ئەمڕۆ بزووتنەوەی تالیبان، كە لە 15ی مانگی رابردوو كۆنترۆلی كابولی پایەتەختی ئەفغانستانی كرد، حكوومەتی كاتی خۆی راگەیاند، گوتەبێژی بزووتنەوەكەیش ئامادەیی خۆیانی بۆ سازكردنی پێوەندیی دیپلۆماسی لەگەڵ هەموو وڵاتان راگەیاند، جگە لە ئیسرائیل.
زەبیحوڵا موجاهید، گوتەبێژی بزووتنەوەی تالیبان رای گەیاند، رێگە بە گەڕانەوەی ئەفغانستان بۆ ناو جەنگ نادەین، هەوڵ دەدەین هەموو پێكهاتەكانی ئەو وڵاتە لە حكوومەتی ئەفغانستان نوێنەرایەتیان هەبێت، ئاماژەی كرد، حكوومەتەكە كاتییە و هەمووان بانگێشت دەكەین بۆ بەشداریكردن تیایدا، هەندێك لە وەزارتەكانی پێشوو وەك خۆیان ماونەتەوە، ئەو حكوومەتە بۆ راراییكردنی كارەكانە و لە داهاتوو دوای راوێژی سەرانی بزووتنەوەكە، حكوومەتێكی هەمیشەیی پێك دێنین.
لیندسی گراهام: ئەمەریكا جارێكی تر ئەفغانستان داگیر دەكاتەوە
حكوومەتە كاتییەكەی تالیبان پێكهاتووە لە، موحتەرەم حاجی مەلا حەسەن، سەرۆكی حكوومەت، مەلا عەبدولغەنی برادەر، جێگری سەرۆكی حكوومەت، سیراجەدین حەقانی، وەزیری ناوخۆ، مەولەوی محەمەد یەعقووب موجاهید، وەزیری بەرگری بە وەكالەت، عەبدولحەق واسق، سەرۆكی هەواڵگری، مەلا ئەمیرخان موتەقی، وەزیری دەرەوە بە وەكالەت، هیدایەتوڵا بەدری، وەزیری دارایی بە وەكالەت، هەندێك لە وەزارەتەكان بەتاڵن و گفتوگۆ بۆ دانانی كەسانی گونجاو بۆیان هەیە.
گوتەبێژی بزووتنەوەكە ئاماژەی كرد كە دەیانەوێ پێوەندی باشیان لەگەڵ ئەمەریكا و وڵاتانی ناوچەكە و دنیادا هەبێت، جگە لە ئیسرائیل، پێشوازی لە بەشداریكردنی ئەمەریكا لە ئاوەدانكردنەوەی ئەفغانستان كرد.
لای خۆیەوە لیندسی گراهام، سیناتۆری كۆماری رای گەیاند كە ئەمەریكا جارێكی تر ئەفغانستان داگیر دەكاتەوە، وەك ئەوەی عێراق و سووریا، چونكە تالیبان وڵاتەكە دەكاتە حەشارگەیەك بۆ توندڕۆیانی ئیسلامی.
ئەو لە دیدارێكی "بی بی سی"دا گوتی، تالیبان حەشارگەیەك بە قاعیدە دەدات، ئەویش دەیەوێ ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بچێتە دەرەوە و هێرشمان بكاتە سەر، بۆیە وەك لە عێراق و سووریا، جارێكی تر دەگەڕێیتەوە ئەفغانستان، پێویستە ئەوە بكەین.