ڤاكسین سووڕی مانگانە تێك دەدات؟.. توێژینەوە دەكرێت

:: PM:06:44:08/09/2021 ‌

لە سەرەتای ئەمساڵەوە چەند جۆرێك ڤاكسینی دژ بە كۆرۆنا بەردەستە، لەپێناو ئاساییكردنەوەی ژیان لە دنیا بەتایبەتی بەر لە ساڵی نوێی خوێندن، حكوومەتەكانی هەڵمەتی فرەوانی كوتانیان دژ بە ڤایرۆسی كۆرۆنا دەست پێ كردووە، دوای سكاڵای بەشێك لەو ژنانەی ڤاكسینیان پێ دراوە، بەوەی شێوازی سووڕی مانگانەیان گۆڕاوە، ئەمەریكا توێژینەوە دەست پێ دەكات.
هیچ توێژینەوەیەك پێوەندی نێوان ڤاكسین و سووڕی مانگانەی نەسەلماندووە
پەیمانگە نیشتمانییەكانی تەندروستی لە ئەمەریكا "ئێن ئای ئێچ"، بڕی 1.67 ملیۆن دۆلاریان بۆ ئەنجامدانی پێنج توێژینەوە لەبارەی ئەگەری پێوەندیی ڤاكسین و شێوانی سووڕی مانگانەی مێیینە تەرخان كرد، توێژەران لە زانكۆی بۆستن و كۆلێجی پزیشكی لە زانكۆی هارڤارد و زانكۆی جۆنز هۆبكنز و زانكۆی ویلایەتی میشیگان و زانكۆی ئۆریگۆنن و 400 بۆ 500 هەزار سامپل وەردەگرن كە كچانی رواڵ و رەگەزگۆڕاوەكان و نێرەمووكیش دەگرێتەوە، دیانا بیانكی، بەڕێوەبەری پەیمانگەی تەندروستی منداڵ و پەرەپێدانی مرۆیی وای گوت. 

زیاتر گوتی، توێژینەوەكە ساڵێك دەخایەنێ و توێژەران هیوادارن ئەنجامەكەی لە كۆتایی 2022 یان دوای ئەوە دەربچێت، ئەوەیش دوای ئەوە هات كە ژمارەیەكی زۆر لە ژن و كچان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ئاماژەیان بۆ گۆڕانكاری لە سووڕی مانگانەیان كرد لەدوای وەرگرتنی ڤاكسینی دژ بە كۆرۆنا، بەوەی زووتر دێت و زیاتر دێت و بەئازارتر بووە. 

رەنگە گۆڕانی سووڕی مانگانە دوای وەرگرتنی ڤاكسین بۆ وەڵامدانەوەی بەرگری لەش بۆ ڤاكسینەكان و كاریگەریان لەسەر منداڵدان بگەڕێتەوە، جیا لە ماندووبوونی پێوەست بە پەتاكە و گۆڕانی شێوازی ژیان و تووشبوون بە ڤایرۆسەكە، بەڵام تا ئێستە هیچ توێژینەوەیەك بەڵگەی سەلمێنراوی لەسەر بوونی ئەو پێوەندییە پێشكەیش نەكردووە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل