەكەوە تەندروستیی دایكی باشە. هاوكات لە دوای ژنێكی فڕەنسی كە ئەویش لە تەمەنی 116 ساڵیدا تووشی كۆرۆنا بوو و ئەمساڵ جەژنی لەدایكبوونی 117 ساڵەیان بۆ ساز كردووە. كوڕەكەی عایشە دەڵێ بەهیوام تەمەنی دایكم درێژتر بێت.

بەپێی ئەوەی پێگە عەرەبییەكە بڵاوی كردووەتەوە، عایشە لە سەردەمی ئیمپراتۆریی عوسمانی لە دایك بووە، ئەوە لەكاتێكدا لەو سەردەمە زۆر كەمن ئەوانەی مێژووی لەدایكبوونیان بە دروستی تۆمار كرابێت، بەڵام كوڕەكەی دەڵێ 116 ساڵی دروست تەمەنی راستینەی دایكمە.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د