گۆشتی سوور، یەكێكە لە بەچێژترین خۆراك بۆ مرۆڤ و گیاندارە گۆشتخۆرەكان، كە بەشێكی زنجیرەی خۆراكە لەسەر زەویدا، گۆشت یان ماسولكە، بەشێكی سەرەكی لەشی مرۆڤ و گیانەوەر پێك دێنێت، وەك خۆراك تەنیا بۆ چێژەكەی نییە، بەڵكو سەرچاوەی وزە و مادە پڕۆتینییەكان و هیتریشە، هاوكات زۆر خواردنی زیانی گەورەی تەندروستی هەیە.
د. ئیرینا بیرجنایا، شارەزای نەخۆشییەكانی كۆئەندامی هەرس و شارەزای خۆراك دەڵێت، كەسی تەندروست دەتوانێ هەفتانە بڕی 400 بۆ 500 گرام گۆشت بخوات بێ ئەوەی زیانی پێ بگات.
گۆشتی سوور پێویستە بۆ بەرگری لەش و كۆئەندامی دەمار و ماسولكەكان
زیاتر گوتی، گۆشتی سوور بریتییە لە گۆشتی مەڕوماڵات و رەشەوڵاخ، ئەوانە بە مادەی سوودبەخش دەوڵەمەندن، وەك ئاسن و سیلینیۆم و ڤیتامینی گرووپەی (بی) و ترشە چەورە ناتێرەكان، كە پێویستن بۆ بەرگری لەش و كۆئەندامی دەمار و ماسولكەكان.
روونی كردەوە، پارچەیەكی بچووكی گۆشت پێویستی رۆژانەی لەش لە ئاسن دابین دەكات، كە بۆ دەستكەوتنی ئەو بڕە ئاسنە پێویست بە خواردنی سێ كیلۆگرامی رۆژانەی سێو یان كیلۆگرامێك گەنمی رەش دەكات.
ئەو شارەزایە روونی كردەوە ، ئەگەر كەسێك وەرزشوان بێت یان چالاكی زۆری جەستەیی هەبێت و ئیشی قورس بكات، پێویستە بڕێكی زیاتری گۆشتی سوور بخوات، چونكە ماسولكە پێویستی بە بڕێكی گەورەی ترشە ئەمینییەكان هەیە، كەسی تەندروست دەتوانێت هەفتانە بڕی 400 بۆ 500 گرام گۆشتی سوور بخوات.
"هەرچی ئەوانەیە كە كێشی لەشیان زیادە یان رێژەی كۆلیسترۆلی خوێنیان بەرزە یان نەخۆشی دڵ و لوولەكانی خوێنیان هەیە، پێویستە خۆیان لە خواردنی گۆشتی سووری چەور بەدوور بگرن"، د. ئیرینا بیرجنایا وای گوت.