كۆڤان حه‌سه‌ن وه‌رزشوانی پارالۆمپی و پاڵه‌وانی ناسراو، رای گه‌یاند به هۆی كاریگه‌رییه‌كانی نه‌خۆشیی كۆرۆنا، نه‌یتوانی به شێوه‌یه‌كی باش خۆی بۆ پارالۆمپیی تۆكیۆ 2020 ئاماده بكات و ئه‌نجامه‌كانیشی وه‌ك پێویست نه‌بوون.
كۆڤان حه‌سه‌ن ئه‌مڕۆ سێشه‌م حه‌وتی ئه‌یلول، دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی له ژاپۆن، له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا باسی له هۆكاره‌كانی خراپیی ئه‌نجامه‌كانی كرد.
كۆڤان حه‌سه‌ن له‌گه‌ڵ تیمی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق به‌شداریی خولی یارییه وه‌رزشییه‌كانی پارالۆمپیی تۆكیۆی كرد، كه له ژاپۆن كرا و چه‌ند رۆژێك پێش ئێسته كۆتایی هات.
پارالۆمپی تۆكیۆ 2020 وه‌ك ئۆڵمپیادی تۆكیۆ 2020، به هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا ساڵی رابردوو نه‌كرا و ئه‌مساڵ به‌ڕێوه‌چوو.
كۆڤان له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی وه‌رزش له هه‌ولێر، به گوڵ پێشوازی كرا و دواتریش بۆ میدیاكان قسه‌ی كرد، كه "وشه سپۆرت" تێیدا ئاماده بوو.
كۆڤان حه‌سه‌ن به یاوه‌ری زاهیر ره‌شید سه‌رۆكی لیژنه‌ی پارالۆمپیی كوردستان كۆنگره‌كه‌ی ئه‌نجام دا و گوتی: "راستییه‌كه‌ی نه‌متوانی به شێوه‌یه‌كی باش خۆم بۆ پارالۆمپیی تۆكیۆ 2020 ئاماده بكه‌م، چونكه زۆر به قورسی تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووم و ئه‌وانه‌ی ئاگه‌دارن ده‌زانن، كه من له مردن نزیك بووم، به‌ڵام سوپاس بۆ خوا، كه ژیانی پێ به‌خشیمه‌وه".
هه‌روه‌ها گوتی: "له مانگی نیسان ده‌ستم به مه‌شقه‌كانم كرده‌وه، به‌ڵام هه‌ناسه‌وه‌رگرتنم باش نه‌بوو، له چه‌ند كه‌مپێكی مه‌شقیی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق له سلێمانی، به‌غدا و توركیا به‌شدارییم كرد، به‌ڵام هێز و توانام وه‌ك پێویست نه‌بوو، كاریگه‌ریی كۆرۆنام به‌سه‌ره‌وه زۆر بوو".
له وه‌ڵامی پرسیاری په‌یامنێری "وشه سپۆرت" كه ئایا ئه‌نجامدانی چه‌ند كه‌مپێكی مه‌شق سوودی نه‌بوو، كۆڤان گوتی "كاته‌كه بۆ من زۆر كه‌م بوو، چونكه له وڵاتانی تر یاریزان ماوه‌ی چوار ساڵ خۆی بۆ ئۆڵمپیاد ئاماده ده‌كات، من كه‌متر له چوار مانگم هه‌بوو به‌م بارودۆخه خراپه‌ی ته‌ندروستیشمه‌وه، بۆیه كه ئه‌نجامه‌كانم باش نه‌بوون، شتێكی ئاساییه".
هه‌روه‌ها ئاشكرای كرد، به‌رپرسانی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق پێیان گوتووه ئه‌نجامیان له ئه‌و ناوێت، به‌ڵكو ته‌نیا به‌شداریكردنه‌كه گرنگ و پێویسته.
ئه‌و متمانه‌ی به خۆی دووپات كرده‌وه و ئاماژه‌ی به‌وه دا، كه بێ هیوا نییه و پاڵه‌وانیه‌تییه‌كانی داهاتوو به‌هێز ده‌گه‌ڕێته‌وه، به تایبه‌تی پاڵه‌وانیه‌تیی جیهان، كه له چین ده‌كرێت.
كۆڤان وه‌رزشوانی یاریی "هه‌ڵدانی رم"ـه و شانازی به‌وه ده‌كات به‌شداریی پارالۆمپیی تۆكیۆی كرده‌وه.
ئه‌و گوتی: "هه‌ر به‌شداریكردن له پارالۆمپیی جیهانی بۆ خۆی ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره‌یه و وه‌ك كوردێكیش بۆ من جێی شانازییه".
ئه‌و وه‌رزشوانه له به‌شداریی ئه‌مجاره‌یدا له پارالۆمپیی تۆكیۆ پله‌ی شه‌شه‌می به‌ده‌ست هێنا، دوای ئه‌وه‌ی رمه‌كه‌ی بۆ 37.15 مه‌تر هه‌ڵدا.
كۆڤان خاوه‌ن مه‌دالیای زێر بوو له پارالۆمپیی ریۆ له 2016، هه‌روه‌ها له پارالۆمپیی له‌نده‌ن 2012 پله‌ی چواره‌می به‌ده‌ست هێنا، جگه له‌وه‌ش له پاڵه‌وانیه‌تییه‌كانی تری جیهانی و ئاسیاییدا به‌شداریی كردووه و ده‌یان مه‌دالیای به‌ده‌ست هێناوه.
كۆڤان حه‌سه‌ن، كه له‌دایكبووی 1988ی ئاكرێیه، وه‌ك سمیبولی وه‌رزشی خاوه‌ن پێداویسته تایبه‌ته‌كانی كوردستان ده‌ناسرێت و ناسراوترین وه‌رزشوانی پارالۆمپییه.