پۆلی ئەلیكترۆنی بۆ منداڵانی كوردی تاراوگە دەكرێتەوە

:: PM:01:13:09/09/2021 ‌
ناوەندی ڕەوەندی كورد لە دەرەوە، بە هاوكاری وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پۆلی ئەلیكترۆنی بۆ منداڵانی دانیشتووی وڵاتانی دنیا دەكاتەوە .

هەورامان عەلی تۆفیق بەرپرسی راگەیاندنی ناوەندی ڕەوەندی كورد لە دەرەوە، بۆ "وشە" گوتی، وەك ناوەندی ڕەوەندی كورد لە دەرەوە و بەھاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، پڕۆژەی فێربوونی زمانی كوردی بەشێوەی فەرمی پەروەردەی ھەرێم لە ئەستۆ دەگرن و بە ئۆنلاین ئەو كۆرسانە دەست پێ دەكەن.
ئەو پڕۆژەیان بە هاوكاری وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان خستووەتە بواری جێبەجێكردنەوە.

ئەو پێداگری كردووە لەوەی بە ئاراستەی ھەنگاوە پەروەردەییەكان بۆ كوردستانیانی دیاسپۆڕا و زیاتر خزمەتكردنی منداڵانی كورد لە دەرەوە، ھێشتنەوەی زمانی كوردی بە زیندوویی و بە پاراوی لای كوردستانیانی تاراوگە، ئەو پڕۆژەیان بە هاوكاری وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان خستووەتە بواری جێبەجێكردنەوە.

هەورامان عەلی روونی كردەوە، پڕۆژەی كردنەوەی پۆلی ئەلیكترۆنی بۆ فێربوونی زمانی كوردی، بە هەردوو زاراوەی سۆرانی و كرمانجی سەروو دەبێت، هاوكات بەشێوەیەكی فەرمی و لە ژێر چاودێری وەزارەتی پەروەردە و مامۆستا و بەرنامەی تایبەت، بەشێوازێكی نوێ ئەو پرۆسەیە بەڕێوە دەچێت .

ئەو داوا لە كوردانی دانیشتووی وڵاتانی دنیا دەكات كە لە رێی لینكێك كە لە خوارەوە خراوەتەڕوو و فۆڕمێك لە خۆ دەگرێت، ناوی منداڵەكانیان و تەمەن و ئەو وڵاتەی لێی نیشتەجێن بنووسن.


هەولێر/خێڵان بەختیار


وشە - سلێمان تاشان