فڕەنسا: تاڵیبان درۆزنە و ددان بە حكوومەتەكەی نانێین

:: AM:10:32:12/09/2021 ‌
وەزیری دەرەوەی فڕەنسا بزووتنەوەی تاڵیبان تۆمەتبار دەكات بە درۆ و دەڵێ، وڵاتەكەی بە هیچ شێوەیەك ئامادە نییە ددان بە حكوومەتەكەی ئەفغانستان بنێت كە تاڵیبان دامەزراندووە. پێی وایە تاڵیبان هەمان رەنگی پێشتری هەیە.

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ یەكشەم 12ی ئەیلوول لەسەر زاری وەزیری دەرەوەی فڕەنسا جان ئیڤ لۆدریان بڵاوی كردووەتەوە، ئەو بەڵێنانەی پێشتر تاڵیبان بە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دابووی، درۆی كردووەتەوە و ئەو بزووتنەوەیە هەمان رەنگی پێشتری هەیە و نەگۆڕاوە.

وەزیری دەرەوەی فڕەنسا كە قسەی بۆ كەناڵی "فڕانس 5" كردووە، بەرلەوەی شەوی رابردوو بگاتە دەوحە و لەوێ گفتوگۆ لەبارەی ئەو فڕەنساییانە بكات كە تا ئێستە لە ئەفغانستنادا ماونەتەوە، گوتی پێشتر تاڵیبان بەڵێنی دابوو كە رێ دەدەن بەو فڕەنسایی و ئەفغانانەی دەیانەوێ لە وڵاتەكە دەربچن، بەڵام تا ئێستە ئەو كێشانەمان هەیە.

زیاتر گوتی، ئەوان بەڵێنی ئەوەیان دابوو كە حكوومەتێكی فراوان دادەمەزرێنن كە هەموو لایەنەكان بەشداریی تێدا بكەن، بەڵام درۆیان كرد و تا ئێستەیش ئازادی لە ئەفغانستاندا نییە. دەیان فڕەنسایی و سەتان ئەفغان كە پێوەندییان بە فڕەنساوە هەیە، ڕێان پێ نەدراوە وڵاتەكە جێبێڵن.

بۆیە دواتر دوپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی بە هیچ شێوەیەك ئامادە نییە ددان بەو حكوومەتە بنێت، ئێمە كردارمان لە تاڵیبان دەوێ نەك قسە.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د